بڕیاردان لەسەر بەستنی پێنجەمین گۆنگرە لەم هەل و مەرجە هەستیار و چارەنووسسازەدا كە لە ناوخۆ و ناوچەكە و جیهان بەگشتی بەدیدەكرێن و كاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەبێت، بڕیارێكی بوێرانەیە و باوەڕبوونی تەواوی سەرۆكی یەكێتی و دڵنیابوونی سەركردایەتییە بە سەركەوتنی كۆنگرە.
كێشە ناوخۆییەكانی خۆشمان لە هەرێم بەتایبەتی و عیراق بەگشتی، سەریانهەڵداوە، دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەن كە لەم قۆناغەدا روویانداوە، پێویستە بەمەبەستی سوودوەرگرتن لێیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا بە هەند وەرگیرێن.
لە كۆنگرەدا یەكێتی وەك هێزێكی دیار و كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق بەگشتی، بە سوودوەرگرتن لە باکگڕاوەندەكانی رابردووی قۆناغەكانی شۆڕش و تێکەڵ بوون بە سەردەمی نوێی ئەمڕۆی حكومڕانی و شارستانی، هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ریشەیی گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بدرێت و رەچاوی چاكتركردنی حاڵ و گوزەرانی خەڵك بە گشتی و پرسی مووچە بەتایبەتی فەرامۆش نەكرێت .
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، پێنجەمین كۆنگرە ببەسترێت، هەربۆیە پێویستە كۆنگرە لەئاست بەرپرسیارێتی مێژووییدا بێت بەپێی پڕەنسیپەكانی نێو گەنجینە بەجێماوەكەی سەرۆک مام جەلال و گوزەركردن بەسەر هەمان رێچكەدا.
بەهەڵەكانی رابردووی نێوان كۆنگرەی (پێشتر بۆ ئێستا) دا بچێتەوە و وەك وانە لێیان بڕوانرێت، تا یەكێتی پێگە بەهێزەكەی جارانی بۆ بگەڕێتەوە. بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی هەیكەلی سەركردایەتییەكی جیاواز لە رووی چۆنایەتییەوە بەتوانا و پتەوی پێكهاتوو لە ژمارەیەك سیاسەتمەداری خاوەن ئەزموون و پێگەی دیاری ناسراو و كەسایەتی كۆمەڵایەتی، بەڕەچاوكردنی پایەكانی فیكری و سیاسی بەهێز و بوێر.
توێژی ژنانی خاوەن ئەزموون و تێكۆشەر رێژەیەكی بەرچاو كە لە 10 ژن كەمتر نەبێت، بەشداریی كارایان پێبكرێت و ئەندامانی سەركردایەتی نوێی داهاتوو، بە بەڕێوەبردنێكی نوێ و كاریگەر كە لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆی پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆژییەكان بگونجێن و لەئاست پێشهات وگۆڕانكارییە سیاسی یەكانی جیهان و سەردەمی نوێی جیهانگیری ئێستا و خەباتی سیاسی و شارستانی و جەماوەریی و پەرلەمانی و دیپلۆماسیدا خاوەن بیر و هۆشیار بن .
گرنگە تا پێنجەمین كۆنگرە فاكتەری هێنانەكایەی ئایندەیەكی گەش و ئارام و خۆشگوزەران بێت بۆ گەلەكەمان بە گشتی و داهاتوویەكی روون و گەشاوەتر بێت بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە داهاتوودا بە گرتنەبەری سیاسەتی نوێی گونجاو و هەوڵدان بۆ فراوانتركردنی بازنەی دیموكراسی كە لەناوخۆ و ناوچەكەدا یەكێتی پێدەناسرێتەوە.
چۆنێتی مامەڵكردن لەگەڵ سیستمی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەگشتی و ناوچەكە بەتایبەتی، بەخوێندنەوە و داڕشتنەوەی بەرنامەی نوێگەری بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە گۆڕانكارییەكان، هاوتاكردنەوەی هاوسەنگیی هێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كۆنگرە نەخشە رێگای نوێی هاوچەرخ بۆ داهاتوو داڕێژێتەوە .