سەودا و سکاڵای سەدە

10:06 - 2024-01-15
لوقمان مستەفا
379 خوێندراوەتەوە

بەهەموو پێوەرێک شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزەی فەلەستین کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بەو هۆیەی کە زیانێکی گەورەی بە خەڵکی مەدەنی گەیاندووە.

ئەوەی ئاگری شەڕەکەی خۆشکردووە
ئەوەی ئاگری شەڕەکەی زیاتر خۆشکردووە سیاسەتی ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی رۆژئاوایە، بەدیویکی تردا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرنامە و پرۆژەیەكیان بۆ خۆرهەلاتی ناوەراست هەیە كەخۆی لە كۆتاییهێنان بەدەستێوەردانەكانی ئێران و وولاتانی تر لەململانێەكان دەبینێتەوە و هەروەها نەهێشتنی گروپە توندرەوەكان لەم ناوچەیە کە ستراتیژی ئەمەریكایە، بۆیە هێرشی حەماس و دەستپێشخەری بۆ ئەم هێرشە كارتی تری لەپشتەوەیە لەوانە سەرنەكەوتنی پرۆژەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەک و پرۆژەی ئەمریكا لەناوچەكە لەلایەکی تر.
چونکە بە روونی دیارە سیاسەتی ئەمریکا بەردەوام مامەڵە و سەودای بە ئاشکراو بێ پێچ و پەنایە لە پشت پیلانەکانی ئیسرائیلەوەیە دژ بە فەلەستینیەکان، هەروەک بینیمان چۆن پشتگیری لە پرۆژەی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کە بە پرۆژەی  سەودای سەدە ناو زەندکرا.
-سەودای سەدە.. پەرلەمانی  دەوڵەتی ئیسرائیل 19ی تەموزی ساڵی 2018 وێڕای ناڕەزایی بەربڵاوی فەلەستینییەکان و بەشێکی وڵاتانی جیهان، پرۆژەیاسای رەگەزپەرستانەی ئیسرائیلی پەسەند کرد.
یاسای رەگەزپەرستانەی «ئیسرائیل»، فەلەستین بە  وڵاتی زایۆنییەکان دەزانێ و فەلەستینییەکان لەهەموو مافی شاروومەندێتی و مرۆییان بێوەری دەکات.
یاسای رەگەزپەرستانەی «ئیسرائیل»  یەکێک لە تەوەرەکانی پلانی ئەمریکایی  بە سەودای سەدە دێتە ئەژمار، کە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە داڕێژراوە و پرۆسەی جێبەجێ کرانی دەست پێکردووە.
نوێنەرانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان  دژ بەو پرۆژە یاسایە، واتە لەبەر یاسای رەگەزپەرستانەی «ئیسرائیل»بە شێوەی فەرمی دژ بە رژێمی زایۆنی سکاڵایان بەرزکردەوە و خوازیاری لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بوون.
بەپێی راپۆرتی ئیرنا؛ نوێنەرانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسای ڕەگەزپەرستانەی (ئیسرائیل)یان بە جێی نیگەرانی و پڕمەترسی وەسفکرد و جیهانیان لەو مەترسییە ئاگادارکردەوە، تا رێ بگرن لە دەوڵەتی ئیسرائیل  و پرۆژەکەی هەڵوەشێنێتەوە.
- سکاڵای سەدە.. ئەو  سکاڵایەیە کە بۆ یەکەمجار ئەفریقای باشوور  لەبری دەیان دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی لەسەرتاسەری جیهان لە دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، دژی ئیسرائیل تۆماری کرد، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە  ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەیکات. 
ئەفریقای باشوور لەو داوایەیدا کە 84 لاپەڕە لەخۆدەگرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە کردەوەکانی ئیسرائیل و کوشتنی فەڵەستینییەکان لە پۆلێنی جێنۆسایدن، هەروەها لە داواکارییەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل «نەیتوانیوە رێگری لە جینۆساید و لێپێچینەوە لە هاندانی راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ جینۆساید بکات».
ئەوە بوو لە 11 و 12ی /1/ 2024 ی دادگای دادی نێودەوڵەتی یەکەم دانیشتنی خۆی سەبارەت بە سکاڵاکە ئەنجامبدات، ئەفریقای باشوور دەیەوێت دادگای  دادی نێودەوڵەتی بەپەلە فەرمان بە ئیسرائیل بکات هێرشە سەربازییەکانی لە غەززە بوەستێنێت.
خۆشبەختانە لە پەیماننامەی جێنۆساید هەموو دەوڵەتانی ئیمزاکار نەک تەنها پابەند دەکات، کە جێنۆساید ئەنجام نەدەن، بەڵکو پێشگرتن و سزادانیشی بۆ دیاریکردوون.

بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی
بۆیە ئەگەر بریارەکانی ئەم دادگایە لە بەرژەوەندی سکاڵاکەی ئەفەریقای باشوربوو؛  ئەوا دەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ هەموو ئەو گەلە ستەملێکراو و ژێردەستانەی وەک گەلی کوردن کە دەتوانن نەهامەتییەکانی خۆیان لە رێی ئەم دادگایەوە لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە.
 چونکە بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسایی و ئەخلاقیان هەیە. بیڕوڕای دادوەران بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی یاسا و فراوانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. کاریگەرییەکانی بەگشتی زیاترە لەسەر دەوڵەتە خاوەن کێشەکان، دەستوورەکانی و حوکمەکانی دادوەری دادگا (قطعية) و پێداچونەوە هەڵناگرێت.
بەکورتی گرنگی ئەم دادگایە (دادگای دادی لاهای) لەوەدایە، کە دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسایی و ئەخلاقی هەیە. دادوەرانی دادگا نوێنەری سستمی یاسایی و بنەما دادوەرییەکانی شارستانیەتی مرۆڤن، هەریەک لە دادوەرەکانی دادگا، دەبێت لە وڵاتێکی جیاوازەوە هەڵبژێردرێت و  دادوەرانی هەمیشەیی، نوێنەری وڵاتەکانیان نین لە دادگادا و دەبێت سەربەخۆیانە کاربکەن.

نەهامەتییەکانی خەڵکی غەزە بە هۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس

وتارەکانی نوسەر