لێم دەپرسن؟

09:43 - 2023-10-03
پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس
216 خوێندراوەتەوە

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

 

*بۆچی حزبە کوردییەکان رێگری لە ریفۆڕمی میدیایی و دروستبوونی میدیای نیشتمانی دەکەن؟

-بەدڵنیاییەوە هەموو رێکخراوێکی سیاسی پشت بە کارنامەیەکی دیاریکراوی کارکردن دەبەستێت پێویستە هەڵقوڵاوی بڕگە و مادەکانی پێڕەوی ناوخۆی بێت. پێڕەوێک تێیدا پلان و پڕۆژە و پڕۆگرام و نەخشەڕێی بۆ ئەو کەرت و کایانە لەبەرچاوگرتبێت کە دەکەونە چوارچێوەی گرنگی پێدان و خەباتی سیاسییەوە.
لەڕووی تیۆرییەوە، پاراستنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری لە دەستوور و یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەقنووسکراون و لە سەروەختی بانگەشەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیشدا وەک دروشم دێنەوە بەرباسی لیستە رکەبەرەکان، بەڵام لەڕووی کردەییەوە کەم و دەگمەنن ئەو هێز و حکومەتانەی پێداگری لەسەر چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی و پایەکانی بکەنەوە دیارترینیان مافی دەستگەیشتن بە زانیاری و ئازادییەکانی کارکردنی رۆژنامەوان و رۆڵی رۆژنامەگەری بنکۆڵکارییە لە دەرخستنی سێکوچکەی گوندەیی و گەندەیی و گەندەڵی هێز و هەژموونی حزب لەنێو حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و تەنانەت میدیایشدا!
ریفۆڕمی میدیایی و میدیای نیشتمانی، دوان لەو بوارە گەورە و گرنگانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی بندەستی عیراقن بە دەگمەن نەبێت لەلای هیچ رێکخراوێکی سیاسی و فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نەبوون بە خەم و خولیا و خاڵی دیاری کار لەسەرکردن. بەشێکی ئەو کەمتەرخەمییە، بۆ تێنەگەیشتن و پێنەگەیشتنی هۆشیاری میدیایی دەستەبژێری سیاسی کوردستان دەگەڕێتەوە میدیا تەنیا وەک ئامڕازێکی پڕوپاگەندە و بوقێک بۆ فوتێکردنی ناو و ناوبانگی نانپێدەر و خاوەنی بەرژەوەندییەکان دەبینن. بەشێکی دیکەی کەمتەرخەمییەکەش بۆ دۆخی گشتی کوردستان دەگەڕێتەوە هێند کەرت و کایەی لەپێشتر هەن چاکسازییان تێدا بکرێت، حزبە کوردییەکان بەگرنگیان نەزانیوە لەڕێگەی چاکسازیکردن لە ژینگەی میدیایی و سیاسەتی میدیایی، گوتارێکی سەنگینی میدیایی بەرهەمبهێنن و بەوەش چاکسازی نیشتمانی لە کەرت و کایەکانی دیکەشدا بکەن!
ئەزموونەکان دەریانخستووە میدیا و ئامڕازە جۆربەجۆرەکانی، لەتوانایاندایە پەیوەندی هاوبەرپرسیارێتی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا دروستبکەن و پێکەوە رێگە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان و سامانی گشتی وڵات بگرن. بۆ نموونە، ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داهات و دارایی دەیان دامەزراوەی میدیای سێبەری حزب و کەسایەتی و کۆمپانیاکان کە لە دوو دەیەی رابردوودا رۆژ بەڕۆژ زیاتر و فراوانتربوون. ئەوەش لەکاتێکدایە لە دوای 2014ەوە و بەهۆی سنوورداریی کاری ئەو کۆمپانیا گەورانەی جاڕی بازرگانی بۆ برەودان بەرهەمەکانیان دەدەن و دەرکەوتنی قەیرانی داراییەوە، سەرچاوەی داهاتی دەیان دەزگای میدیایی راگیران و نەیانتوانی درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن!
لەو دۆخە ناهاوسەنگەدا، ئێستا حزبە کوردییەکانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات و هاوپەیمانەکانیان، خاوەنی دەیان دەزگای میدیاین راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەژێنرێن و ئاڕاستە دەکرێن. جا ئەگەر بچووکترین هەوڵ و هەنگاوی ریفۆڕمی میدیایی سەرپێ بکەوێت، بەدڵنیاییەوە بەشێکی زۆری دەزگا سێبەرەکانیان دادەخرێن و بەهۆیەوە ژینگەی میدیایی کوردستان کەمێک پاک و پووختەتر دەبێتەوە. ئەوکاتیش دەتوانرێت بیر لە سەرپێخستنی پڕۆژەی میدیای نیشتمانی سەنگین و پیشەوەر بکرێتەوە، تاوەکو ببێت بە دەنگی بێدەنگان و رەنگی بێڕەنگان و هەموان خۆیانی تێداببیننەوە.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر