کورد لە سەرەتای دوو سەدەی جیاواز و هاوچارەنووسدا

10:29 - 2023-09-19
بڵێسە جەبار فەرمان
276 خوێندراوەتەوە

بڵێسە جەبار فەرمان

دەستپێکی سەدەی 21 دەستپێکێکی پڕ لە بەرزی و نشێوی بوو بۆ کورد، لەم دەستپێکەدا کورد توانی دۆست و بەرژەوەندی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لەو رێگایەشەوە پرسی ئازادی و مافەکانی بگەێنێتە بەرگوێی هەموو تاکێکی گۆی زەوی و جیهان. دەستپێکی سەدەی 21 بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان جیاوازتر بوو. دوای ئەوەی لە سەدەی 20 دا چەندین شۆڕشی کورد سەرکوتکران، چەندین کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد کرا، تەنانەت بە مەبەستی بە تەواوی لەناوبردنی کورد جێنۆساید دەرهەق و دژی کوردستانیان کرا. هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دژ بە کورد بەکار هێنرا، جیهان لەسەر هەموو ئەم تاوانانە بێدەنگ بوو. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا نەک تەنیا دژی ئەو تاوانانە نەبوون، بەڵکو فرۆشیاری چەک و تەکنۆلۆجیای جەنگ بوون بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان. ئەمانە هەموو لە سەدەی 21 دا گۆڕانکاریان بەسەردا هات.
لەم سەدەیەدا بە هۆی تەکنۆلۆجیا و سۆشیال میدیا لە لایەک و بەهۆی جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی وزەوە لە لایەکی ترەوە، گۆڕانکاری خێرا و بێوێنە بەسەر پرسی کورددا هات، تا ئەم ساتەوەختەش کورد یاریکەرێکی باشی گۆڕپانی سیاسەتی جیهانی بووە، بەڵام وا پێدەچێت کێرڤی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی کورد روو لە داکشان بن. لەم بابەتەدا خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ سێ پارچەی کوردستان دەکرێت و بێ وردەکاریی زۆر، تیشک دەخرێتە سەر گۆڕانکارییەکان.

یەکەم: باکووری کوردستان

لەم بەشەی کوردستان ئاخافتن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو، حکومەتی تورکیا دانی بە بوونی کورددا نەدەنا. کوردەکان بە (Türkçe Sözlük) ناو دەهێنران و پێناسەکەی بریتی بوو لە ناوی پێکهاتەیەکی بە رەچەڵەک تورک، کە زمانی خۆیان لەدەست داوە، فۆڕمێکی تێکچووی فارسی دەزانن و لە تورکیا و عیراق و ئێران دەژین، بە پێی دەستوور وانەی کوردی بە زمانی زگماکی خۆی لە قوتابخانەکانی دەوڵەت قەدەغە بوو. لە مادەی 42 بڕگەی نۆدا هاتووە: «ناتوانرێت هاووڵاتیانی تورکیا هیچ زمانێکی تر جگە لە زمانی تورکی وەک زمانی دایکی خۆیان لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بخوێنن». 
هەروەها میدیاو راگەیاندن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو، لە مادەی دووەمی یاسای ژمارە 2932دا هاتووە: «پێشکەشکردن و پەخش و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکان بە زمانێکی تر جگە لە زمانی رەسمی دەوڵەتی تورکیا قەدەغەیە». زمانی تورکی بە شێوەیەکی یاسایی وەک زمانی زگماکی هەموو هاووڵاتیانی تورک دادەنرێت.

