محەمەد رەئوف قوربانی
کایەی سیاسی لە کوردستان، بێ یەکێتی بێ بەهایە، بەئومێدی هەنگاونان بەرەو رووناکی، دەنگ دەدەین بە یەکێتی.
ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی حزبەکان، دەنگ بە حزبی خۆیان دەدەن، داکۆکی لێدەکەن، ئەوە مافی خۆیانە، بەڵام بۆچی دەبێت گوشار بخەنە سەر بیری روون و راست و دروستی ئەندامێکی یەکێتی، کە لەسەر دار و پەردووی هەزاران گوندی رووخاو ئێسک و پروسکی دەیان هەزار شەهید و قوربانیی رێگەی رزگاریی پەروەردە بووە و بیری بۆ تێکۆشان و قوربانیی و کوردایەتی زاخاو دراوە، ئەوەیە بانێک و دووهەوا! یەکێتییەک، هەر لەسەرەتاوە بڕوای بە بیری ئازاد و فرەمینبەر و بە ئاشتی و پێکەوە ژیان هەبووبێت و تائێستاش هەر بەردەوامە لەسەر ئەو رێچکەیە، ئیتر چۆن نابێتە پێشڕەوی ئەو کاروانەی هەموو تواناکانی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان خستبێتەکار.
چەندین حزب لە هەناوی یەکێتییەوە جیابوونەوە و پێکهاتن، هەزاران کەسیان لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و پێشمەرگە و ئەندام و دۆست و لایەنگری یەکێتیشیان لەگەڵ خۆیاندا برد، کەچی تائێستا یەکێتی هەر بەپێوە وەستاوە و پێشڕەوی کوردایەتییە، هێشتا نەیارەکانی، بەرێنمایی نەیارەکانی یەکێتی، چاویان لەوەیە لق و پۆپی دیکەی لێبکەنەوە.
رەگ و هەناوی یەکێتی لەگەڵ رەگ و هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا وەها ئاوێتە بووە کە بەهیچ باهۆزێک لەیەکتر جیاناکرێنەوە.
زۆری دیکەش هەمان رێگەیان تاقیکردەوە، سەرەنجام یان جارێکی تر گەڕانەوە نێو ماڵە گەورەکەی یەکێتی، یان نەیانتوانی هەنگاوێک لەوەی یەکێتی باشتر بنێن.
یەکێتی هێشتا بە پێوە وەستاوە و هەر سەوز دەچێتەوە و خۆڕاگرانە سروودی نەبەردی دەڵێتەوە.
بەقسەی بەتاڵ و قەوانی سواو، کار لە پێگە جەماوەرییەکەی ناکرێت، ئەمێستا کە لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لەوادەی هەڵبژاردن کە بڕیاڕە لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، هەموان" بێ جیاوازی بەهەموو رەنگەکانەوە کەوتوونەتە خۆ و لە راگەیاندن و ناوەندە حزبییەکانەوە، کار بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی خۆیان لە پڕۆسەکەدا دەکەن.
یەکێتیش وەک حزبێکی سەرەکی تواناکانی خۆی خستۆتەکار، بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە، سەرۆک بافڵ بە بیر و دید و فەلسەفەی سەرۆک مام جەلال لەم قۆناغەدا سەرۆکایەتی ئەو کاروانە دەکات کە خوازیارن لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆیان کورد و کوردستان بگەیەنن بە کەناری ئارامی.
هەر بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زۆر لە نەخشە و پیلانی نەیارەکانی گەورەترە و بەردەوام بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، پشت بەخودا، پاشان پشت بەجەماوەرە سەوز پۆشەکەی خۆی، هەردەم لە گەشەسەندن و بنیاتنانەوەی خۆیدایە و وەک قەڵای پتەوی خۆڕاگریی ئامادە و سازە بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان.
یەکێتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست، ئامانج لەو کۆنگرەیەش خۆنوێکردنەوە بوو بەجۆرێک کە لەگەڵ یەکێتی نێوان ئەندامەکانی و یەکێتی نێوان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکاندا کۆک و تەبا بێت و تێیدا پانتاییەکی فراوانی بۆ ئازادی و جیاوازییەکان هێشتۆتەوە.
یەکێتی لەفرە جەمسەر و باڵ باڵێن رزگار دەکات، دەچێتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە، یەکێتی نوێ، یەک ئاڕاستە، یەک بڕیار، یەک هێز و خۆڕاگر دەبێت، چونکە حزبێکی کاریگەر و سەرەکییە، ئاماژەکان دەریدەخەن لە گەشەسەندندایە و ناسرەوێت.
گرنگیدان بە گەنجان لە پێشینەی کارەکانی یەکێتیدایە