کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەری فیدراڵیانەی پێویستە

10:09 - 2023-09-25
چێنەر عەلی جۆڵا
577 خوێندراوەتەوە

بەهۆی چەند هەڵەیەکی هەرێمی کوردستان و نەخوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی  و عیراقی و نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی تەندروست، دۆخمان گەیشت بەمڕۆ.

کارتی گوشاری دەستی هەرێم پێشتر بەهێز بوو
لە رابردوودا کارتی گوشار و دانوستانەکانی دەستی هەرێمی کوردستان لەوانەی ئەمڕۆ بەهێزتر و کاریگەرتر بوون، جاران کێشەکان فرە رەهەند و ئاراستە و جۆراوجۆر بوون، ئێستا نەک لە کۆ و تەواوی بودجە، بەڵکو تەنها مووچەی فەرمانبەراندا کۆکراوەتەوە. لێرەشدا ئەم دۆخەی ئەمڕۆ پرسیارێک دێنێتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەم پەیوەندییانە یان وردتر بڵێین مامەڵەی بەغدا و هەرێم مامەڵەیەکی فیدراڵییە؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عیراقی ساڵی 2005 و گۆڕانی شێوەی یاسایی دەوڵەتەکە، لە دەوڵەتێکی سادەی مەرکەزی بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەوا پێویستە لە عیراقدا پایە و بنەماکانی دەوڵەتی فیدراڵی تیایدا بەرجەستە بکرێت، کە لەواقیعدا هێشتا ئەو پایانە دانەکوتراون، باشترین بەڵگەش نەبوونی هەرێمی فیدراڵیی دیکەیە لە عیراقدا جگە لە هەرێمی کوردستان و کارنەکردن و نەڕەخساندنی زەمینە بۆ گۆڕانی پارێزگاکانی عیراق لە یەکەی کارگێڕییەوە بۆ یەکەی دەستووری.

گرفتی چارەسەر نەبوونی کێشەکان تا ئەمڕۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چارەسەر ناکرێن لەسەر بنەما فیدراڵییەکان و لە ساڵی 2005-ەوە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە

کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و مانەوەیان بەبێ چارەسەرکردن، دەرهاویشتە و دەرەنجامی دوو بیرکردنەوە و دوو ئاراستەی جیاوازە، یەکەمیان کە هەرێمی کوردستانە دەیەوێت بەپێی دەستووری عیراق مامەڵەیەکی فیدراڵییانەی لەگەڵ بکرێت، ئاراستەی دووەمیش سەرچاوەکەی لە بەغدایە و دەیەوێت ئاراستەی ناوەندێتی و مەرکەزییەت بەهێزبکات و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، ئەمەش ئامانجێکی دوورمەودا و ستراتیژیی هەیە بۆیان، کە نایانەوێت هەرێمی فیدراڵی تر لە عیراقدا دروست ببێت و سەرەنجام ببێتە هۆی دابەشبوونی دەسەڵاتەکان بەسەر هەرێمەکاندا، واتە بۆ درێژەدانە بەو واقیعەی کە دروستبووە، ئەویش مانەوەی دەسەڵاتێکی بەهێز و مسۆگەرکردنێتی لە دەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا.
بۆیە گرفتی چارەسەر نەبوونی کێشەکان تا ئەمڕۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چارەسەر ناکرێن لەسەر بنەما فیدراڵییەکان و لە ساڵی 2005-ەوە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
لەبەرامبەریشدا درێژەدان بە واقیعی ئەمڕۆی عیراق و کارکردن بۆ بەهێزکردنەوەی مەرکەزییەت و خۆلادان لە بنەما و پێویستییەکانی دروستبوونی دەوڵەتێکی فیدراڵی، لە دوور مەودادا ناتوانێت ئارامی سیاسی و ئابووریی و کارگێڕیی بەرجەستە بکات، چونکە لە رابردوودا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە لە عیراق، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە سروشت و پێکهاتەی عیراق بۆ ئەم سیستمە گونجاو نییە.

چارەسەری فیدراڵییانە
لەبەرئەوە کاتی ئەوە هاتووە کە لەعیراقدا چارەسەری فیدراڵییانە بۆ کێشەکان بکرێت و جگە لە دەستووری عیراقی ساڵی 2005 سوود لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی دەوڵەتە فیدراڵییەکانی دیکەی جیهان وەربگیرێت کە بەشی هەرەزۆریان ئەزموونی سەرکەوتوو بوون، بۆ حوکمڕانی تەندروست و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان هەرێمەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەو راستییەش بڵێین کە تا مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەگۆڕرێت، لە مامەڵەی پارێزگا بۆ مامەڵەی یەکەی دەستووری، ناتوانرێت کێشە هەڵواسراوە لە مێژینەکانی نێوانیان بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت و کورتکردنەوەی ئەو کێشانە تەنها لە بودجە و مووچەی فەرمانبەراندا، واتای داخستنی دۆسێ هەڵپەسێردراوەکانی تر نییە، لەوانە خاک و سنوور و مادەی 140 و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بەشداریی هەرێم لە دروستکردنی بڕیاردا لە بەغدا و چەندین دۆسێی دیکە کە هەر لە سات و بۆنەیەکی ویستراو و نەویستراودا بێت دێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکانی هەرێم و بە‌غدا.

کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان یەکێک لە کێشە هەڵپەسێرداروەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

وتارەکانی نوسەر