ئادەم سمیس بە باوکی زانستی نوێی ئابووری دادەنرێت، کە هاوکاتی سەردەمی رۆشنگەریی خۆرئاوا لە دایک بوو. لەم زنجیرەیەدا زیاتر لەگەڵ ژیانی کەسایەتیی زانا ناودارەکانی ئابووری مامەڵە دەکەین وەک لە دەستکەوتە تیۆرییەکانیان. چونکە بە گشتی ئەوە مافی خۆی پێنابەخشێت بە تایبەتی کە سەردەم و کاروانی ژیانی هزری ئەو کەسایەتییانە پێکدێنێت، هەروەها لە رووی کردارییەوە، زۆربەی هزر و بۆچوون و روانینەکانیان، مایەی مرۆیی هزری و ئەزمونگەرایی تا بە دوایینی ئەوەی ئەمڕۆ لە تیۆرییە باو و ئەو ئەزمونانەی لەم سەردەم لەگەڵی دەژین، زنجیرەیەکی لێک دانەبڕاو و تەواوکەری یەکترن.
باوکی خۆی نەدی
ئادەم سمیس، بایەخدانە هزرییەکەی وەک فەیلەسوفێک بە ئەخلاق دەستی پێکرد، یەکەمین کتێبی لەمەڕ ئابووری نەبوو. ئادەم سمیس لە ساڵی 1723دا لە سکۆتلەندا لە دایک بوو، بەر لە لەدایکبوونی، باوکی کۆچی دوایی دەکات، بەڵام ئەوەندەی بۆ بەجێهێشت تا بە تێری فێر ببێت، بە تایبەتی کە ئابووریی سکۆتلەندا دوای قەیران و کاریگەرییەکانی سەرەتای سەدە دووچاری بوو، رووی لە بوژانەوە کردبوو.
لە 14 ساڵییەوە لە زانکۆی گلاسکۆ خوێندنی دەستپێکرد، لە ساڵی 1740دا خوێندنی ئەوێی تەواو کرد و بۆ خوێندنی باڵا لە فەلسەفە روویکردە ئۆکسفۆرد، تا لە ساڵی 1751دا وەک مامۆستای لۆجیک گەڕایەوە زانکۆی گلاسکۆ. لە ساڵی 1751دا یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی (تیۆریی رەفتارە ئەخلاقییەکان) بڵاوکردەوە. دوای ئەوەی سەفەری زۆری بۆ ئەوروپا دەکرد، وەک مامۆستای یەکێک لە نەبیلەکان کاری دەکرد، تا دواتر گەڕایەوە زێدی خۆی لە کارکلدی لە سکۆتلەندە، تا لە ساڵی 1776دا ناوداترین کتێبی خۆی تەواو بکات، بە ناونیشانی (پرسیار لەمەڕ سروشت و هۆکارەکانی سامانی نەتەوەکان)، دەشێ ئەوە یەکەمین کتێب بێت کە وایکرد ئابووری ببێتە لقێکی بنچینەیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
کۆمەڵگەی بازرگانی
لێرەڕا دەبێ ئاماژە بۆ ئەو مشتومڕە بکەین، کە بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە، ئادەم سمیس لە خانەی یەکەمدا فەیلەسوفە نەک ئابووریناس، هەندێک رایان وابوو کە ناکۆکیی لە نێوان ئەو دوو کتێبەیدا هەیە، یەکەمیان باس لە ئەخلاق دەکات کە سەرچاوەی کاری مرۆیی بێت، لە کاتێکدا کتێبی دووەمی لەسەر ئابووریی سیاسی بوو، کە بەرژەوەندیی کەسیی سەرچاوەی کاری مرۆییە. بڕوای وابوو کە حەماس و لێک نەگەیشتن کارتەکانی تێکەڵ کردووە. ئادەم سمیس لە بنچینەدا فەیلەسوفە، لەبەرئەوە، لەوێوە هەنگاو بە هەنگاو لە راڤەکردنی بۆ ئەزموونی مرۆیی پەرەیسەند، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە، زاراوەی سەرمایەداری لە کتێبەکەیدا تەوزیف نەکرد، بەڵکو (کۆمەڵگەی بازرگانی) تەوزیف کرد، چونکە ئابووری یەکێک لە پێگەکانی ژیانی مرۆییە نەک شرۆڤەکاری هەموو توخمەکانی بێت.
