نوێگەری لە كاردا، كۆدەنگی لە بڕیاردا، دروشمی سەرەكی و رەسمیی پێنجەمین كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و لەبەر گرنگی و پڕمانایی، دەكرێ بۆ هەر وشە و بڕگەیەكی دروشمەكە بە جیا هەڵوەستەیان لەسەر بكەین، بەتێكڕاییش پێكەوە وەك كورتە رستەیەك كە ئاماژە و مەغزای سیاسییان هەیە و ئاماژەن بۆ دەستەبەری كاری پێكەوەیی و نوێبوونەوە لە بەڕێوەچوونی كارەكانی داهاتوودا، شیكاری وردی بۆ بكەین.
ئەگەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر لە بنەڕەتدا كوانووی داهێنان و نوێگەری بووە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، خوێندنگەی فێربوونی كوردایەتی بووە و پرسەكانی (داهێنان و نوێگەری و ئەپدەیتكردنەوە) ی لە چوارچێوەی ئەو پانتاییە فراوانەی دیموكراسیمو كرانەوەیەیدا كە بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا وەك هێڵی گشتی و دروشمی سەرەكی رەنگی داوەتەوە، بەهۆی ئەو سێ پایە پتەوەی گەشەسەندن و برەودانی هەمیشەییەی كە بە هۆیانەوە سەرەڕای هاتنەپێشی چەندین رووداوی سیاسی نەخوازراو، بە تێپەڕبوونی چەندین قۆناغ كە جێی داخە سەرجەمیان هەوڵ بوون بۆ لاوازكردنی یەكێتی، بەڵام هێشتا لەگەڵ زۆربەی زۆری لایەنەكانی دیكەی سەر گۆڕەپانی سیاسی، جیادەكرێتەوە.
یەکێتی بەپێی گونجاندن لەگەڵ سەرجەم بارو دۆخەكاندا نوێگەری كردووە و وەك ماڵی گەورەی سەرجەم بیروڕا جیاوازەكان بە چەپكە گوڵەكەدا دەناسرێتەوە.
بۆ ئایندەش تا لەسەر رێبازەكەی مامی گەورەمان مام جەلال، بێ لادان گوزەر بكەین، فەلسەفەی سیاسی نوێگەری بە ئاڕاستەی نوێبوونەوە بێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە دەكەینە نەخشە رێگای گەیشتن رووە و كەناری سەركەوتن و پێكەوە بە پراكتیك كاری لەسەر دەكەین .