چێنەر عەلی جۆڵا*
بەڕاستی سەیرە لە دەستووری عیراقی ساڵی 2005 و تەنانەت لە هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا، کەرکوک پێگەیەکی تایبەتی و جیاوازی پێدراوە، کەچی لە هەرێمی کوردستان و لای هێزە سیاسییەکانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە رەچاوی ئەو پێگە گرنگە نەکراوە، بەڵگەش بۆ ئەمە پەرتەوازەیی و فرە لیستیی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانە، واتە خۆی لە نەبوونی بەرەیەکی سیاسیی کوردستانیی فراوان لانی کەم بۆ کەرکوکدا دەبینێتەوە لە رێگەی لیستێکی هاوبەشدا، تەنانەت دۆخەکە بە جۆرێکە کە هەندێک هێزی سیاسی هەیە دڵنیان و دەزانن کە ناتوانن دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی بەدەستبهێنن، کەچی لیستی هەڵبژاردنیان هەیە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە رەنگە دەنگەکانیان بەهۆی سروشتی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە بچێت بۆ لیستی تر.
پەرتەوازەیی کورد لە کەرکوک کەم بکرێتەوە
لەم ساتە مێژووییەشدا کات و ساتی دیاریکردنی هۆکار و بەرپرسیارێتی نییە، هێندەی گرنگە کە ئەوکاتەی ماوە کارێکی وا بکرێت لانیکەم شوێنەواری پەرتەوازەیی کورد لە کەرکوک کەم بکرێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە و بەڵکو پێوسیتیشە کە هەرچی تواناکان هەیە بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی کەرکوک بەشداریی پڕۆسەی دەنگدان بکەن، چونکە تا زۆرترین رێژەی بەشداریی هەبێت، چانسی بردنەوەی کورسی زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەگەرەکانی بردنی دەنگی لیستەکانی تر.
سەنگ و قورسایی کورد لە کەرکوک
کەواتە لەمڕۆدا زیاتر کە هەر کارێکی تر پێویستمان بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێکە تا لەرێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە پێگە و سەنگ و قورسایی بۆ کورد لە کەرکوک مسۆگەر بکرێت، ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا کورد بەشدارێکی کارا بێت لە بەڕێوەبردنی شارەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگاکە و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەو شارە.
لێرەشدا گرنگە ئەم هەنگاوانە بنرێت:
*هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لانیکەم رێکبکەون لەسەر هێڵە گشتییەکانی پێکهێنانی بەرە و هاوپەیمانییەکی تۆکمەی کوردستانی بۆ دوای هەڵبژاردن، تا لەلایەک دڵنیایی بدەن بە دەنگدەران و لالایەکی دیکەشەوە هانی هاووڵاتیانی کورد بدرێت کە زۆرترین بەشداریی بکەن لە پڕۆسەی دەنگداندا.
*ئەو لیستە کوردستانیانەی کە دڵنیان دەنگ ناهێنن بەشی بردنەوەی کورسی، پاشەکشە بکەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە و دەنگدەرانیان ئاڕاستە بکەن بۆئەوەی دەنگ بە لیستە گەورە و مسۆگەرەکان بدەن.
*بەشێکی فراوانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیامی لیستە کوردستانییەکان بەو ئاراستەیە بێت کە ئارامی ببەخشێت بە دەنگدەر و نەخشە رێگایەک ئامادە بکرێت بۆ هەڵبژاردن و هانی هاووڵاتیان بدەن کە بەشداریی چڕ و فراوان بکەن لەم پڕۆسە گرنگەدا، چونکە بەهۆی ئەم فرە لیستییەی ئێستاوە، ئەگەری ئەوە هەیە هاووڵاتیان بە فراوانی بەشداریی پڕۆسەکە نەکەن.
*ئامادەکردنی بەرنامەیەکی سیاسی و خزمەتگوزاریی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی تەواوی شاری کەرکوک و هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازی، تا سەرجەم دانیشتوانی پارێزگاکە سوودمەند بن لێی.
*دڵنیاییدان بە پێکهاتەکانی تری کەرکوک بە ئامانجی کاری پێکەوەیی لە ئایندەدا لەسەر بنەمای سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی رەوانشاد مام جەلال کە ئەمەش پێکەوەژیان لەو شارە بەهێزتر دەکات.
بڕیار لە ئایندەی خۆیان دەدەن
لە کۆتاییشدا گرنگە دەنگدەران و هاووڵاتیانی کورد لە کەرکوک ئەو راستییە بزانن کە بەدەنگەکانیان بڕیار لە ئایندە و چارەنووسی خۆیان دەدەن، بۆیە زۆر گرنگە بەشداریی کارا و فراوان بکەن لەو پڕۆسە دیموکراسییەدا.
*ماستەر لە یاسای دەستووری
گرنگی هەڵبژاردن بۆ چارەنووسی کەرکوک