(16)
*لێدوانی وەزیری تەندروستی زیمبابۆی، چ بەهایەکی هەواڵی بۆ وەرگری کورد هەیە؟!
-بەدڵنیاییەوە بەهاکانی هەواڵ، گرنگی رووماڵ و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان سنووردار دەکەن چی، بۆ، کێ، کەی و لەکوێ پێویستە وەک مافێکی سروشتی هاووڵاتیان، دابینکردنیان ببێت بە ئەرکی پیشەیی میدیا و میدیاوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا!
بەپێی سەرچاوە زانستییەکان، هەریەک لە رەهەندەکانی: وروژاندن، سێکس، تاوان، ئابڕوچوون، ژمارە، قەبارە، ناوبانگ، کەسایەتی، پێشبینی، تازەیی، نزیکی، گرنگی، کاریگەری، ناباوی، نامۆیی و درامی لە دیارترینی ئەو بەهایانەی هەواڵن رۆژانە رۆژنامەوانان لەنێو زانیاری و رووداوە نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا وێڵی دۆزینەوەیانن. هەربۆیە کاتێک میدیا و میدیاوان، هەواڵێک چاپ و پەخش و بڵاودەکەنەوە، دەبێت پێشوەختە یەکێک لەو بەهایانەی هەواڵیان تیا دۆزیبێتەوە، ئەگەرنا هەموو زانیارییەک شیاوی ئەوەنییە هەواڵی لێ دروست بکرێت.
کۆماری زیمبابۆی، بە وڵاتێکی سنوورداری داخراوی باشووری ئەفریقا ناوزەدکراوە دەکەوێتە نێوان رووبارەکانی زامبێزی و لیمپۆپۆ لە خوارەوەی رووبارەکاندا باخچە گەورەکانی ماتوسادۆنا و ماناپولس هەن. لە باشوورییەوە، لەگەڵ باشووری ئەفریقا و لە باکوورییەوە لەگەڵ باشووری خۆرئاوای بۆتسوانا و لە خۆرئاوایەوە لەگەڵ زامبیا و لە خۆرهەڵاتییەوە لەگەڵ مۆزەمبیقدا هاوسنوورە. واتە سنووری جوگرافی زیمبابۆی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی کوردستان بەسەر دابەشکراودا نییە. هەرارە گەورەترین شار و پایتەختیەتی و بولاوایۆیە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە دانیشتوانەکەی بە 16 زمانی فەرمی قسەدەکەن، بێئەوەی کوردی یەکێک لەو زمانانە بێت. لە 11ی تشرینی دووەمی 1965ەوە جاڕی سەربەخۆیی خۆی لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا داوە، بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان لەژێر داگیرکاری کورد و کوردستاندا بووبێت!
جا لەو سۆنگەیەوە، رەنگە نایاسایی و نائاسایی نەبێت وێڵی دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بین ئایا لێدوانی وەزیری تەندروستی زیمبابۆی، چ بەهایەکی هەواڵی بۆ وەرگری کورد هەیە تۆڕێکی میدیایی کوردی بە گرنگییەوە رووماڵی بکات و لە چەند گەشتێکی هەواڵەکانیشیدا دووبارە پەخش و بڵاوی بکاتەوە؟!
هەڵبەتە نزیکترین وەڵامی ئەو پرسیارە، دەشێت پەیوەندی بە بەهای نزیکی هەواڵ لە دەردەداری دانیشتوانی کۆماری زیمبابۆی و هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، بەتایبەتتر لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوانی کۆلێرا بەهۆی ئاوی پیسەوە، ئەگەرنا جگەلەوەی هەردوولا خوایان یەکە، خەڵک و خاکی هەریەکەشیان دوور و لەیەک جیاوازن و بچووکترین خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا نییە. بەدەر لەو پاساوە، تەنیا گریمانەی لە یەکچوون و هاوشێوەی سیاسەتی میدیایی و سیاسەتی حوشتر مل دەکرێت، چونکە هەندێک دامەزراوەی میدیایی لەم ساڵانەی دواییدا لەپێناو خۆدزینەوە لەپرسە گەرمەکانی ناوخۆ، پەنا بۆ وەبەرهێنان و بازاڕسازیی لە هاوردەکردنی رووماڵی بیانی زانیاری و رووداوە دەرەکییەکان دەبەن. ئەوەش هەمان سیاسەتی کارکردنی حوشتر ملە، کاتێک راوچییەک وێڵی راوکردنی بێت، لەبری دوورکەوتنەوە لێی، سەری خۆی لە خۆڵی سەرزەوی بەردەمیدا دەشارێتەوە، بەو ئامانجەی ئەگەر ئەم راوچییەکە نەبینێت، ئەوا ئەویش نایبینێت و دەست لە راوکردنی هەڵدەگرێت!
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا