ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەچەند کاتژمێرێک پێش کۆنگرە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوو سیگناڵی گەورەی مێژوویی ــ سیاسی ــ دپلۆماسی ــ عەقڵانی تێدا دەبینرێت، یەکەمیان «بەهێزبوونەوەی یەکێتییە»، دووەمیشیان دەڵێت «بەغدا قووڵایی ستراتیژی ئێمەیە».
ئەم دوو سیگناڵە تەواوکەری یەکترین هەرکات یەکێتی بەهێزبووبێت، ئەوا کورد لە عیراق بەهێزبووە و یەکێتی رانەندی ماف و شایستە داراییەکانی کورد بووە لە بەغدا.
رۆحی مام جەلال و پێنجەمین کۆنگرە
ئەگەر ئەمڕۆ رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال)مان لەگەڵ بوایە کە بە سەرۆکایەتی کوڕە گەورەکەی و بەبێ دواکەوتن لە کۆنگرە، یەکێتی پێنجەمین کۆنگرەی دەبەستێت، ئەوا زۆر دڵخۆش دەبوو، ئاخر هەر ئەمە خەونی مام جەلال و تێکۆشەران و دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی بوو کە کۆنگرە و کۆنفرانسەکان لەکاتی خۆیاندا ببەسترێن، وەک چۆن سەرۆک بافڵ ــ یش رایگەیاندووە کە «کارێکی وادەکەین، کۆنگرەبەستن ببێتە شتێکی ئاسایی»، ئەمڕۆ ئەگەر مام جەلال-یش بە جەستە لێرە نەبێت، ئەوا بە رۆح و رێباز، لە کۆنگرە دەبێت.
دوو وێنەی هاوشێوە !
سەرەتای رابەرایەتیی مام جەلال لە یەکێتی و دوو ساڵی رابردووی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، دوو وێنەی هاوشێوەیە چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لەئاستی دەرەوەشدا، دوو قورسایی گەورەی حزبی و دوو قۆناغی هەستیار و پڕ ناخۆشی نەتەوەی کوردی تێدایە لەگەڵ بەغدا و ئاشتی سیاسیی ناوخۆیی، لە ئاستی دەرەوەشدا، نەیارەکانی یەکێتی هەمان سیناریۆ و سیاسەتە ئەهریمەنییەکانی پێشوویان گرتۆتەبەر دژی جووڵە دڵخۆشکارەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی.
لە دوای هەنگاوە وردەکانی لە بەغدا و ئەو سیناریۆ و پیلانانەی بۆی دانرا بۆئەوەی یەکێتی لە بەغدا بێکاریگەریی بکرێت.
ئومێدێک لەم سەرۆکەدا خوێنرایەوە کە دەکرێت ببێتە چەتری کۆکەرەوەی یەکێتییەکی بەهێزتر و کاریگەرتر کە خاوەن بۆچوونی کاریگەربێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و لەناو رووداوەکانی عیراقدا.
ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ یەکێتییەکی باشتر دەبینین، ئێستا کە یەکێتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە و دەچێتە سەر تەواوی دەستکەوتەکانی دیکەیئەم حزبە.
هەندێک خەون و هەندێک خەم
لە هەندێک باردا تێڕوانین و خوێندنەوەی کادرە سادە و بێ تموحەکانی وەک ئێمەمانان بۆ یەکێتی، لە خوێندنەوەی زۆر سەرکردە و حزبی کوردی و تاکی بەرژەوەندخواز گرنگترە، چونکە ئێمە جگە لە یەکێتییەکی بەهێز، هیچمان نەویستووە و ناشمانەوێت، ئێمەمانان خەمی راستەقینەمانە ئەم یەکێتییە بەهێز بکەین و کورد بەهێز ببێتەوە، بەڵام ئەوان خەونیانە ئەم یەکێتییە بێهێز بکەن.
دوای کۆنگرە
بێ دوودڵی پێنجەمین کۆنگرە لە چرکەساتی بەستنیدا، چەندان دەستکەوتی حزبی هەیە کە لەسەروویانەوە بەدیهێنانی خەونی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانێتی لە دامەزرێنەرانی یەکێتی و ئاسوودەکردنی شەهیدەکانمان و دڵخۆشی کادرەکانی یەکێتییە، دوای کۆنگرەش هەموو کوردێکی دڵسۆز پێنجەمین کۆنگرە بە دەستکەوت دەزانن، ئیدی یەکێتییەک دەبینین کە تەنها حزبی یەکێتییەکان نابێت، بەڵکو حزبی هەموو کەسێکە و لەسەر رەهەندە مێژوویی و نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکەی لە قۆناغێکی نوێدا، بەرگریی لە مافەکانی کورد و کوردستان دەکاتەوە.