جەمال ئارێز
مام جەلال نموونەیەکی باڵای توانای گەنجانەیە بۆ سەرکردایەتی کردن، مێژووی دەستپێکی خەباتی ئەو سەرکردەیە لە 13 ساڵییەوە دەستپێدەکات، ئەگەرچی دروستکردن و دامەزراندنی رێکخراوێکی ئاسایی بۆ خوێندنەوە لەناو هاوتەمەنەکانی خۆیدا دەشێت بۆ سەردەمی ئەمڕۆمان کارێکی سادە و سانا بێت، بەڵام بۆ سەردەمانێک کە لە کوردەواریدا زۆرێک لە مەلا و خەڵکی رەشۆکی بە خوێندنی خوێندنگە و ئاساییان دەوت (عیلمی شەیتان)، بیرکردنەوە لە کۆمەڵەیەک بۆ خوێندنەوە و ئاڵوگۆڕی کتێب و لەنێوان چەند هاوڕێیەکی مێردمنداڵدا وەک ئەوەی پێی دەڵێن (موتالەعەی خاریجی) واتە لەدەرەوەی ئەوەش کە لە خوێندنگە پێی وتراوە (عیلمی شەیتان) بۆخۆی جۆرێک بووە لە رچەشکێنی و هاوکات بینینی رۆڵی سەرکردایەتی.
ئەندامی سەرکردایەتی و دواتر مەکتەبی سیاسیی پارتی
جگە لەوە مام لە تەمەنێکی زوودا بە سکرتێری قوتابیان و دواتر لاوان هەڵبژێردراوە، هەروەک بەگوێرەی تەمەنەکەی زوو بۆتە ئەندامی سەرکردایەتی و دواتر مەکتەبی سیاسیی پارتی کە بۆ ئەو رۆژگارە گەورەترین و بگرە بەهێزترین حزب بووە لە باشووری کوردستاندا.
لە یەکێک لە گێڕانەوەکانیدا سەرۆک مام جەلال باسی یەکەم بینینی سەرکردەی نەمر (عومەر دەبابە) دەکات کە ئەوێ رۆژێ کاک عومەر ئەندامی لقی هەولێری پارتی و لێپرسراوی ناوچەی کۆیەی پارتی بووە، مام دەڵێت: ئێمە کۆمەڵێک مێردمنداڵی تازە پێگەیشتووی کۆیە بووین، پلەی ئەندامێتیشمان لەناو پارتیدا نەبوو تەنها دۆست بووین. هەروەها دەگێڕێتەوە کە کاتێک کاک عومەر لە چایخانەی گەورەی کۆیە لەگەڵ پیاوماقوڵان و ئەندامە باڵاکانی پارتی دادەنیشت لە ئەنقەست خۆمان لە مێزەکە دەدا تا ئاوڕ بداتەوە و سڵاوێکی لێ بکەین و لەنزیکەوە بیناسین!
قەدەر وایکرد مام جەلال بەهۆی زرنگی و زۆریی جموجۆڵ و چالاکییە سیاسییەکانەوە گەشەی کرد و بووە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ناو ریزەکانی پارتی و بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی هێزی رزگاری و سەرنووسەری رۆژنامەی رەسمیی پارتی و لەکاتی دانوستانەکانی شۆڕشی کورد و حکومەتەکانی عیراقدا یان سەرۆک یان ئەندامی وەفدی دانوستانکار بوو.
خەبات هاوشان لەگەڵ سەرکردەکانی تردا
وەنەبێت مام لە غیابی سەرکردە گەورە و رووناکبیر و بەناوبانگەکاندا ئەو رۆڵ و ئەرکانەی پێ سپێردرابێت، نەخێر بەڵکو لە هەمان ئەو ماوەیەدا بووە کە هاوشانی مامۆستا برایم ئەحمەد و کاکە دەبابە و حیلمی عەلی شەریف و دەیان سەرکردەی منەوەری دیکەی کوردایەتی خەباتی کردووە، تەنانەت لە ئینشیقاقی دوو باڵەکەی پارتیدا لە 1964 بەهۆی هەڵسوڕاویی و چالاکییەکانی مام جەلال-ەوە لەناو خەڵکی ئاسایی باڵی خوالێخۆشبوو بارزانی بە باڵی مەلایی ناوی دەرکرد و باڵی مەکتەبی سیاسی لەناو ئەو هەموو سەرکردە مەزنەدا بە باڵی جەلالی ناسرا!
لەدوای ئاشبەتاڵ زۆر کۆبوونەوە و گفتوگۆی نهێنی لەنێوان زۆرێک لە سەرکردە و کادرە باڵاکانی شۆڕشی ئەیلولدا لە تاراوگە و رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستانیشدا بەڕێوەچوو بۆ درێژەدان بە خەبات و بەردەوامیدان بە شۆڕشەکە، بەڵام هەمووی بێ هوودە بوو، لەوێدا دووبارە رۆڵی سەرکردایەتی گەنجانەی سەرۆک مام جەلال دەردەکەوێتەوە کە تەنها لەماوەی (3) مانگدا چەند کۆبوونەوە و گەشتێکی مەکوکی دەکات و مانیفیستۆی دامەزراندنی یەکێتی ئامادە دەکات و لە 22/5/1975 یەکەم بەیاننامە دەنووسن و لەماوەی تەنها (8) رۆژدا زۆرترین تێکۆشەر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەدەوری ئەو مانیفیستۆیە خڕدەکاتەوە و لە 1/6/1975یشدا دامەزراندنی یەکێتی رادەگەیەنێت. رۆژگار هات و رۆیشت ئەو عومەر دەبابەیەی کە مام جەلالی مێردمنداڵ لەخوای دەویست ئاوڕێکی بۆ بداتەوە و بزەیەکی بۆبکات و وەڵامی سڵاوەکەی بداتەوە، هەمان عومەر دەبابە بە شانازییەوە بووە سەرکردە لەو حزبەدا کە مام جەلال سەرۆکایەتی دەکرد!
ئەم دیمەنە دەبێت پەندێک بێت بۆ تێکۆشەرانی ئێستا کە ئەگەری هەیە هەموومان بتوانین تێکۆشەری سەرڕاست و بە ئەمەک بین بۆ کوردایەتی و مرۆڤایەتی، بەڵام سەرکردایەتی و رێگریی لە کەوتنی ئاڵای خەبات و تێکۆشان بەهرەیەکە و دەشێت لە تۆدا هەبێت و لەمندا نەبێت، بەڵام ئەگەر ئامانجی راستەقینەی من خەبات و تێکۆشانە، دەتوانم ببمە هاوکاری ئەو گەنجەی بەهرە و توانای سەرکردایەتیکردن و رێبەرایەتی تێدایە، نەک تەمەنی خەبات و تێکۆشان بەتەنها بکەمە پاساوی ساردبوونەوە و دوورەپەرێزی لە خەبات.