چێنەر عەلی جۆڵا*
لەمڕۆدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانی هەمەجۆر و دۆخێکی نالەباردا گوزەر دەکات، خۆ ئەگەر لە رابردوودا قەیرانێک دروست ببووایە، ئەوا تەنها لە یەک رووەوە دەبوو، بەڵام ئێستا جۆری قەیرانەکان گۆڕاون بۆ قەیرانی فرە رەهەند و هەمەجۆر، جا ئەو قەیرانانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی بن، یان لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵ یاخود گرێدراوی سیاسەتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانیش.
کاریگەریی کێشەکان لەسەر ژیانی هاووڵاتی
گوومانیشی تێدانییە کە ئەم کێشە و گرفتانە شوێنەوار و لێکەوتەی خراپیان لێکەوتۆتەوە و کاریگەریی راستەوخۆیان کردۆتە سەر ژیانی هاووڵاتیان و بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکەیەکی دەستووری لە عیراقی فیدراڵدا.
خۆ ئەگەر بە دوای هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانەشدا بگەڕێین تا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، دەبینین کە هۆکارەکان سیاسین، ئابوورین، کارگێڕین، بەواتایەکی تر گرێدراوی بوونیادی پێکهاتەی قەوارەی هەرێمن لەڕووی دەستوورییەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بە دەستوور رێکنەخراوە، بۆیە نەبوونی دەستوور بۆ رێکخستنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، وەک پارێزەرێک بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، یان وەکو سەرچاوەیەک بۆ دەرکردنی یاساکان، گرنگترین و کاریگەرترین هۆکارە بۆ قەیرانەکانی ئەمڕۆ.
بەرپرس بوون لە قەیرانەکان
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەدەبەن، بەرپرسیارن لە دروستبوونی ئەم قەیرانانە، دیارە هەریەک بەپێی سەنگ و قورسایی و پێگەی خۆی.
بەواتایەکی تر هۆکارەکان خودین و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە و هەتا دان بەم راستییەشدا نەنێین، ناتوانین زاڵ بین بەسەر قەیران و کێشەکاندا و چارەسەری بنەڕەتی و گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.
بەداخەوە لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، هەڵەی ستراتیژی کراوە و نەتوانراوە دەرفەتەکان بقۆزرێنەوە و خوێندنەوەی دروستمان بۆ گۆڕانکاریی و هاوکێشە سیاسییەکان وەک پێویستە نەبووە، چ لەسەر ئاستی عیراق بێت یان ناوچەکە یاخود نێودەوڵەتی، کە دەتوانین بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشی بکەین، لەوانە: قۆناغی راپەڕین تا رووخانی رژێمی پێشووی عیراق لە ساڵی 2003، قۆناغی شەڕی داعش و ریفراندۆم و قۆناغی دوای ریفراندۆم، لەبەرئەوە هەرێمی کوردستان و ئایندەی حوکمڕانی لەمڕۆدا پێویستی بەوەیە کە کەڵک و سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگیرێت و کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا، ئەمەش بێگومان ئیرادە و بیروباوەڕێکی کوردستانیانەی پێویستە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان بکرێتە چەق و بنەماکانی بۆیە دەتوانین چەند پێشنیازێک لەم رووەوە بخەینەڕوو، لەوانە:
کارکردن بۆ دانانی دەستوورێکی تۆکمە
*هەر لەئێستاوە کاربکرێت بۆ دانانی دەستوورێکی تۆکمەی مەدەنی بۆ هەرێمی کوردستان، کە ببێتە جێگەی رەزامەندیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تیایدا پایەکانی حوکمڕانی رەشید و دەوڵەتی قانون و پاراستنی ماف و ئازادییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دابنرێت.
*دروستکردنی دادگایەکی باڵای دەستووری پسپۆڕ لە هەرێمی کوردستان تا لەلایەک ببێتە پارێزەری جێبەجێکردنی دەستوور و لەلایەکی دیکەشەوە چیتر پێویست نەکات پەنا ببرێتە بەر دادگای باڵای ئیتیحادی لە عیراق.
*گۆڕانکاریی زانستی لەڕووی کارگێڕیی، دارایی لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا کە ئامانج لێی رێکخستنەوەی پەیوەندی بێت لە نێوان هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومەت لەلایەک و لە نێوان فەرمانبەران و ئەو دامودەزگایانە لەلایەکی دیکەوە.
*کردنی هەڵبژاردن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن لە پڕۆسەیەکی دیموکرات و ئازاددا، تا بکرێتە بنەمایەک بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بەو دەسەڵاتانە و پەرلەمان رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت لەڕووی یاسادانان و چاودێریکردنەوە.
دانانی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ چاکسازی
*کارکردن بۆ دانانی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ چاکسازی لە یاساکاندا (اصلاح النظام القانوني) و هەڵسەنگاندنی ئەو یاسایانەی کە لەساڵی 1992-ەوە دەرچوون و گۆڕانکاریی پێویست تیایاندا.
*ئەرک و بەرپرسیارێتی حزب و لایەنە سیاسییەکانە کە بۆ پەرلەمان و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و خاوەن ئەزموون دەستنیشان بکەن.
*بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام لەڕووی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان، دەبێت حزب و لایەنە سیاسییەکان لەبری یەکتر شکاندن و کارکردن بۆ سڕینەوەی یەکتری و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، گیانی پێکەوە کارکردن و ململانێی سیاسیی تەندروست بۆ خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی بکەنە نەخشەڕێگای کارکردنیان.
پەیڕەوکردنی سیاسەتی نیشتمانی و کوردستانی
*پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نیشتمانی و کوردستانی لەسەر ئاستی عیراق، کە سەرچاوەی لە دەستووری عیراقەوە گرتبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق و لە هەر قۆناغێکدا کە پێویستی پێی هەبێت داوای یاسایی لە دادگای باڵای ئیتیحادی تۆماربکرێت.
*ماستەر لە یاسای دەستووری
چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێم بە وتاری یەکگرتووی کورد دەبێت