باکگراوند

پاشەکشەی سیاسی و میدیایی

10:11 - 2023-10-01
جەمال ئارێز
383 خوێندراوەتەوە

(13 )

میدیاکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و راپرسی لە جیهاندا بەگشتی، پێش هەڵبژاردن و کۆنگرەی حزبە کاریگەرەکان  پێشبینیی چاودێرانی سیاسی بەهەند وەردەگرن و راپرسییەکان دەکەنە کەرەستەی توێژینەوەکان سەبارەت بە سەرکەوتن یان پاشەکشەی حزبی (A) بەرامبەر حزبی (B)، یاخود پاشەکشە یان سەرکەوتنی فڵانە کارەکتەری سیاسی و روونکردنەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، دیارە ئەنجام و خوێندنەوەی ئەو توێژینەوانە، دووبارە دەبنەوە کەرەستەی میدیایی و لە شێوەی هەواڵ و راپۆرت و دیداری رۆژنامەنووسی.
لەبەرامبەر ئەوەدا، هێشتا ئەو رێوشوێنە بەتایبەتی لە کوردستان و عیراقدا، وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە کە حزبەکان و کارەکتەرە سیاسییەکان توێژینەوە لەسەر سەرکەوتن و پاشەکشەی دامەزراوە و سەنتەرەکانی راپرسی و میدیاکان بکەن و خاڵە لاواز و بەهێزەکانیان دیاری بکەن.
بە پێداچوونەوە بە باکگراوندی ئەو توێژینەوە و راپرسییانەی لە رابردوودا کراون، بۆمان دەردەکەوێت کە کامە دامەزراوەی توێژینەوە، یان میدیا لەڕێی دروستیی خستنەڕووی زانیارییەوە توانیوێتی زۆرترین راستی بخاتەڕوو یان تاچەند راپرسییەکەی لەگەڵ ئەوەدا یەکی گرتۆتەوە کە لەسەر ئەرزی واقیع رەنگی داوەتەوە؟ 
ناکرێت نکوڵی لەوە بکرێت کە هەرچی لە میدیاوە دەوترێت تەنها هەڵڵای میدیایی و درۆ و بوختانە، چونکە بە دڵنیاییەوە وەک دەوترێت هیچ دوکەڵێک بێ بوونی ئاگرێک لەئارادا نییە، بەڵام ئاگرەکە چییە و دوکەڵەکە چەندە لێرەوە میسداقییەتی میدیاکە دەردەکەوێت!
باکگراوندی دروستکردنی هەواڵ و راپۆرت و دیدار و شرۆڤە و پێشبینی بۆ کۆنگرەکانی یەکێتی، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەتایبەتی لە سێیەمین کۆنگرەوە کە کەوتۆتە سەردەمی سەرهەڵدانی دیجیتاڵ میدیا و بوونی میدیای (ئەهلی!) و سۆشیال میدیاوە تا دەگات بە پێنجەمین کۆنگرە کە تا نووسینی ئەم گۆشەیەش کارەکانی تەواو نەبووە، جگە لەوەش قسەکردن لەسەر ئەو کارەکتەرە سیاسییانەی ی.ن.ک کە چالاک و هەڵسووڕاون و سەرکردەی جەماوەرین چ لەناو حزبەکەدا یاخود کارەکتەری دەوڵەتدارین لەسەر پشکی یەکێتی.
بۆ نموونە هەمیشە دەبینین ئەو کارەکتەرانەی تا لەناو یەکێتیدا جموجۆڵیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەیە، لەو جۆرە میدیایانەوە سێرەیان لێ دەگیرێتەوە و هەزار و یەک تەفسیر و تەئویل بۆ دەست خوراندنیشیان دەکرێت و لێکدانەوەی سەیر و سەمەرەی بۆ دەکرێت بەناوی خوێندنەوەی زمانی جەستەوە، بەڵام کە دەردەکەوێت هیچ کام لەو شرۆڤە و لێکدانەوانە راست نین، نابینین کە سیاسییەکان و خەڵک ئەو جۆرە میدیایانە وا لێبکەن لەڕێی توێژینەوە و راپرسیییەوە کە چیتر خەڵک هەواڵ و راپۆرت و شرۆڤەکانیان بەهەند وەرنەگرێت، باشترین نموونەش لەسەر پێنجەمین کۆنگرەیە کە زۆربەی ئەو میدیایانە جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە گوایە پەیڕە و پڕۆگرام بابەتێکی ئامادەیە و بێ موناقەشە ئەندامانی کۆنگرە بەڵێی بۆ دەکەن، ئاخۆ دەبێت ئەم جۆرە میدیایە میسداقییەتی مابێت؟ ئایا لەوە سڵ ناکەنەوە کە لەمەودا هەواڵ و شرۆڤە راستەکانیشیان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە و بەدەردی (مەلەوانە درۆزنەکە) بچن؟

وتارەکانی نوسەر