قسەکردن بە کوردی سزای لەسەربوو
بە پێی مادەی چوارەم، مەودای سزای سەرپێچیکردنی ئەم یاسایە شەش مانگ تا دوو ساڵ زیندانکردن بووە. هەر کەسێک بە زمانی کوردی قسەی کردبێت، گۆرانی وتبێت یان هونەرو بابەتێکی بڵاوکردبێتەوە، بە پێی ئەم یاسایە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرا. ناونانی منداڵان بە کوردی قەدەغەبوو، هەموان دەبوو ناو و نازناوی تورکیان هەبێت.
لە دەستپێکی سەدەی 21دا کوردبوون دانی پێدانرا و نووسینی کوردی کە بەهەموو شێوەیەک تا ساڵی 2013 قەدەغەبوو، بە یاسایەک ئەم قەدەغەکردنە هەڵگیرا و نووسینی کوردی بە لاتینی رێگەی پێدرا. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبە کوردییەکان بە زمانی کوردی رێگەی پێدرا. ناوی ئەو شوێنانەی پێشتر بە تورکی کرابوون بەشێکیان گۆڕان و کرانەوە بە کوردی. ئێستا بەکارهێنانی زمانی کوردی و وانەی کوردی لە قوتابخانە ئەهلییەکان و کەناڵە رادیۆ و تەلەفزیۆنییە کوردییەکان و زانکۆکان تا رادەیەک رێگەپێدراوە. لە 18ی ئابی 2004دا، پەخشی تەلەفزیۆن و رادیۆ (RTÜK) مۆڵەتی پێدرا بە زمانی کوردی (بە شێوەزاری کرمانجی ژوروو) بەرنامە پەخش بکات.

پارتی کوردی دروستکرا
حزبە کوردییەکان ژمارەیان لە زیادبووندایە. نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی تورکیا بە جلوبەرگی کوردییەوە دەبینرێن و بە زمانی کوردی دەئاخفن. گۆڕانکاری لە یاسای تورکی بەرەو پێشچوونێکی چۆنایەتی لە سیاسەتی تورکیادا بەخۆیەوە بینی. سەرەڕای مانەوەی ئاستەنگ و بەربەستیش کە هێشتا هەر بەردەوامە. لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردندا پرسی کورد دەبووە رۆژەڤی نێوان پارتە رکابەرە تورکەکان خۆشیان، بە تایبەتی ئاکپارتی و جەهەپە، هەروەها بە دانانی کاندیدی کورد لەناو لیستی پەرلەماندا دەیانەوێ دەنگی کورد لە شارە کوردییەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەمەش هەر بەشێکە لەو گۆڕانکاریانەی لەم سەدەیەدا هاتۆتە ئاراوە. ئەم گۆڕانکارییە ریشەییانە لە سیاسەت و یاساکانی تورکیادا بۆ زۆرێک مایەی دڵخۆشی بوون. رێگەدان بە زمان و کەلتوری کوردی و گێڕانی جەژنی نەورۆز و بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداربوون لە پەرلەمانی تورکیا وەکو کوردێک ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی و زۆر بوو. بەڵام ئەم هەنگاوە دڵخۆشکەرانە زۆری نەخایاند و لەبری بەرەو پێشچوونی زیاتر بە هۆی هەندێک هەڵەی سیاسییەوە دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمەنتارەکان و دەستگیر کردنیان و دروستکردنی تۆمەت بۆ زۆرێک لە سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان. هەر لەپای ئەو هەڵە سیاسییانە دەنگدەرە کوردەکان متمانەیان بە پارتە کوردەکان کەم بۆوە و ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی کورسی پەرلەمانی ئەو پارتانە. دوای ئەو هەڵکشانە زۆرەی پرسی کورد ئێستا داشکان بە خۆیەوە دەبینێ.

دووەم: باشووری کوردستان
لە باشووری کوردستان دەستپێکی سەدەی 21 بە رووخانی رژێمی بەعس دەستی پێکرد و دامەزراندنی عیراقێکی نوێ بە سەرۆک کۆمارێکی پێشمەرگە. لەم عیراقە نوێیەدا کورد دامەزرێنەری حکومەت بوو. هەرێمی کوردستان توانی نەک فیدراڵ، بەڵکو کۆنفیدراڵێکی واقعی هەبێت لە چوارچێوەی عیراقدا و هاوپەیمانی باش بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەولێر بوو بە ناوەندێکی سیاسی گرنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم خۆرەی هەرێمی کوردستان بەداخەوە روو لە ئاوابوونە بەهۆی سیاسەتی هەڵەو لەخۆباییبوونی سیاسییەکان و بێمنەت بوونیان، هاوپەیمانەکان پشتیان لە هەرێم و روویان لە بەغدا کرد. هەرێمی کوردستان لایەنێکی بەشداری مەیدانی بوو، لە بەرەی دژی تیرۆری جیهانی و شەڕی داعشدا، لەو شەڕەدا زیاتر لە 10 هەزار قوربانی لە شەهیدو بریندار درا، توانرا بە هێزی پێشمەرگە عیراق لە داگیرکردن لەلایەن داعشەوە بپارێزرێت. 

