کۆنگرە بە ئەندێشەی دیداری یەکێتیی بەڕێوەچوو کە دیالۆگ تێیدا زاڵ بوو، ئەوەی دوور و نزیک چاودێریی کۆنگرەی کرد تێگەیشت کۆنگرە لە کەشێکی تەندروستدا بەڕێوەچوو.
سەقفی زەمەنی کۆنگرە وادیارە بەهێندەی شەن و کەوکردنی دۆزەکەیە، کە هێز و نوێگەریی و مەسەلەی بنچینەیی ناو حزبە.
ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا دیمەنێکی جوانی دەرخست؛ ئەوە بوو کە دەستە و گروپ و تاقم تاقمێنەی بەرژەوەندخوازی تێیدا زاڵ نەبوو و دەرفەتی گەرایان نەما، حزب بەرەو ناوەندگەرایی چووە و هەیبەتی بۆ گەڕاوەتەوە.
کەشی ئازاد لە دیالۆگەکان دیارەو رەنگیداوەتەوە، میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم و چاودێر نزیک بوو و چرکە بە چرکە رووداوەکانی روماڵ دەکرد.
هاوشێوەی کۆنگرەی حزبێکی لیبراڵی ئەوروپایی
ئەم کۆنگرەیە زیاتر لە کۆنگرەی حزبێکی لیبراڵی ئەوروپایی دەچوو، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک دوو نەوەی مام جەلال داینەمۆ و زامنی کەشی ئازادی ناو کۆنگرە بوون و قەڵغانی پارێزگاری دیموکراتی بوون.
سەرۆک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت.کە زۆر نزیکی 599 ئەندامەکەی کۆنگرە بوو، لیژنە بە لیژنە دیالۆگ دروستدەکات و خۆی ژانرە.
لەپڕێکدا سەرۆک دەهاتە ناو رۆژنامەنووسەکان و خەمی ماندوبوونی دەسەڵاتی چوارەمی گەلی بوو؛ کە بەهۆی درێژبوونەوەی رۆژەکانی کۆنگرە، لە گەرمای بەردەم هۆڵەکەدان و ماندوون.
لەلایەکی ترەوە لەناو خواستی خەڵکدابوو، گوێگرێکی باش بوو و دەیویست دەستێکی خێربێت.
خەمی قانوونی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی بوو
سەرۆک هەرلە کۆنگرەدا خەمی قانوونی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی بوو و بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنی یەکێتیی دا بۆ بەغدا.
داوای کرد بەشداری پرسە گشتییەکان بن، کۆنگرە بۆ یەکێتییەکانە؛ بەڵام دانیشتنی پەرلەمان موڵکی گەلانی عیراق و کوردستانە و پەیوەستە بە شەڕی ئەرک و مافی گشتییەوە.
سەرۆک وەک هەمیشە سادە و خاکی دەردەکەوت، غرور نییە و باوەڕدارە بەهێز و دەسەڵاتی خودا، بڕگە بە بڕگە بەشداربوو لە دیالۆگی بنیاتنەرانەدا. دەردەکەوت لەسەر وشەیەک گفتوگۆی جدی دروستدەبوو، لەناو مشتومڕی پەیڕەودا کە دەستووری حزبە و گرنگە؛ بە رەهایی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالی تێدا رەچاوکراوە و ژنانی تێدا فەرامۆش نەکراوە.
سەرۆک هەمەجۆر کاری خۆی دەکرد، کەشێکی فرەیی و دوور لە سانسۆری سەپاندووە.
هەموو چینەکان نوێنەریان هەیە
هەموو چینەکان لەناو کۆنگرەدا نوێنەریان هەبوو، گەنجان و خاوەن تەمەن، ژنان و پیاوان و گشت پێکهاتەکان حزوری جدیان هەبوو.
کۆنگرە زۆرتر لە مۆزایکێکی جڤاکی دەچوو، کە ئامانجی زیاترە لە چوارچێوەی یەک حزبی سیاسیدا.