کۆنگرە بۆ گۆڕانکاریی و نوێکردنەوە

10:08 - 2023-10-01
لوقمان مستەفا
524 خوێندراوەتەوە

كۆنگرە بەرزترین دەستەڵاتە، كۆبوونەوەی گشتیی حزبە کە تیایدا سیاسەت ‌و ستراتیژ و ئامانجەكانی حزب و پەسەندكردنی پەیڕەو و پڕۆگرام نوێدەکرێنەوە. 
 لە زۆرینەی پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکاندا هاتووە، چوار ساڵ جارێک کۆنگرە و کۆنفرانس دەکرێت ئەگەر بارودۆخ لەبار بێت، هەرحاڵەتێک هاتەپێش و بووە هۆی دواخستنی ئەو پڕۆسەیە، حزب بۆی هەیە دوایبخات تا کەشێکی گونجاو و لەبار دێتە پێش.

ئەوەی حزبە مۆدێرن و دیموكراسیخوازەکان جیادەكاتەوە لەوانی دیكە، ئەوەیە كە كۆنگرەكانیان لە رووی چۆنایەتییەوە پڕ مانا و ناوەڕۆكە و زۆرترین گۆڕانكاری دەكەن

وەک چارەسەرێك بۆ ئەم كێشە و گرفتانە، هێشتنەوەی حزب لە بارودۆخێكدا كە بتوانێ‌ درێژە بدات بە كار و چالاكییەكانی، كۆنگرە باشترین چارەسەرە و   پێداوستییەكی سیاسی‌ گرنگە.
یەكەم كۆنگرەی حزبی لە شاری (بولتیمور) ی ئەمریكی لە ساڵی1831ی زایینی بەسترا. ئێستا زۆربەی حزبەكانی جیهان پەیڕەوی لێدەكەن‌ و بەشێوەی جیاواز كۆنگرە دەبەستن .
هەربۆیە وەک ریفۆرمی نێو خۆیی حزب، باشترین بەدیل کۆنگرە و کۆنفرانسە، بەمەرجێک لە بەرژەوەندیی حزب بێت، نەک تاکەکەسی. وەک هەموان دەزانین لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی پێشووی  هەندێک لە حزبەکان، چەند کەسێک بەرپرسیارێتیان وەرگرت، وەک پێویست لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا نەبوون، لە هەر ئۆرگانێکی حزبی کاریان کردبێت سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە پێویستە لە دوای کۆتاییھاتنی کۆنگرە،  ئەنجامەکانی لەئاست چاوەڕوانیی کادرانی خوارەوە بێت.
 ئەو کەسانەی  دەبن بە ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتی ئۆرگانێکیان دەکەوێتە سەرشان، دەبێت کادری گەنج و ئەکادیمی و رۆشنبیر و کەسانی شارەزای بواری سیاسەتی سەردەم بن، چونکە حزب  کە لە دەسەڵاتدا بوو،  لە رووی ناوخۆیی و دەرەوە زیاتر چاوی لەسەرە، حزبی گەورە هەمیشە بەرچاوترە، بۆیە پێویستی بە کەسانی بەهێز و خاوەن  باکگراوندی رۆشنبیری و بڕیاری جدی هەیە .
هەموان چاویان لە  هەڵسوکەوتی ئەندامانی سەرکردایەتییە لە هەر ئۆرگانێکدا بن، لەبەرئەوەی داینەمۆی هۆشیارکردنی میللەتن.
ئەوەی حزبە مۆدێرن و دیموكراسیخوازەکان جیادەكاتەوە لەوانی دیكە ئەوەیە كە كۆنگرەكانیان لە رووی چۆنایەتییەوە پڕ مانا و ناوەڕۆكە و زۆرترین گۆڕانكاری دەكەن.
پێویستە ئەندامانی کۆنگرە ھۆشیاری یاساییان هەبێت، بۆ لە قاڵبدانی حزبەکەیان و پەیوەستکردنی بە مادە یاساییەکانەوە، ئاگاداری یاسای حزبایەتی بن.
یاسای ژمارە17 ساڵی 1993 بە روونی ئاماژەی پێکراوە کە لە دەقی مادەی چواردا  بە تایبەتی لە خاڵەکانی 1،3،4،5،6 دا هاتووە دەڵێت: مەرجە بیروباوەڕ و ئامانجەکانی حزب ئەمانەی تێدابێت:
1- چەسپاندن و پەرەپێدانی ماف و دەسکەوتەکان کە گەلی کوردستانی عیراق بەدیهێناون..                                    
2- بەدیهێنانی ئامانجەکانی بە رێوشوێنی ئاشتییانە و دیموکراسییانە و باوەڕهێنانن بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی و تیرۆر و لە خشتەبردن.
3- بەکارهێنانی شێوازی دیموکراسییانە لە ژیانی حزبایەتیدا.
4- بڵاونەکردنەوەی دووبەرەکی و جیاوازی لە رەگەز و ئایین و مەزهەبدا.
5-بەرنامە و پەیڕەوە ناوخۆییەکەی پێچەوانەی پەیڕەوی گشتی نەبێت.
پەیڕەوکردنی ئەمانە، ئاستی متمانەی هاووڵاتییان بە حزب و کادرەکانی زیاتر دەکات  
و لە هەڵبژاردنەکان براوە دەبێت و دەسەڵات بەدەستدەھێنێت. 
ئەگەر حزبایەتی بە رەوشت بەرزیی بکرێت، ئەوە بە دڵنیایەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان دەبێت.
بۆیە گرنگە  ئەندامانی كۆنگرە ئەوە بزانن كە گۆڕانكاریی ریشەی و بنەڕەتی، ئەرك ‌و بەرپرسیارێتی ئەوانە و پێویستە بوێرانە و خۆنەویستانە، زۆرترین گۆڕانكاریی ئەرێنی بكەن.

وتارەکانی نوسەر