کارەساتی هەڵەبجە، یاد یان ستراتیژ؟

09:55 - 2024-03-18
میقداد شێخ بەهادین
112 خوێندراوەتەوە

میقداد شێخ بەهادین


میللەتی کورد تەنها نەتەوە نییە لەمێژوودا دووچاری پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی و چەوسانەوە بوبێت و هەوڵی سڕینەوەی درابێت، بەڵکو گەلانی تریش زۆرن لەپێناو نان و ئازادی و سەربەستیدا روبەڕووی جینۆساید و هەوڵی قەڵاچۆکردن بوونەتەوە و باجی گەورەو قوربانیان داوە، بەڵام ئەوەی ئێمە جیادەکاتەوە لەوانی تر ئەوەیە، تائێستا نەتوانراوە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کورد کراون، بکرێن بە خاڵی وەرچەرخان بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان و نەتوانراوە لێکەوتەکانی جینۆساید کاڵ بکرێتەوە و برینە جەستەیی و دەروونییەکانی کەسوکار و بەرکەوتوانی  ساڕێژ بکات. ئێستاش کە له سەروبەندی تاڵترین یادەوەریی مێژوویی میللەتەکەمانداین، جارێکیتر ویژدانی نەتەوایەتیمان دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی قورس کە «36» ساڵە بە کڵۆمدراوی ماوەتەوە، ئەوەش کارەساتی هەڵەبجەیە.

تراژیدیترین رووداوی سەردەم
کارەساتی هەڵەبجە وەکو تراژیدیترین رووداوی  سەردەم، تەنها  تاوانێکی کۆمەڵکوژیی نییە، کە وەکو یادێک بۆ کردەیەکی سەردەمی خۆی سەیر بکرێت، ئەم تاوانە رەگێکی قووڵی دوور و درێژتــری لەنێو بیری شۆڤــێنی و ئەقڵییەتی دەمارگیریی دوژمنانی کورددا هەیـە و بەپێی قۆناغ و هەلومەرجەکان ئەو بیرە بەردەوام تەشەنە و گەشەی کردووە، ناکرێت کارەساتی هەڵەبجە بە دەرئەنجامی هۆکارێکی زاتی یاخود بە پەرچەکردار و هەڵچوونێکی سیاسیی رژێــمی هەژموونخواز دژی گەلێک یان کۆمەڵگەیەک، لــە زەمەنێکی دیاریکراودا وێــنا بکرێت، چونکە ئەگەر و  مەبەست و کرۆکی هەقـیقەت و هۆکارە پاڵـنەرەکانی پشت ئەو کارەساتە، فرەڕەهەند و زۆرن.
نووسین و توێژینەوە کەسییەکان بە شێوەیەکی ناڕێکخراو و لە بۆشایی و غیابی دەزگا نیشتمانییەکاندا، وایکردووە ئەم کارەساتە رێڕەوی خۆی ونبکات و تەنها لە یادکردنەوە و لە رۆژێکدا گۆشەگیر بکرێت و لایەنەکـانی تری رووداوەکە لەبیر بکرێت، چونکە کــۆمەڵکوژی و جینۆساید، کردەیەکی زۆر ئاڵـۆز و گەورەیە، هـێندە سادە و رواڵـەتی نییە بە توێـژینەوەی کەسی و شیکاری و نووسین و تێزی ئەم و ئەو کاری لەسەر بکرێت، ئەوە کاری دەزگا و دامەزراوەی نیشتمانی و دەوڵەتە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت توانا کەسییەکان وەکو ئامرازێک بۆ هەنگاوەکانی دەوڵەت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام پێوەرەکانی بنکۆڵکاری و چەسپاندنی بنەماکانی هەر کردەیەک بە جینۆساید، بێگومان کاری دەوڵەت و دامەزراوەکانێتی.

رێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی هەڵەبجە
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری بنچینەیی لە رێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی هەڵەبجەدا بکرێت، چونکە ئەو هەنگاوانەی پێشووتر نراون، هێزی پێویستی بەدەستخستن و گەڵاڵەبوونی ئامانجە گشتییەکانی تێدا بەرجەستە نەبووە، تەنانەت نەیتوانیووە دۆخی هەڵەبجەش لە تەنگژە و قەیرانی گەشە و وەرچەرخان قوتار بکات، ئەوەش دەخوازێ هەنگاوەکان شێواز و ئاراستەی تر وەربگرێت، بۆ دەستنیشانکردنی بژاردەی دروستیش، پێویستە کەناڵەکانی پەیوەست بەم کارە لەسەر ئاستی دامەزراوەی رەسمی و لە رێگەی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و ئاشنا بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەم پرسە، ستراتیژ و بنەماکان سەرلەنـوێ دابـڕێژنەوە.

کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد

پێویستە ئەو راستییەش بزانین هەمیشە کات و زەمینە گونجاو نییە لەئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ناساندنی جینۆساید، بـۆیە گرنگە لە داڕشتنەوەی نەخشەڕێگەیەکی زانستی و دروست بۆ کارکردن لەسەر کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد، کات بەفـیـڕۆ نەدرێت، چونکە ژینگەی سیاسی و دۆخی حکومڕانیی دەوڵەت لە عیراقدا، بەردەوام ناسەقامگیر و ناجێگیرە و هەڵکەوتەی کوردستانیش لەنێو جوگرافیایەکی خنکێنەری سیاسیدایە، گەرەنتی نییە جاری تر و بەشێوازی تر نەکرێینەوە بە خۆراکی رێکەوتنی نهێنی و پلان و پیلانی ناحەزان، بۆ ئەوەش کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نیـیە، بۆیە پێویستە دەستوبرد بکەین لە هەنگاوەکان بۆئەوەی دۆسێی جینۆسایدی گەلەکەمان بکەینە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، بۆ رزگارکردنی داهاتووی کوردستان لەو مەترسی و کارەساتانەی کە لە رابردوو بەسەریدا هێنراوە، ئەوەش بە نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر و نیشتمانی و بەگەڕخستنەوەی هەوڵەکان بۆ راستکردنەوەی پڕۆسەی حکومڕانی و بنیاتنانی سیستمێکی بەهێز و تۆکمەی ئیدارەدان، لەپێناوی گێڕانەوەی متمانە و چارەسەرکردنی ریشەیی قەیرانی ئینتیما لای هاونیشتمانیان، پێویستە  حیکمەتی سیاسی و هـزری نیشتمانی و هۆشیاریی سیاسیمان توندوتـۆڵ بکەینەوە و ئەو دەرفەتانەی کە ماون لە پێشمان، سوودی لێ وەربگرین، بۆ پاراستنی میللەت و خاک و میژوو و کەلتور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان و خۆسازدانەوە بۆ هەر مەترسییەک، کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بێتـەپێشەوە.

 

ئایا بەم پەرتەوازەیی و پاشەکشە حکومڕانییەی کردوومانە، ئەتوانین پێداگربین و ئامانجەکانمان لەچنگی کارەساتەکان دەربهێنین؟

 

بژاردەکان چین؟
لە کۆتایشدا دەکرێت بپرسین بۆ ئێستا و  داهاتوو بژاردە دروستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا چین؟
تیۆری ستراتیژی چییە بۆ کارکردن لەسەر کەیسەکانی جینۆسایدی کورد؟ ئایا دەتوانین لەدوای ئەو هەموو ساڵە بە میتۆدێکی نوێ هۆكار و بەربەستەكانی بەردەم چەقبەستوویی هەنگاوەکانی بە ئامانجگەیاندنی کەیسی جینۆساید تێکبشکێنین؟
ئایا بەم پەرتەوازەیی و پاشەکشە حکومڕانییەی کردوومانە، دەتوانین پێداگربین و ئامانجەکانمان لە چنگی کارەساتەکان دەربهێنین؟

وتارەکانی نوسەر