لۆجیک و ئەخلاق
سمیس رای وایە، ئەوە قۆناغی ئابوورییە پەیکەری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە دیاری دەکات، بەڵام زۆر روون بوو لەوەی خەسڵەتە ئەخلاقییەکانی خەڵکی ئاستی مرۆیی ناو کۆمەڵگە دیاری دەکات. ئادەم سمیس زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەریی (دەیڤد هیوم)ی فەیلەسوفی سکۆتلەندیییەوە، بە تایبەتی لەو تێڕوانینەی کە رای وابوو، لای خەڵکی نەزعاتی ئەخلاقی زۆر کاریگەرترە لە لۆجیک، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ زۆر عاقڵیش بێت، دەبێ بزانێت لە کۆتاییدا ئەخلاقەکەی بەهێزترە. لەو بڕوایەدام ئەو ئیقتباسە هەمەجۆرانە ئەزموونی گەورەکان دەخاتەڕوو.
لە فەلسەفە و ئینسانییەتدا دەڵی: «یەکەم شت کە پێویستت بە ناسینیەتی خودی خۆتە، ئەوەی خۆی بناسێت دەتوانێ چاودێریی خۆی بکات»، هەروەها دەڵێ: «سۆزدان بە خەتاکار وەک زۆردارییە بەرامبەر بەبێ تاوان»، لە لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: «تەماحی تاکەکەس خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی دەکات» رەنگە ناودارترین ئیقتباس لە ئابوورییدا ئەمە بێت، کە دەڵێ: «لە بەخشندەیی قەساب یان نانەوا نییە کە ئێمە چاوەڕێی وەجبەیەکی نانی شێوان دەکەین، بەڵکو ئەوە لە تێڕوانین و بەرژەوەندییە کەسییەکانیانەوەیە». ئەم ئیقتباسە، بۆ دیاریکردنی ئاستی گرنگیی پسپۆڕی و هاوکاریی کۆمەڵگەیی تەوزیف کرد، رۆڵی دەستی نادیاری لە پەیوەندیی نێوان بەرژەوەندیی تایبەتی و گشتی دیاری کرد، هۆشداری لە نایەکسانی و مەترسییەکانی لەسەر کۆمەڵگە دا، هەروەها لە زەرورەتی رێگرتن لە خاوەنکاران لەوەی دژ بە بەکاربەران هاوکاری یەکتربن. سمیس دەڵێ: «پێویستە پیاوانی دەوڵەت نەچنە نێو کاری تایبەتەوە، چونکە زۆرترین دەستکەوتی بۆ دەستەبەر دەکات و لە نێوان بەرژەوەندیی گشتی و تایبەتیدا دووچاری سەرلێشێوان دەبێت».
چاپکردنی کتێبەکانی
لە ژیانی خۆیدا زیاتر لە جارێک چاپکردنی کتێبەکانی خۆی بینی، کتێبی تیۆریی رەفتاری ئەخلاقی لە کتێبی سامانی نەتەوەکان باشترە. رەوشی دارایی سمیس رێگەیدا ژیانێکی باشی هەبێت و دەرفەتی خۆ تەرخانکردنی بۆ نووسین هەبێت. لە کتێبی یەکەمیدا دەڵێ: «بەدەر لەوەی بڕوامان بە خۆدپەرستیی مرۆڤ هەیە، بەڵام لە سروشتییدا هەندێک حاڵەت هەیە وای لێدەکات بایەخ بەوانی دیکەش بدات، بە هیوا و هاوبەشیکردنی شادییەکانیشیانەوە، هەرچەندە جگە لە چێژ وەرگرتن لە بینینی هیچیتری لێ دەست ناکەوێت. سمیس ماوەکەی تری ژیانی لە گوندەکەی خۆی بەسەر برد تا لە ساڵی 1790دا کۆچی دوایی کرد.
ئادەم سمیس