بە بیانووی ریفراندۆمەوە لە دەستمان دا
بەڵام دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش هەموو ئەو خاکەی بە خوێنی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان ئازاد کران بە بیانووی ریفراندۆمەوە لە کورد سەنرایەوە. هاوپەیمانان و وڵاتانی ئیقلیمی بەشداربوون لەو پاشەکشە پێکردنەی کوردو کەرکوک بە تابەتی لە بن دەستی کورد دەرهێنرا. بەغدای ئێستا هەمان بەغدای سەردەمی پەلاماری داعش و پێشتر نییە، بەغدا خۆی رێکخستووە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لەهەمان کاتدا وڵاتانی ئیقلیم. بەڵام توشی هەمان غروری سیاسییەکانی هەرێم بووە. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقدا، کورد بە بێ رەزامەندی خۆی لکێنرا بە دەوڵەتە نوێکەوە، ویلایەتی موسڵ خرایە سەر عیراق، ناڕەزایی کورد بە شۆڕشی شێخی حەفید دەستی پێکردو بە یارمەتی ئینگلیز شۆڕشی سەرەتای سەدەی 20 توێنرایەوە، دوای ئەوەی بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان کە لە پەیماننامەی سێڤەردا نەخشە رێگای بۆ دانرابوو رێکەوتنی تازەی دەوڵەتان کراو پەیمانەکە گۆڕا بە لۆزان و هەموو هەوڵەکانی سەربەخۆیی سەدەی بیست پوچەڵ بۆوە. بەڵام ناوو ناوبانگی کورد زۆرتر بووە لە چاو سەدەی پێشوو، لە دەستووری عیراقدا ناوی کوردو زمانی کوردی و مافە مەدەنی و سیاسییەکانی نووسراوە. لەسەر پاسپۆرتی عیراقی زمانی کوردی هەیە. هەرچەندە بەشێکی زۆر لە مادەکانی دەستوور کە تایبەتن بە مافی کورد جێبەجێ نەکراوە.

سێیەم: رۆژئاوای کوردستان

وەکو بابەتی هەرێمی کوردستان، رۆژاڤا کە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی سوریادایە، لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوو بە گۆرەپانێکی گرنگی سیاسەتی خۆرهەڵات و خۆرئاوای جیهان. بە تایبەتی لە ناو خۆپیشاندان و هەڵگەڕانەوەکانی بەهاری عەرەبیدا کورد لەو بەشەی کوردستان توانی بەشێکی زۆر لە خاکەکەی ئازاد بکات و دەسەڵاتێکی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتەکانی تری ناوچەکە دابمەزرێنێ، کە تا ئێستا ئەو دەسەڵاتە بە ناڕەسمی هەر ماوە و هەیە، بەڵام دەوڵەتی سوریا و وڵاتانی ئیقلیمی بە رەسمی مامەڵەی لەگەڵ ناکەن، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا دەیپارێزێت.
ئەم دیفاکتۆیە کەوتە بەر هێرشی چەکدارانی داعش و چەند ساڵێک لە شەڕدا بوون، شەڕی دژی رێکخراوی داعش توانی چاوی هەموو جیهان بخاتە سەر ئازایەتی و لەخۆبوردەیی ژنان و کچانی کورد. 
رۆژئاوا سەنتەری ئابووری رۆژهەڵاتەو گوڕەپانی زۆرانبازی وڵاتە دژ بەیەکەکانە. دوای ئەوەی سەرکردەکانی یەپەژە لە کۆشکە بەناوبانگەکانی جیهان پێشوازییان لێ دەکرا و حکومەتەکان کێبرکێیان بوو لە پشتیوانی کردن و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ رۆژئاوا. رۆژئاوای کوردستان بوو بە هاوبەشێکی چالاک و مەیدانی بەرەی دژایەتی تیرۆری جیهان، شەڕڤانان توانییان بەشداری سەرەکی بن لە کوژانەوەی چانسی تیرۆریستانی داعش و ئاڵای قەسەدەیان لەسەر بارەگای پایتەختی داعش لە رەقە هەڵکرد و جاڕی کۆتایی بە پێگەی سەر زەمینی داعش درا. 

جیهان لە ئاستیان بێدەنگە
ئەوان بە ئێستاشەوە توانیویانە سوود لەو بەرەیە بۆ خۆپارێزی ببینن. بە جیاوازی باشووری کوردستان کە لەهەمان بەرەدا بوو. ئێستا بەهەمان شێوەی باشووری کوردستان ئەم پشتگیرییە لە پاشەکشەدایە و تورکیا بە رۆژی رۆناک بە بەرچاوی دونیای عەرەب و جیهانەوە خاکی رۆژئاوا داگیر دەکات کە هێشتا بەشێکە لە سوریاو دێمۆگرافیاکەی دەگۆڕێت و تاوانی جەنگی تێدا دەکات. بێئەوەی هیچ لایەنێک لە دژی بێتە دەنگ، یان رایبگرێت.
ئەگەر تەماشایەکی دەستپێکی سەدەی 20 بکەین ئەوا دەبینین هاوشێوەی دەستپێکی سەدەی 21 هاوسۆزی بۆ کورد هەبووە و وڵاتانی کۆلۆنیال لە بیرکردنەوەی چارەسەری کێشەی کورددا بوون، لە شێوەی دروست کردنی ولایەت بۆیان و داننان بە قەوارەیەکدا بۆ کورد.
بەڵام دوای تێپەربوونی 20 ساڵ بەسەر سەدەی 20دا ماڵوێرانی بۆ کورد لە هەموو پارچەکان دەستی پێ کردەوە. ئایا ئێستاش دوای تێپەربوونی 23 ساڵ بەسەر سەدەی 21دا ماڵوێرانی بۆ کورد دەست پێدەکاتەوە؟ ئایا جیهان دووبارە پشت لە کورد دەکات و کورد دەبێت چاوەروانی دەستپێکی سەدەی 22 بێت؟ 

کاتمان زۆر نەماوە
لە راستیدا نەیارەکانمان قوتبی سیاسی بەهێز و جومگەی سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن. نابێ ئەوە فەرامۆش بکرێت و ئەزموون سەلماندی کوردی هیچ پارچەیەک بە تەنیا و هیچ حزبێک بێ حزبەکەی تر ناتوانێت براوە بێت، بە دژایەتی یەکترو سەد بارە بوونەوەی دەردی خۆخۆری ئەم کێرڤەی پرسی کورد بەرەو داکشانی زیاتر دەڕوات. کورد فاکتەری بەهێزی زۆرە، کوردستان لە رووی جیۆپۆلەتیکەوە بۆ وڵاتە زلهێزەکان گرنگە، دەستشکانەوەی شەرق و غەرب سەنتەرەکەی کوردستانە غاز و نەوت و کانزاکانی تر کوردستانیان کردووە بە جێی سەرنجی هەموو جیهان. فاکتەری گرنگ و باش زۆرن، ئەوەی نییە رێبەری سیاسی دڵسۆز و بەئەمەک و کارامەیە. کات زۆر نەماوە بۆ ئاوابوونی خۆری کورد. نابێ بهێڵین ئەو ئاوابوونە روو بدات. بە ئاوابوونی ئەو خۆرە، دووبارە بۆ چەندین دەیە تاریکی دەستدەگرێت بەسەر وڵاتدا. ئەرکی هەموو هێزە کوردییەکانە یەکبگرن و خۆیان یەکخەن. بە یەکبوونی کورد لە گۆڕەپانەکە هەموو هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

کورد لە شەڕی کۆبانیدا داعشی تێکشکاند

وتارەکانی نوسەر