رێبوار ستار
سەرکەوتنی کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان هەوێن و مژدەی هەر لەئێستاوەی سەرخستنی کۆنگرەن. دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا لە شاری کەرکوکی قودسی کوردستان بڕیاری دا رۆژی 27/9/2023 پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی ببەسترێت ئەوە بۆخۆی بڕیارێکی بوێرانە و ژیرانە بوو بەلای هەموو یەکێتییەکانەوە، چونکە لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، سەرباری ئەوەش کوردستان و عیراقیش بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، بۆیە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و بوێرانەیە بەلای یەکێتییەکانەوە، چونکە یەکەمین جارە یەکێتی لەکات و ساتی خۆیدا و بگرە بەر لەوادەی خۆی بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدات، تەنانەت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش بە گرنگییەوە لەو بڕیارە دەڕوانن و لای میدیای دۆست و نەیاریش بۆتە باسوخواسێکی گەرمی کەناڵەکانیان.
هەربۆیە بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دروستبکرێت لە هەریەک لە لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن و دەزگای هەڵبژاردنەکان و بۆردی ناوەندی یاسا و مەڵبەندی دیراسات، پاش هەموو ئامادەکارییەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکارەوە بڕیاردرا اکە رۆژی 21/9/2023 لە سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی کۆنفرانسی ناوخۆیی مەکتەب و مەڵبەندەکان دەستیپبکات و هەڤاڵان لە پڕۆسەیەکی ئازاد و دیموکراتدا نوێنەرەکانی خۆیان دیاریکرد بۆ ئەندامێتی پێنجەمین کۆنگرە.
بەپێی ئەو رێکارو رێنماییانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەوە دیاریکرابوو، هەڤاڵان بە خۆشحاڵییەوە لە سەرجەم ئۆرگانەکاندا و بە پەرۆشەوە بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد. هەڤاڵانمان وەک کەرنەڤاڵێک ناویان دەبرد.
ئامانجە
گەورەکە
بەستن و سەرکەوتن و سەرخستنی کۆنگرەیە
کە دەبێتە مایەی سەرلەنوێ گەشانەوەی یەکێتی بە سەرکردایەتییەکی نوێوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
دوای هەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرە، هەڤاڵانی ئۆرگانەکان بەوپەڕی گیانی هەڤاڵانەوە پەرۆشیان بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکان دەربڕی، ئەوانەشیان کە چانسی بەشداریکردنیان نەبوو لەم کۆنگرەیەدا، پیرۆزباییان لەو هەڤاڵانە دەکرد کە ئەو چانسەیان هەبووە، پێکەوە بەڵێنی سەرلەنوێ یەکێتیبوونیان دووپات دەکردەوە کە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسانە هەوێنی سەرکەوتن وسەرخستنی کۆنگرەن، چونکە دواجار ئامانجە گەورەکە بەستنی کۆنگرە و سەرکەوتن و سەرخستنی کۆنگرەیە کە دەبێتە مایەی سەرلەنوێ گەشانەوەی یەکێتی لە شۆڕشێکی نوێی خەباتی مەدەنی کە بە ستراتیژ و ئایدیایەکی نوێ و سەرکردایەتییەکی نوێوە تێدەکۆشێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی. هەبۆیە دەکرێت بڵێین سەرکەوتنی کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکان مژدەی سەرخستنی پێنجەمین کۆنگرەشە.