خەڵەف غەفور
تورکیای هاوچەرخ کە جێگەی دوایەمین دەوڵەتی ئیسلامیی گرتەوە، لە ساڵی 1924 سەرەتاکانی خۆجیاکردنەوەی لە جیهانی ئیسلامی دەستپێکرد، ئەوە خەونی مستەفا کەمال ئەتاتورک بوو لەگەڵ بزووتنەوەی تورکە لاوەکان، کە بە شارستانێتی ئەوروپا و رۆژئاوایی کاریگەربوون و بێ درێغ کاری زۆریان لەسەر کرد.
ساڵی 1928 مادەی (ئیسلام ئایینی دەوڵەتە)یان لە دەستوور لابرد، ساڵی 1937 عەلمانیەتیان خستە شوێنی ئیسلام.
کۆمەڵێک هەنگاوی دیکە نران بە ئاراستەی سڕینەوەی سیما ئیسلامییەکانی کۆمەڵگەی تورکی وەک هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی ئەوقافی ئیسلامی و خوێندنگە ئایینییەکان، دانانی رۆژی یەکشەممە لە بری هەینی بە پشوو، کردنی بەشێک لە مزگەوتەکان بە مۆزەخانە بۆ نموونە ئایاسۆفیا، قەدەغەکردنی پۆشینی حیجاب و چوونە حەج و عومرە، هەڵوەشاندنەوەی جەژن و بۆنە ئایینییەکان، دانانی پیتی لاتینی لە بری عەرەبی، قەدەغەکردنی بانگدان بە زمانی عەرەبی و دەیان شتی دیکەش.
بە هەر پێوەرێک هەڵیبسەنگێنی، راماڵینی سرووتە ئیسلامییەکان بەو شێوەیە، جۆرێکە لە سیاسەتی دڵڕەقانە و هەڵگەڕانەوە لە مێژووی خەڵکی زۆرینەی تورکیا، جێگیرکردنی سیستمی عەلمانییش بەو شێوەیە بووە سەرەتای لێکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بۆیە بارودۆخی تورکیا، ئەگەر سوپایەکی توندئاژۆ نەبووایە، ئەو ئارامییە رووکەشەی لە سەردەمی ئەتاتورکدا بەخۆیەوە نەدەبینی. دەیان راپەڕین کران و کارگەیشتە جینۆسایدکردنی خەڵکانی جیاواز لەو عەلمانییە بێ بەزەییە کە دڵمەندی زۆرینەی کۆمەڵگەی تورکی نەبوو.
لەو کاتەوە تا هاتنی ئەردۆغان، 10 ساڵی فەرمانڕەوایی تورکیای پارتی دیموکراتی جەلال بایار و عەدنان مەندەریسی لێدەربکەی 1950-1960، کۆمەڵگەی تورکی لەژێر جەبەرووتی عەلمانییەتێکدا ژیانیان گوزەراند کە پرسیاری گەورەی خستە سەر نەگونجاویی جێگیرکردنی بەزۆری عەلمانی لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیدا.
ئەو دڵڕەقییەی عەلمانیەتی ئەتاتورک یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی تورکیا بوو کە سێ کودەتای 1960 ،1971، 1980بەخۆیەوە بینی و هێشتاش تورکیا هەر وڵاتێکی نائارامە.
لەبەرئەوەی بەپێی دەستووری تورکیا، دامەزراندنی پارتی ئایینی قەدەغەیە، بۆیە لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا هیچ پارتێکی ئایینی دانەمەزراوە کەوا بە ئاشکرا بانگەشە بۆ ئیسلام بکات، راستە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیست، نەجمەدین ئەربەکان دەبێتە باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، بەڵام دەستوور هەمیشە لە کەمیندابوو بۆی و نەیهێشت خەونەکەی بکاتە کردار.
ئەردۆغان کوڕی سیاسیی ئەربەکانە، بەڵام جیاوازتر لەو، کاروانی سیاسیی خۆی دەستپێکرد، لەگەڵ ئەوەی بڕوای تەواوی بە هێنانەکایەی سیستمێکی ئیسلامی هەیە، بەڵام تا ئەم چرکە ساتە با ئاشکرا بانگەشەی بۆ ناکات، بەڵکو لە رێگەی تاکتیکی سیاسی و دەوڵەتدارییەوە، دەیەوێت ئیسلام بخاتەوە ناو کایە جیاوازەکانی فەرمانڕەوایی و هەنگاویشی بۆ ناوە.
ئەردۆغان پلەی سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری ئایینیی بۆ جێگری سەرۆک بەرزکردەوە، ئایاسۆفیای کردەوە بە مزگەوت، سەربازانی تورکیای لە سوریا ناونا موجاهید، سزای بۆ ئەو کەس و لایەنانە دانا کە سووکایەتی بە ئیسلام دەکەن، لەکاتی سووتاندنی قورئان لە سوید وتی ئیسلام ئایینی ئێمەیە.
ئەردۆغان، تورکیا لە عەلمانیەتی ئەتاتورک رووتدەکاتەوە، دەرفەتی سەرکەوتنیشی زیاترە.