هیمداد عەلی
هەرێمی کوردستان و عیراق لەدەیەی رابردوودا بە نائارامیدا تێپەڕیوە، لە ماوەی دە ساڵی رابردودا چەندین گۆڕانکاری روویانداوە کە دیارترینیان شەڕی داعش و لێکەوتەکانی ریفراندۆم بوون.
لەبەر هەبوونی ئەو نا ئارامییە، حزبە سیاسییەکان بیانویان هەبووە کە نەبوونی سەقامگیری سیاسیی و ئارامی هەرێم و عیراق کاریگەریی هەبووە لەسەر نەبەستنی کۆنگرەکانیان، بەڵام لەدوای راستکردنەوەی رێڕەوەوە دیدگایەکی نوێ لەناو یەکێتی سەریهەڵدا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، کە جموجۆڵ و تواناکانی لە ناوخۆی کوردستان و عیراق و ناوچەکە، یەکێتی وەک هێڵیکی جیاواز خستۆتەوەڕوو، سەرباری ئەوەش هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قوباد تاڵەبانی یەکێتییان لە حزبێکی چاودێری دۆخی سیاسییەوە گەڕاندۆتەوە بۆ پێگە رەسەنەکەی خۆی و کردویانەتەوە بە حزبێکی خاوەن بڕیار کە پڕۆژەی بۆ چارەسەری تەنگژەکانی هەرێم و عیراق هەبێت.
دیدگای نوێ بریتییە لە جیاکردنەوەی تایبەتمەندییەکان و رێکخستنەوەی هەیکەلی حزب، لەلایەکی ترەوە ڕەنگە پسپۆڕێکی بوارە جیاوازەکان پێویست بێت بۆ مەکتەبێک یان ئۆرگانێک کە پلەی حزبی نەبێت
وەرگرتنی رەخنە و تێبینی
ئەوەی ئێستا روونە، یەکێتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، پێویستە رەخنە و تێبینی بەشێک لە تێکۆشەرانیش بەهەند وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم باسەدا دیدگای سەرۆکی یەکێتییە کە چۆن یەکێتی دەکات بە خاوەنی بڕیاری خۆی، نەک بەشداربێت لە نەخشەی سیاسی، بەڵکو بەشێک بێت لە بڕیاری سیاسی هەولێر و بەغداش.
پێنجەمین کۆنگرە بە هێنانەپێشەوەی خەڵکی تایبەتمەند لە بوارە جیاجیاکاندا دەیەوێت نەخشەڕێی بوارەکانی ناو کۆمەڵگە دابڕێژێتەوە، بۆیە سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت وەکو کۆنگرەی پارتە سیاسییە نوێیەکان دوو ساڵ جارێک حزبەکەی کۆنگرە ببەستێت، رەنگە ئەم کۆنگرەیە هەموو کەموکورتییە کەڵەکەبووەکان چارەسەر نەکات، بەڵام دوو ساڵی ئایندە دەرفەتێکی گرنگ دەبیت بۆ بەرپرسانی یەکێتی تا بتوانن حزبەکەیان بە دیدگای نوێوە خزمەت بکات، با لێرەدا دەستەواژەی دیدگای نوێ روونبکەینەوە:
رێکخستنەوەی هەیکەلی حزب
دیدگای نوێ بریتییە لە جیاکردنەوەی تایبەتمەندییەکان و رێکخستنەوەی هەیکەلی حزب، لەلایەکی ترەوە ڕەنگە پسپۆڕێکی بوارە جیاوازەکان پێویست بێت بۆ مەکتەبێک یان ئۆرگانێک کە پلەی حزبی نەبێت، بەڵام لەبەر شارەزایی لە بوارەکەیدا دەکرێت سەرکردایەتی یەکێتی یان کۆنگرە دەسەڵات بدات بە سەرۆکی یەکێتی یان ناوەندی تایبەتمەندیی بواری پەیوەست بە سێکتەرە جیاوازەکان کە چۆن سوود لە توانای ئەو پسپۆڕ و شارەزایە وەردەگرن.
بە زمانێکی سادە ناکرێت لەبەرئەوەی ئەندامی سەرکردایەتی بوویت، دەستوەردان لە هەموو شتێکدا بکەیت، وەک چۆن لە وەرزشدا تایبەتمەندییەکان جیاوازییان هەیە لە پسپۆڕیدا، بۆ نموونە ئەستێرەیەکی وەرزشی تۆپی پێ، مەرج نییە شارەزایی تەواوی لە بوارێکی تری وەرزشدا هەبێت.
ئەوەی گرنگە باس بکریت، دەرفەت بدرێت بە گەنجان تا رۆڵی خۆیان ببینن، بە دوو ساڵ ئەم هەموو جووڵە و هێنانەوەی یەکێتی بۆ گۆڕەپانەکە کارێکی بوێرانە بووە. دڵنیاشم بە یەک دیدگا و یەک بڕیار و کاری پێکەوەیی، گەنجان و تێکۆشەرە دێرینەکان دەتوانن داهاتووی یەکێتی و هەرێمی کوردستان و عیراق بەرەوپێش ببەن.