بێ هەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەترسیدارە

10:29 - 2023-11-01
لوقمان مستەفا
359 خوێندراوەتەوە

جەنگ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی سەدەیەک لەمەوبەر و  ئێستا لە کەرتی غەزەدا چڕبۆتەوە. 
هەرچەندە ئەم جەنگە ناوبەناو سەرهەڵدەدات، هەرجارەی  بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستپێدەکات، هەندێکیان ماوە کورت و هەنێکیشیان ماوە درێژ بووە. 
لە مێژووی ئیسرائیلدا چەندین هێرشی سەربازیی درێژخایەنی بۆ سەر غەزە کردووە لە ساڵانی : 2008، 2012، 2014 ، 2021، 2023 .
 لە ساڵی 2014 و لە ماوەی 50 رۆژدا ئیسرائیل زیاتر لە 2100 فەلەستینی کوشتووە کە 1462 کەسیان مەدەنی و نزیکەی 500 منداڵی تێدابووە.
ئەو هێرشەی کە ناوی ئۆپەراسیۆنی لێواری پارێزەر بوو، نزیکەی 11 هەزار فەلەستینی بریندار بوون و نیو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون،
بەڵام هیچ جارێکیان هێندەی ئەمجارەیان ماڵوێرانکەر نەبووە،  ئەوەش بەهۆی  هێرشی پێشوەختە و دەستپێشخەریی حەماسەوە جەنگ هەڵگیرسا و لە هەردوولا خەڵکی مەدەنی باجی ئەو هەڵانەیان دا. 
وەک وەڵامدانەوەی چاوەڕوانکراو، ئیسرائیل بێڕەحمانە و کوێرانە لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە بۆردومانی غەزە دەکات.
قەسابخانەیەکی  بۆ  خەڵکی بێ دەسەڵاتی کەرتی غەزە دروستکردووە مەگەر بەسەر خۆیان هاتبێ بەدەست نازییەکانەوە.
تاوانەکان هێندە قێزەونن سنووری تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تێپەڕاندووە! خەڵک و  خاکەکەی بەیەکەوە تەخت دەکرێن و دەسووتێن و ئەمەش  دەبێتە جینۆساید.
دیارە جینۆساید لە سادەترین پێناسەیدا كوشتنی بە كۆمەڵ دەگەیەنێت. گەر تەنیا وشەی "جینۆساید" بە نموونە وەربگرین، ئەوە چەندین كاری بێویژدان و دوور لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەكان لەخۆدەگرێت.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانییە سەبارەت بەم تاوانانە.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1946، لە یەکەم دانیشتنیدا، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە جینۆساید بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە، بەڵام پێناسەیەکی یاسایی تەواوی بۆ تاوانەکە نەخستەڕوو. 
لە ساڵی 1948، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکەوتننامەی رێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید (CPPCG)ی پەسەند کرد و بۆ یەکەمجار پێناسەی کرد. 
جینۆساید رەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گروپە مرۆڤایەتییەکانە، وەک چۆن کوشتن رەتکردنەوەی مافی ژیانی تاکەکانە.
کەچی هەر ئەم رێکخراو کۆمەڵەیە ئێستا لەم گرژی و ئاڵوزییانەدا بە پێش چاویانەوە جینۆساید دەکەن و ئەوانیش بێدەنگن!
ئەم بێ هەڵوێستییەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی مافی مرۆڤ، زۆر مەترسیدارە، چونکە رێگە خۆشکەرە بۆ دوژمنەکانی ئێمەی کورد کە دەکرێت لەمەودوا دەستکراوەبن و بێترس ئەم هەلە بقۆزنەوە و  هێرشەکانیان دەستپێبکەن و چاوەڕوانی کوشت و بڕێکی لەم چەشنە بین!
فەلەستین لەلاین چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی، پشتیوانیی مادی و لۆجستی دەکرێن و  ماکینە میدیایە زەبەلاحەکانی جیهان نەهامەتییەکانیان دەگەیەنێتە هەموو دونیا، بەڵام ئێمەی کورد پشت و پەنای پێویستمان نییە، بەمەش زیانی گەورەمان پێدەگات.

وتارەکانی نوسەر