کەوتنی رژێمەکانی ناوچەکە لە یەک دەچن

10:35 - 2024-12-24
رێبین عومه‌ر‌
71 خوێندراوەتەوە

چارەنووسی رژێمەکانی ئەم ناوچەیە یەک فیلمە و دەرهێنەرەکانیشیان چاوشین و قژ زەردەکانن کە بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە ئاراستەی چارەنووسیان دەکەن و هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دە هانگاو بۆ دواوە  گەلان دەهێنن و دەبەن

ڤیدیۆیەکم بینی کە ئەندامانی سوپای پێشووی سوریا بۆ پاکانە کردن، بە ریز وەستاون تا ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
دەسەڵاتی سەربازیی نوێ لەبەردەم پێی سەربازەکان وێنەیەکی بەشار ئەسەدی داناوە دەبێت سەربازەکان بەسەر وێنەکەدا بڕۆن ئەو سەرۆکەی کە بە باڵایا هەڵیان دەداو «خوا و  سوریا، بەشار و بەس»..
هەیان بوو دووجار بەسەر وێنەکەدا دەڕۆیشت. 
کەوتنی رژێمەکانی ناوچەکە لەیەک دەچن و چەپڵە و سووکایەتی کردنەکانی میللەتیش کت و مت وەک یەکن. 
لە عیراق ساڵی 1958 عەبدولکەریم قاسم کە ئەفسەرێکی سوپای مەلەکی بوو توانی گەورە و بچووکی ماڵی پادشا قەتلوعام بکات، خەڵک وێنەی قاسمیان گەورەکرد و تفیان لە بنەماڵەی پادشای عیراق کرد، بەوەشەوە نەوەستان ماڵ و سەروەتیان تاڵانکرد. 
لە تەواوی عیراق، وێنەی قاسم بەرزکرایەوە و خەریک بوو بەرەو ئەوە دەڕۆی کە قاسم پیرۆز بکەن، چەندین ناویان بۆ ئەو وەک رێز و خۆشەویستی بەکاردەهێنا. گروپێکی ئۆلیگارشی لە عیراق دروست ببوو کە خۆیان ناو نابوو قاسمییەکان. 
ئەو گروپە خۆیان بە دڵسۆزی ژەنراڵ قاسم دادەنا، بەناوی ئەوەوە کار و کاسبی و پڕۆژەکانیان بۆخۆیان قۆرخ کردبوو. 
لەسەر شانی قاسم و نمایشەکانیان دەوڵەمەندببوون و کاروباریان بەباشی دەڕۆی. 
ئەو رۆژەی کودەتا بەسەر قاسمدا کرا، لە 8ی شوباتی 1963دا، کەس نەبوو بەرگری لە ژەنراڵ بکات جگە لە کوردە فەیلییەکانی بەغدا. 
ژەنراڵیان لەوەزارەتی بەرگری کوشت و دواتر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن سووکایەتییان بە تەرمەکەی ژەنراڵەوە کرد. کەس نەبوو بەرگری لەو پیاوە بکات کە پێشتر گەلی عیراق پیرۆزیان کردبوو. 
لە قاسمییەکانیان دەپرسی بۆ بەرگریتان لە ژەنراڵ نەکرد؟ دەڵێن: 8ی شوبات پشوو بوو هەموومان لە ماڵەوە بووین.
دواتر کە عەبدولسەلام عارف هاتە سەر تەخت بە هەمان شێوە پیرۆزکرا، فیلمی مێژووی گەلان و رژێمەکانی خۆیان دووبارە دەکەنەوە. 
چارەنووسی رژێمەکانی ئەم ناوچەیە یەک فیلمە و دەرهێنەرەکانیشیان چاوشین و قژ زەردەکانن کە بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە ئاراستەی چارەنووسیان دەکەن و هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دە هانگاو بۆ دواوە گەلان دەهێنن و دەبەن.

وتارەکانی نوسەر