لەو کاتەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی داوە، هەندێک حزب و کەسی دوور و نزیک هەوڵی دروستکردنی پشێوی و بێبەهاکردنی پێنجەمین کۆنگرە دەدەن، بەڵام وەک چۆن کۆنفرانسەکان سەرکەوتوانە بەڕێوەچوون، دڵنیام بەمجۆرە کۆنگرەی حزبیش بەسەرکەوتویی بەڕێوەدەچێت .
زۆر لە دەزگا و حزبی کوردی خەون بە بوونی کێشەوە دەبینن لەناو یەکێتیدا، بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن لەناو یەکێتی کێشە هەیە، دێن رەخنەی کادرێک یان بۆچوونی جیاوازیی کادرێکی یەکێتی بە مانشێتی فوول ئێجدی دەرازێننەوە و پەیجا و پەیج ئاڵوگۆڕی پێدەکەن، بەڕای من ئەو شێوازە بەد رەفتارییە و دەستەکان کەشفن و روون و ئاشکرا دیارن کە ئامانجیان چییە؟
یەکێتی ئەمجارە دەنگی خەڵکی بوێر و دڵسۆز دەبێت، دەنگ و دروشمی جیاواز دەبێت لەدەنگ و دروشمی ئەو کەسانەی جگە لە قسەی بریقەدار و بێکردار هیچی تریان بۆ یەکێتی نەکردوە.
هەموومان کۆدەنگین کە خەباتگێڕ و تێکۆشەرانی راستەقینەی ناو یەکێتی دەبێت رێزیان لێبگیرێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو کەسانەی پشت لە بڕیارە سیاسییەکانی یەکێتی دەکەن، دەرگای تۆمەت بۆ نەیارانی یەکێتی بکەنەوە، چونکە دواجار لە ریزی سیاسەتە گشتییەکانی یەکێتی دەردەچێت.
پێنجەمین کۆنگرەی کۆدەنگی و یەکڕەنگی و نوێگەرییە، حزبێکی سیاسی پێویستی بە بڕیاری بوێر و کادری بوێر و میدیای پرۆفیشناڵ و بوێرە، چونکە ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی لەسەرداوە بێدەنگی بووە .
ئێستا کۆنگرەی پێنجەم دەبەسترێت، دڵنیاین کە کۆنگرەکە سەرکەوتوو دەبێت و دەرەنجامی سیاسی باشی لێدەکەوێتەوە و ناشکرێت بۆحزبێکی خاوەن دەنگ و رەنگ و پێگەی گرنگ، رەخنە نەبێت، رەخنەش دەبێت و بۆچوونی جیاوازیش هەبووە، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جوان دەست و پەنجەی لەگەڵ ئەو دۆخانە راهێناوە و کادری دڵسۆزی یەکێتی ئەگەر رەخنەشی هەبێت، رەخنەکانی خۆشەویستییە و بۆ حزبێکی لەو جۆرە زۆر ئاساییە.
هەموومان کۆنگرەی پێنجەم بە کۆنگرەی وەرچەرخانی سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەزانین و لە قۆناغێکەوە خەباتی سیاسی دەگوازینەوە بۆ قۆناغ و وێستگەیەکی باشتر، هەر ئەوەشە بەشێک لەو حزب و دەزگا سیخوڕییانەی نیگەران کردووە و هەوڵی نائارامی و نانەوەی پشێوی و بێبەهاکردنی ئامانجەکانی کۆنگرە دەدەن، کە ئەوەش خەونێکی زڕە و دوا هیوای نەیارانە.
بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆنگرە بە سەرکەوتوویی، جوانترین چەپکە گوڵە بۆ سەر مەزاری مامی گەورەمان