(18)
*ئامڕازەکانی راگەیاندنی «بەر خۆر یان سێبەر»، زیاتر خزمەت بە ئایدۆلۆژیا و کارنامەی حزبی دەکات؟
-بڕگەی یەکەمی سیانزەھەمین مادەی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی تایبەت بە حزبەکانی ھەرێمی کوردستانی عیراق، ئەو مافەی بە ھەموو حزبێک داوە، ئەو رێوشوێنانەی راگەیاندنی ھەبێت کە بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی، بەپێی یاسا بەرکارەکان بەکاریان دەهێنێت.
لەو مادە یاساییەوە، زانیارییەک پشت راستکراوەتەوە کە حزب مافی گواستنەوە و گەیاندنی باوەڕ و ئامانجە ھاوبەشەکانی ئەو کەسە سروشتیانەی لە رێگەی «رێوشوێنی راگەیاندن»و ئامرازە جۆربەجۆرەکانییەوە ھەیە، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا بیانخەتەگەڕ. کەواتە دامەزراندنی حزب و ئامرازەکانی راگەیاندن، گرێدراوی یەکترن و مانەوەیان و گەشەکردن و بەردەوامییان بەندە بە ھەماھەنگی و ھاوکاری مادی و مەعنەوی نێوانیان.
لەو سۆنگەیەوە، ئەگەرچی یاسای حزبەکانی ھەرێمی کوردستانی عیراق پێویستی بە ھەموارکردنەوەی بڕگە و مادەکانییەتی، بەڵام ھیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەم چەندێتی و چۆنییەتی دامەزراندنی ئامرازە دیجیتاڵی، چاپکراو، بینراو، بیستراوەکانی راگەیاندنی حزبدا نەھێشتوەتەوە. واتە راگەیاندنی بەرخۆر یاخود راگەیاندنی فەرمی حزب، یاسای و رێگەپێدراوە، بەڵام لە سات و سەردەمی پەرەسەندنی پەلەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایلی زیرەک، زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای نوێی گەیاندندا، چیدیکە حزب ناتوانێت ھەر بەتەنیا پشت بە راگەیاندنی دێرین و فەرمی و زمانحاڵی حزب ببەستێت و لە رێگەیەوە ئایدۆلۆژیا و پەیامی ئاشکرا و شاراوەی خۆی بە یار و نەیار بگەیەنێت. ھەربۆیە بەخواستی خۆی بێت یاخود بە ناچاری، دەبێت بیر لە کاریگەرییەکانی راگەیاندنی نافەرمی و سێبەر بکاتەوە و پەنایان بۆ بەرێت و لەوێشەوە شەڕی راستەقینەی دژ و دوژمن و تەنانەت رکەبەرانی خۆشی بکات، چونکە شەڕی سەردەمی نوێ پێویستی بەبیرکردنەوە لە لۆژیک و تەکنیکی نوێی بەکارھێنانی راگەیاندنی ژمارەی نوێ ھەیە!
جاران وڵاتان بە چەک مەیدانیان داگیردەکران، بەڵام ئێستا بە تەکنیکی نوێی زیرەکی دەستکرد و درۆن و ھێزی نەرمی راگەیاندن. ھەربۆیە بەبێ پێشینە و بەبێ ھۆ نییە لە دوای ساڵی 2003 و بەدیاریکراوتر لە پاش کەوتنی گەورە دیکتاتۆری عیراق سەدام حسێن و رژێمەکەی ژمارەی ئەو راگەیاندنانەی لە سێبەری حزبەکان و کەسایەتییە دیارەکانیان دروستبوون رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوون و گەورەبووندان. بەجۆرێک ئێستا ھێندەی «راگەیاندنی سێبەر» ئاڕاستەی شەقام و شۆڕش دەگۆڕێت، نیوھێندە «راگەیاندنی بەر خۆر» توانای مانەوە و بەردەوامی نەماوە. ئەوەش بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئاوابوونی خۆری راگەیاندنی دێرین و زمانحاڵی حزب و تەنانەت حکومەتیش، چونکە بە ئەزموونی چەند دەیەی رابردوو دەرکەوت ئەو ھێزانەی باشتر دەست و پەنجەیان لەگەڵ راگەیاندنی نوێ و سێبەردا نەرمکرد، پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامی سێبەر یان زیاتر رووناکی بینی و کەوتە بەر خۆر و زووتریش بە ئامانج گەیشتن. لەو رووەوە، داعش و بەھاری عەرەبی دیارترین نموونەن. ھۆکاری ئەوەش بەشێکی بۆ دەرھاویشتەکانی سەردەمی نوێی تەکنۆلۆژیای گەیاندن و راگەیاندن دەگەڕێتەوە و بەشێکی گەورەتریشی لە دەرئەنجامی گۆڕین و نوێکردنەوەی ئاست و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی رەخنەیی راگەیاندنە لە پەیامەکانی و لەوانەش کە خاوەندارێتی دەکەن و ھەڵیدەسوڕێنن یاخود کاری تێدادەکەن.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا