11
بە تێزی نوێی كوردایەتی و تیمێكی یەكانگیر، كۆنگرە ستراتیژی قۆناغی داهاتوو دادەڕێژێ، تێزەكان هەر ئەندێشەی مام جەلالن و بۆ هەموو وێستگەیەكی خەبات دەستدەدەن، تیمەكەش رۆڵە خوێنی و باوەڕییەكانی سەرۆك تاڵەبانین و بە دێرین و نوێوە پێكەوە بۆ سەردەمێكی پڕ تێز بە یەك تیمەوە كار بۆ قۆناغێكی نوێ لە باڵایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن، هەڵبەت یەكێتی دەوڵەمەندە بە هەموو شتێك، بەڵام لە تێز و ئەندێشە و خەیاڵی گەورە پێش و لەسەر و هەموو هێزێكەوەیە، دوای كۆنگرەش هەروا دەمێنێتەوە و بەهەمان سەنگ و پێگەوە لە كاروانی خەباتێكی سیاسی و مەدەنی و كوردایەتییەكی نەرم و شێنەیی بەردەوام دەبێت.
حزبایەتی بێ تێز و بیر بەڕێوەناچێت، ئەوانەی لە قەیرانی شوناسی فكریدابوون، هەر لە رۆژگارێكی زوودا یان لە بەینچوون یان رۆڵی مێژووییان كۆتاییهات، بەڵام یەكێتی وا هەر بەپێوەیە، بەسەرێكدا دەوڵەمەندە بە تێزی بەهێزی جەلالیانە بۆ كوردایەتی و زەنگینە بە ئەندێشەكانی مام جەلال، بەسەرەكەی دیكەشدا لە رێگەی دیداری یەكێتییەوە، بیری خۆی، پەروەردە و دنیابینی، میتۆد و میكانیزمی نوێكردۆتەوە و لەگەڵ ئاڵوگۆڕەكانی جیهان بۆ دەورانێكی نوێ خۆی تەیاركردۆتەوە.
پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێندەش لە بەردەم ئەركێكی قورسدا نییە، لەڕووی باوەڕەوە قۆناغی تەواوكاریی دیداری یەكێتییە، ئەو وێستگە دیموكراسییەی كۆی هەڤاڵانی یەكێتی پێكەوە بۆ رەنگڕێژكردنی داهاتووی خۆیان، بۆ نوێكردنەوە و راڤەی نوێی تێزەكان لە چەند رۆژێكدا پاكێجێكیان گەڵاڵەكرد و لە ئەنجومەنی سەركردایەتیش وەك نەخشەڕێگە پەسەندكرا.
ئەركی كۆنگرەی ئەمجارە، هێندە قووڵبوونەوە نییە لەو چەمك و تێزانە، بەڵكو پەسەندكردن و هاندان و سازدانی ئۆرگانەكانە تا ئەم چەمكانەی دیداری یەكێتی لە تیۆرەوە بكەنە پراكتیك، لەپێناوی ئەوەی كەشێكی لەباری ناوخۆیی بڕەخسێنن، كۆششی هەڤاڵانە و ئۆرگانەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەندێشە نوێكان هانبدەن، لەمەشدا ئاڵنگاری نایەتە پێش، چونكە ئەزموونی یەكێتییەكان لە پەسەندكردنی بیری نوێ و خۆگونجاندن لەگەڵ تەرزی تازەی حزبایەتی و فیكر ئەستەم نییە، هەر خۆیان بە درێژایی مێژوویان لەسەر ئەوە راهێنراون بۆ هەموو دۆخێك ساز و ئامادەن.
تێز و باوەڕ و ئەندێشەكان لە ژیانی حزبایەتیدا گرنگن، بوونی ئاراستەی فیكری نیشانەی زیندوێتی حزبەكانە، بەڵام بۆ ئەوەی وەك ئیدیۆمەكەی ماوتسی تۆنگ نەبێتە پڵنگی سەر كاغەز، پێویستە بە قۆناغی كرداریدا رەتبن، پڕۆسەی بەكرداریكردنی دروشم و ئەندێشە و تێزەكان لەسەروو هەموو شتێكی ترەوە پێویستی بە یەكانگیریی ناوخۆیی و یەك تیمی هەیە، بۆ ئەم چاڵنجە كەس نابێت لە یەكێتیی دوای پێنجەمین كۆنگرە بترسێت، چونكە هەر خۆی دروشمەكەی نوێگەریی و كردارە، ئەم كردارەش بە یەك تیمی ئاسانتر بەدی دێت، كە هەر خۆی ناونیشانی ئەم قۆناغە یەك دەستی و یەك تیمییەیە، تیمێك رابەرایەتییەكەی بە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سپێردراوە و لە یەكخستن و رێكخستنی هیمەتی یەكێتیانەشدا لە دوو ساڵی رابردوودا نەك هەر درێغی نەكردووە، بەڵكو بۆتە براند، كەوایە بۆ سەركردایەتی یەك تیمی رابەری شیاوە بۆ شوێنی شیاو.