یەكێتی لە ئاستانەی سەردەمێكی نوێدا

10:20 - 2023-09-13
میقداد شێخ بەهادین
267 خوێندراوەتەوە

چاكسازی و گۆڕانکاری و وەرچەرخانی سیاسی و حوكمڕانی بنەمای گرنگن بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون،  ئەمانەش  پێویستی بە کارەکتەری بەهێز و بوێر و خاوەن ئیرادە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکردایەتی رەوتی گۆڕانکارییەکان و پێشڕەوایەتی بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانە بکات، کە دەبنە ئامرازی درووستبوونی وێستگەیەکی نوێ بۆ هێنانەکـایەی سەردەمێکی جیاوازتر، لەواقعیشدا داینەمۆ و بزوێنەری زۆرینەی وەرچەرخانە گەورەو مێژووییەكان سەركردەو رابەرە كاریزمییەكان بوون، لەم بارەیەوە جۆزێف فۆكمان لە كتێبی (سەركردە)دا دەڵێت: پێویستە سەركردە رۆڵی هەبێت لەهێنانەكایەی گۆڕانكاریەكاندا.
بێگومان لەگشت سەردەمێکدا هەموو وڵات و رێكخراو و حزبێك بۆ ئەوەی لە پەراوێزی هەلومەرجەکاندا بەجێ نەمێنێ پێویستی بە بەخۆداچوونەوەو دووبارە خۆنوێكردنەوەو خۆگونجاندن هەیە، لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی سەرهەڵئەدەن، وەرچەرخانیش ستراتیژو ئیرادەو بڕیار و هێزی جێبەجێكردنی دەوێت، ئەمەیش بەزۆری دەكەوێتە ئەستۆی سەركردە و پێشەواكانی میللەت، کە بەپێی لێکدانەوەی لۆژیکی و بەرژەوەندییە ستراتیژیەکان مومارەسەی پرۆسەکە بکەن.
سەركردایەتیكردن پرۆسەیەکی ستراتیژیی گشتگیری هەمەلایەنەیە و بەهرەو تواناو هەوڵدانی دەوێت، چونکە رێبەرایەتی تەنها پێگەو ناونیشان نییە بەڵکو دیدگاسازییە، ئامانجبینی و داهێنان و دووربینیە، هونەری بەڕێوبەردن و ئیدارەدانە، ئەمانەش سیفات گەلێکن تەنها لەو سەرکردانەدا دەبینرێت کە خاوەن روئیایەکی نیشتیمانین و کار بۆ ئامانجە باڵاکانی گەل دەکەن.
لێردا گرنگە بۆ تێگەیشتن لە توانا و رۆڵ و شێوازی سەرکردایەتیکردن، هەڵوەستەیەکی زانستیانەو واقعیانە لەسەر رۆڵی (سەرۆک بافڵ) بکەین، لە ئیدارەدانی حزبێکی رەسەنی خاوەن سەنگ و مێژوویی وەک یەکێتی و هەڵاوێرکاریەکی قۆناغەکانی ژیانی سیاسی حزبی بکەین لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.
ئاشكرایە دروستبوونی یەکێتی لەجەوهەردا وەرچەرخانێکی گەورە بوو لەمێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردی و داهێنانێکی تازەی حزبڕانیش بوو لەدووتوێی فۆرمێکی جیاواز و میتۆدێکی هاوچەرخی تەواو سەردەمیانەدا، کە توانی کەڵچەرێکی  نوێ و جیاوازتر  لەپێشووی خۆی بهێنێتە نێو مەیدانی ژیانی کاری سیاسیەوە، ئەوەش وایکرد یەکێتی لەحزبەکانیتر جیابکاتەوەو روخسارێکی تازەی پێ ببەخشێت، ئەو تەوژمە فیکری و فەلسەفەیی و تێزە نیشتیمانییە بوو، کە وەکو ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بنچینەڕێژی حزبەکەی لەسەرکرابوو، دیارە ئەوەش مۆدێلێکی تازەی کاری سیاسی و وێستگەیەکی نوێ بوو لەتەواوی مێژووی نەتەوەیی کورددا، بەڵام ئەوەی هێزی دابوو بەو شێوازە وەرچەرخێنەر و نۆرمە نوێیەی حزبایەتی لە یەکێتیدا دیدی"مام" بوو، وەکو رێبەرێکی بلیمەت و خاوەن پلان و بیرکردنەویەکی قوڵی سیاسی، کـە دەکرێت بڵێن سەرۆک تاڵەبانی سەرکردایەتی زەمەنێکی راگوزەری کرد و توانی رەوتی هاوچەرخی پارتایەتی سیاسی دابهێنێت و حزب لە قۆناغێکی داخراوی باوگەراییدا بباتە قۆناغێکی کراوەی نوێباوەوە.
یەکێتی وەک حزبێکی نوێگەر و رچەشکێن
گرنگە ئەو هەقیقەتەیش بزانرێت ئەوەی یەکێتی کردبووە حزبێکی نوێگەر و جیاواز و رچەشکێن تەنها تێۆر و ئایدیای کراوەو بیری نوێ نەبوو، بەڵکو هزر و و کارێزمایی و جوڵەکانی تاڵەبانی باوک بوو، کە وایکردبوو یەکێتی وەکو حزبێکی جیاوازو سەردەم لەنێو گۆڕەپانی سیاسی و مەدەنیدا دەربکەوێ و ئەو تەوقە کلاسیکییە باوە بشکێنێ، کە وەکو نەریتێکی بەرجەستەکراو فەزای سیاسی لەقاودابوو، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ئەوەیە لەکاتی نەخۆشکەوتنی مام و دوورکەوتنەوەی لەشانۆی سیاسی، یەکێتی سەرباری ئەوەی خاوەنی پاشخانێکی گەورەی فکری و کلتوورێکی دەوڵەمەندی بیرکردنەوەو ئەزمونێکی بەرفراوانی حزبایەتی بوو،  بەڵام پاشەکشێی کردو نەیتوانی بەتەواوی لەگەڵ قۆناغی دوای مامدا خۆی بگونجێنێت و جڵەوی کۆی کایەسیاسیەکانی بکات، بۆیە روبەڕووی دۆخێکی نەخوزراو و پڕ ئاستەنگی رێکخراوەیی بوویەوە.
ئەوەی مەبەستە و پێویستە بەویژدانەوە قسەی لەسەربكەین، ئەو یەكێتیەیە، كە لەسەردەستی (سەرۆك بافڵ) لەفەترەیەكی زەمەنی كورتدا بونیادنراوەتەوە و رۆژبەڕۆژ بەئارستەی بەرەوپێشچوون و رێکخستنەوەی زیاتر هەنگاودەنێت، ئەو بەرئەنجامانەش ئاسۆی رۆژگارێكی گەشی رێكخراوەیمان نیشان دەدات، کە جیاواز و سەردەمیانە و تەواو نیشتیمانییە و تەنها ئامانجی خزمەتكردنی خاك و خەڵكی كوردستانە.
گۆڕانكاری و چاكسازییەكان
گۆڕانكاری و چاكسازییەكان زۆرن، بەڵام دەكرێت لێرەدا چەند خاڵێكی گرنگ و جەوهەری باس بكەین، كە لە سەردەمی سەرۆك بافڵدا ئەنجام دراون:
1-بەدامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكانی حزب و ریفۆرم و گۆڕانكاری ریشەیی لە زۆربەی جومگە حزبیەكاندا و هێنانەپێشەوەی كەسانی دڵسۆز و شارەزا و لێهاتوو.
2- رێكخستنەوەو كۆكردنەوەی سەرجەم هێزە ئەمنی و عەسكەرییەكانی یەكێتی لەژێر چەتری یەك بڕیار و یەك ئامانجدا و نەهێشتنی هێزی تایبەت و شەخسی.
3- دارایی حزب بەباشترین شێوە رێكخراوەتەوەو خەرجی و زیادەڕۆیی و تەخشان و پەخشان  بنەبڕ کراوە و دیاردەی بەهەدەردان و ئیختیلاسی دارایی نەهێڵراوە.
4- لە حزب و حكومەتیش دەستی ئەوانەی كورتكردەوە، كە رۆژگارێك لەپێناو بەرژەوەندی کەسی خۆیان پلەو پۆستەكانیان قۆرخ كردبوو و لە یەكێتی یاخیبووبوون و لەبەرزترین پلە و پۆست تا نزمترین ئاست تەداخولیان لەبڕیاری سەرووی خۆیان دەكردو ڕێگربوون لە دانانی كەسانی شارەزا و دڵسۆز و لێهاتوو.
5- دەكرێت بەشانازیەوە باسی ئەوەبكەین سەرۆك بافڵ بەهەمان رێچكەی (مام)دا رۆیشتووە، كە زۆرجار لەبری حكومەت پرۆژەی گرنگ و بەسودیان بۆ خزمەتی خەڵك کردوە وەكو (نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشخانەی شۆڕش و هتد...) كە تائێستاش هاووڵاتیان سودی لێوەردەگرن.
6- بڕیاردان لە بەستنی كۆنگرە لە پێش كات و وادەی خۆیدا،  پێشهات و رووداوێكی كەم وێنەو دەگمەنە لە مێژووی یەكێتی و تەواوی حزبەكانی كوردستاندا .
رێچکە و شاڕێی راستەقینە
ئەمانەو چەندین دەستكەوت  خزمەتی تر، كە دەبنە بەشێكی جوان لەمێژووی پڕ لەسەروەری یەكێتی، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم سەرۆكە لێهاتوو و پڕ لەوزەو دڵسۆزەی یەكێتی بەنەریتێکی تەواو جیاواز و بوێرییەکی زۆرەوە شانی داوەتە ژێرباری مێژووی نزیک لەنیوسەدە خەباتی یەکێتی و ئەمانەتە گەورەکەی لە ئەستۆگرتووە و توانیویەتی تەواوی تەنگژەو قەیران و گرفتەکان تێک بشکێنێ و یەکێتی بخاتە سەر رێچکەو ڕێڕەوی پێشکەوتن و شاڕێی راستەقینەی کاری رێکخراوەیی خۆی.
لە كۆتایشدا دەڵێین ئیتر یەکێتی قۆناغی پێداچوونەوەو چارەسەری و رێکخستنەوەکانی تێپەڕاندووە و لە قۆناغی کۆکردنەوەی خەرمانی دەستکەوتەکاندایە، کۆنگرەی پێنجەمیش کۆنگرەی خستنەگەڕی یەکێتییە دوای چاکسازییەکان و  دەستپێکردنی وێستگەیەکی نوێی ژیانی حیزبایەتی، کۆنگرەی وەرچەرخانە لە نەخشەی سیاسی یەکێتی و ئیعلانکردنی سەرکەوتنی حزبەکەی مامە بەسەر نەیاران و ناحەزاندا و  لەسەر دەستی سەرۆک بافڵ.

کۆنگرەی پێنجەم جێی هیوای جەماوەری یەکێتییە

وتارەکانی نوسەر