ئا/ رێبین عومەر
مام جەلال هەموو ژیانی دانایی و حیکمەت بووە، بەوە ناسرابوو کە لەوەڵامدا خێرابوو، بۆ وەڵام نەدەگەڕا و دانەدەما، بەڵکو دەستبەجێ دانایانە و ئازایانە بە لۆژیک دەدوا و وەڵامی بەرامبەرەکەی دەدایەوە.
تێکۆشەری دێرین یوسف زۆزانی کە یەکێکە لە هەڤاڵانی رێگەی خەباتی سەرۆک مام جەلال، باس لەوە دەکات کە لە سەروەختی دانوستانەکانی یەکێتی و رژێمی بەعسدا لە ساڵی 1984، تاریق عەزیز سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری رژێم بوو و نوێنەرایەتیی سەدامی دەکرد لەو دانوستانەدا، لەناو قسەکانیدا وتبووی کورد هەموو مافەکانیان بەدیهاتووە و هیچ جیاوازییەک نییە، لە نێوان من و هەر کوردێکدا!
مام جەلال-یش لە وەڵامدا بە تاریق عەزیز دەڵێت: ئایا رازیت بەوەی هەمان ئەو مافەی تۆ هەتە لەم هۆڵەدا منیش هەمبێت؟ تاریق عەزیز لەوەڵامدا دەڵێت بەڵێ، لەو کاتەدا مام جەلال ئاماژە بۆ دروشمێکی بەعس دەکات کە لە هۆڵەکەدا هەڵواسرابوو و بە خەتێکی پان نووسرابوو (امة عربیة واحدة... ذات رسالة خالدة) و وتی: (امة کردیة واحدة ... ذات رسالة خالدة )، هەروەها دروشمی دووەمیش نووسرابوو (الحزب القائد حزب البعث العربي الاشتراکي) و مام جەلال وتبووی (الحزب القائد الاتحاد الوطني الکردستاني). خێرا تاریق عەزیز قسەکەی پێ بڕی و وتی: نا.. نا..
ئیتر مام جەلال بە پێکەنینەوە وتی: کەواتە چۆن ئیدیعای ئەوە دەکەیت کە ئێمە یەکسانین لە مافەکانماندا؟
مام جەلال لە سیاسەتدا هەمیشە وەڵامی خێرابوو، نەدەگەڕا بۆ وەڵام، دانایی سەرۆک مام جەلال لەوەدابوو هەمیشە چرکەساتی مێژوویی دروست دەکرد، مام جەلال بەو جۆرەبوو بەرەهایی سیاسیی و سەرۆک و رابەری گەل و شۆڕش بوو، خەمی مام جەلال مافی کورد و پارێزگاریکردن بوو لە کورد و کوردستان.