(17)
*ژینگەی میدیایی چ کاریگەرییەکی لەسەر پێشێلکردن یان پێڕەوکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان هەیە؟
-بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی ژینگەی میدیایی لەسەر ئاست و ئاڕاستەی پێڕەویکردن یاخود پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکان بەردەوام و هەمیشەیی نەبووە، چونکە پەیوەندی نێوان ژینگەی میدیایی و رێسا پیشەییەکانیش لە زۆر سات و سەردەمدا، پەیوەندییەکی راستەوانە نەبووە و ناشبێت. واتە لە دۆخە جیاوازەکانی ژینگەی میدیایی، پێشمەرجێک نییە بەهۆیەوە رۆژنامەوان پێڕەوی لە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی کردبێت یان بیکات. هەروەک چۆن زۆری تەمەن و ئەزموونی پیشەیی رۆژنامەوان، نەبووەتە هۆی وەرگرتنی ناسنامەی پیشەگەرێتی و پێشێلنەکردنی پێوەرەکان.
لە جوگرافیایەکدا کە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەقامگیر نەبێت، ناتوانرێت گرەنتی دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری میدیایی بۆ میدیاوان بکرێت، تاوەکو لەڕێگەی هەوڵ و هەنگاو و هەڵوێستەکانییەوە بیر لە فراوانکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری بکاتەوە و لەسایەیدا پێڕەوی دیارترین پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بکات. بەوەیش وەک پیشەوەرێک ببێت بەپردی پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەت و وەک دەسەڵاتی چوارەمیش، رۆڵی چاودێر بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی: یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەری بگێڕێت!
هەڵبەتە بەرپرسیارێتی، وردبینی و راستگۆیی، سەربەخۆیی، ئازایی و ئازادی، جیاکاریی و بێلایەنی، بابەتی و دەستپاکی، هاوسەنگی، تایبەتمەندێتی، دادوەریی، پاراستنی نهێنی، خۆناساندن و شیاوی زمانەوانی، رێزگرتنی بەهاکان و هارکارینەکردنی دەزگا سیخوڕییەکان، دیارترینی ئەو پێوەرانەن ئاستی پابەندبوون پێیانەوە، لە ئەنجامی سەرپێخستن و سەوزبوونی ژینگەی میدیاییە و بەبێ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی، بەدیهاتنیان ئەستەمە، بگرە هەر ئەوانەیش دەبن بە مەرجی پێشوەختی گەشەپێدانی میدیایی و ئاماژەکانی، چونکە ناکرێت رۆژنامەوانێک بە دوو مانگ جارێک مووچە وەربگرێت و چاوەڕوانی بەرهەمی بەهێز و بەپێزی میدیایی لێبکرێت. هەروەک چۆن ناشکرێت رێژەی هەراسانکردن و گێچەڵپێکردنی سێکسی لە دەزگایەکی میدیاییدا زۆربێت و جیاکاری جێندەری کەم و سنووردار بێت. واتە داهاتی تاک و ئاسوودەیی شوێنی کارکردن، دوو دیارترین هۆکاری سەقامگیری و پێشمەرجی مانەوە و بەردەوامین. بەپێچەوانەیشەوە پێوەرەکانی وەرگرتن و رەتکردنەوەی کارکردنی پیشەیی رۆژنامەوان، هێندەی گرێدراوی مۆد و میزاجی خاوەنی میدیا و هەڵسوڕێنەرانی دەبن، نیوهێندە پشت بە CVی دەوڵەمەند و زۆری و کەمی ئەزموونی رۆژنامەگەری نابەستن!
لەو روانگەیەوە دەبێت دان بەو راستییە تاڵەشدا بنرێت کە تۆوی هەر ژینگەیەکی میدیایی بەبێ ئازادی دەستکەوتنی زانیاری و کارکردنی میدیایی گەشە ناکات. هەربۆیە لە هەرێمی کوردستاندا، نەتوانراوە یاخود بە بەرنامە رێگریکراوە لەوەی ژینگەیەکی لەباری میدیایی بۆ کارکردن هەبێت.
رێسا پیشەییەکان بایەخ بە چاکە و بەرژەوەندی گشتی کەسەکان دەدەن. ئەگەرچی پێوەرەکانی ئەو رێسایانەیش لەلایەن رۆژنامەوانانەوە بەشێوەیەکی رێژەیی پێڕەو یان پێشێلدەکرێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژینگەی میدیای دابڕاو نابێت لە کاریگەری و کاردانەوەی پیشەیی، یاسایی، پەروەردەیی، کەلتور، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی رۆژنامەوانان. هەموو ئەوانەیش وادەکەن سیاسەتی میدیایی لە گۆڕانی بەردەوامدابێت و بەپێی ئاست و ئاڕاستەی ئازادییە بەدەستهاتووەکانی نێو ژینگەیەکی میدیایی دیارییکراو، دۆخ و داهاتی رۆژنامەوانانیش جێگیرنەبێت.