لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە

09:57 - 2023-10-22
بڵێسە جەبار فەرمان
295 خوێندراوەتەوە

سوودەکانی جەنگ
ئایا جەنگ سوودی هەیە بێجگە لە ماڵ وێرانی و کاوڵکاری و لەناوبردنی ژیان؟
شاراوە نییە کە هەموو جەنگێک سوودی بۆ بازرگانانی جەنگ هەیە.

ئیسرائیل خاوەنی سێیەم بەهێزترینی دەستگای ھەواڵگرییە لە جیهاندا، ئایا دەکرێت هێرشێکی لەو شێوەیە کە بێگومان ماوەیەکی زۆری بۆ ئامادەسازی و پلان داڕشتن و راهێنان ویستووە، روو بدات و مۆساد و (سی ئای ئەی) ئەمریکی لێی ئاگادار نەبن؟

بێجگە لە فرۆشتی چەک و تەقەمەنی و بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ناوچە بۆردومان کراوەکان کە چەندەها کۆمپانیای پێ دەوڵەمەند دەبن.
وتەیەکی ئەڵمانی هەیە دەڵێت: لە جەنگ و خۆشەویستی دا هەموو شتێک رێگا پێدراوە، لێرەدا باسی جەنگ دەکەین.
ئەڤی شلەیم مێژوونووسی بەریتانی-ئیسرائیلی لە کتێبێکی دا بەڵگەی تێوەگلانی مۆسادی ئیسرائیلی دەخاتە روو لە هێرشەکانی سەر جوولەکەکانی عیراق لە ساڵانی 1950.
جوولەکەکانی عیراق لە بارودوخی ئابووری کۆمەڵایەتی باش و سەقامگیردا دەژیان و بەدەم داوای ئیسرائیلەوە نەچوون بۆ کۆچکردن.
ئیسرائیل پێویستی بە سەروەت و سامانەکانیان بوو هەروەها پێویستی بە دەستی بنیاتنەر بوو بۆ بنیاتنانی ئیسرائیل.
بە مەبەستی پاڵنانی ئەوان بۆ  کۆچکردن لە عیراقەوە بۆ ئیسرائیل، مۆساد پلانێکی داڕشت ئەویش هێرش کردنە سەر جوولەکەکان بوو بۆ ترساندنیان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری لە نێوانیاندا.
دەنگۆی ناردنی پیتاک و هاوکاری لەلایەن عەرەبە جوولەکەکانی دانیشتووی وڵاتە عەرەبییەکان لە میدیا و شەقامی عەرەبی بڵاودەکردەوە بۆ توڕەکردنی شەقامی عەرەبی ئیسلامی لە هاونیشتیمانییە جوولەکەکانیان.
بەم هۆکارانە توندوتیژی کەوتە نێوان عەرەب و جوولەکەکانی دانیشووی وڵاتە عەرەبییەکان و بووە هۆی کۆچکردنیان بەرەو ئیسرائیل.

ساڵانێکە وشەی زەرەری لاوەکی (اضرار جانبیة)لە کاتی جەنگدا زۆر بەکار دەهێنرێت.
ئەم دەستەواژەیە لە شەڕی ئەمریکا بۆ سەر عیراق زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو. 
مەبەست لە زیانی لاوەکی کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوانە کە دەبنە قوربانیی جەنگ بۆ بەدەستهێنانی ئامانخی سیاسییەکان.
ئەم زیانە لاوەکییانە دەکرێت هاووڵاتیانی بێتاوانی لایەنی بەرامبەر بن کە دەبنە قوربانی یاخود ھاووڵاتیانی لایەنی ئەو لایەی خۆی بیانکاتە قوربانی. 
ئەڤی شلەیم، لە کتێبی  «بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەسەر تێوەگلانی سەهیۆنیستەکان لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا» ئەوە دەسەلمێنێت کە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی جوولەکەکان لە عیراق لە نێوان ساڵانی 1950 بۆ 1951 کردەوە تێرۆریستییەکانی خودی موساد بووە دژ بە جوولەکەکان.
شلەیم باس لەوە دەکات کە ئەم کردەوانە بۆ خێراترکردنی گواستنەوەی 110 هەزار جوولەکە لە عیراقەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلی تازە پێکهێنراو لەو کاتەدا کراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە 800 هەزار جوولەکە لە نێوان ساڵانی 1948 تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆچیان کردوە بۆ ئیسرائیل.
لێرەدا دەمەوێت هەندێک دید لەسەر جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بخەمە روو.
یەکەم پرسیار کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا بۆ لەم کاتەدا ئەو هێرشە بۆ سەر ئیسرائیل روویدا؟ ئایا هیچ پاساوێک بۆ ئەو جەنگە هەبوو؟
ئیسرائیل خاوەنی سێیەم بەهێزترینی دەزگای ھەواڵگرییە لە جیهاندا. ئایا دەکرێت هێرشێکی لەو شێوەیە کە بێگومان ماوەیەکی زۆر لە ئامادەسازی و پلان داڕشتن و راهێنانی ویستوە، روو بدات و مۆساد و (سی ئای ئەی) ئەمریکی لێی ئاگادار نەبن؟

سوودی ئەم هێرشە بۆ ئیسرائیل
هەندێک پێیانوایە کە ئەو هێرشە بۆ سەر ئیسرائیل خوازیار بووە و مۆساد ئاگادار بووە.
ئیسرائیل دووبارە هاووڵاتیانی بێتاوانی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ سەرخستنی ئەو پلانەی کە دایڕشتوە، ئەویش لە لایەکەوە یەکلاییکردنەوەی ململانێئ نێوان حزبە سەهیونییەکان و دووبارە بەهێزکردنەوەی ناتانیاھو و لە لایەکی تریشەوە سڕینەوەی حەماس و نەهێشتن و راگواستنی هاووڵاتیانی غەزە.
ئیسرائیل دەیەوێت غەزە رابگوێزێت و هەموو عەرەبەکانی فەلەستین لە یەک شوێن کۆبکاتەوە. 
دوای نەهێشتنی غەزە و حەماس، پەیوەندی خۆی لەگەڵ کەناری خۆراوای رووباری ئوردن (الچفه‌ الغربیه‌) و لەگەڵ  فەتح ئاسایی دەکاتەوە.

سوودی ئەم هێرشە بۆ حەماس
ئەگەر بێت و لایەنی حەماس لێکبدەینەوە دەبینین کە کێشەی ناوخۆیی حەماس لە ئاستێکی بەرزدابوو. متمانەی هاووڵاتیان بە حەماس زۆر کەمببۆوە. کێشەی نێوان حەماس و فەتح لەو پەڕیدا بوو. کێشەی نێوان لایەنەکان لەسەر هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و گەندەڵی لەو مەلەفەدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو.
رێژەی بێکاری گەنجان و گرانی لە غەزە زۆر بەرز بوو، هەموو ئەمانە پێویستیان بە قەیرانێکی گەورەتر هەبوو بۆ لەبیربردنەوە. حەماس و هەموو لایەک دەزانێت کە لە جەنگدا لەگەڵ ئیسرایل سەرکەوتوو نابن. زۆربەی زلهێزەکانی جیهان هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن، چونکە ئەمە جەنگێک نییە بە چەک و فیشەک یەکلاییبکرێتەوە، بەڵام ئامادەبوون بۆ ئامانجێکی کاتی هاووڵاتیانی غەزە بکەنە قوربانی.
ئەگەر لە روانگەیەکی دوورترەوە تەماشای جەنگی حەماس ئیسرائیل بکەیت و لایەنی بەرەکانی وڵاتانی زلهێز تەماشا بکەیت،  دەبینی هەریەک لە بەرەی ئێران و روسیا و چین لە لایەک و بەرەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لە لایەکی ترەوە سوودی تایبەت بە خۆیان هەیە.
تێزێک باس لەوە دەکات کە ئەم جەنگە دروستکراوی  روسیا و ئێران و چین بووە بۆ لاوازکردنی ئەمریکا و ئەوروپا.
ئاشکرایە کە لەم جەنگەدا ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیریی ئیسرائیل دەکەن.
پشتگیری کردنیان بە چەک و پارە بۆ ئیسرائیل لە هاوکارییان بۆ ئۆکراین کەمدەکاتەوە.
هەروەها ئەو بۆشاییەی دەسەڵاتی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەوان دەتوانن پڕی بکەنەوە.
هەروەها شەڕەکە پەرەپێبدەن بۆ عیراق و دەوروبەری.
هەریەک لەم وڵاتانە دەیەوێت شەڕێک لە دەرەوەی سنووری خۆیان بۆ لاوازکردنی دوژمنەکانیان بەرپابکەن.
ئەم ئاگرەی لە فەلەستین داگیرساوە تەشەنە دەستێنێ و لاوازبوونی وڵاتانی ناوچەکە و ناسەقامگیریی زۆرتری لێدەکەوێتەوە، ئەوەش واتا بەهێزبوونی وڵاتانی وەکو ئێران و تورکیا.
لەم کەشوهەوا ناسەقامگیر و پرکێشەیەشدا تورکیا دەتوانێ بە خواستی خۆی هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و شارەکانی ئەوێ خاپوور بکات بێ ئەوەی ببێتە هەواڵی رۆژ و کەس بایەخی پێبدات.
لە پەراوێزی سەرقاڵیی جیهان بە ئیسرائیل و فەلەستین، رۆژئاوا دەبێتە قوربانی.

تێزێکی تری ئەم جەنگە ئەوەیە کە دروستراوی ئەمریکایە
وەکو هەستی پێدەکرێت چین کاریگەری سیاسی و ئابووری هەیە لەسەر ناوچەکە، چین توانی نێوەندگیری بکات لە نێوان سعودیە و ئێران، هەروەها سعودیە و ئیسرائیل.
چین توانی نێوانگیری بکات لە ئێران و ئیسرائیل.
چین پلانێکی گەورەی ئابووریی هەیە بۆ ئەم ناوچەیە، ئەویش رێگای ئاوریشمیە.
سەرکەوتنی ئەم بەرنامەیە چین دەکات بە بەھێزترین وڵاتی جیهان و باڵادەسترینی، بەمەش پێش ئەمریکا دەکەوێت.
تێکدانی ئەو بەرنامەیە لە رێگای جەنگێکەوە لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە.

تێز و پلان گێڕان زۆرن
هەموو هەوڵدەدەن لەم پێشهاتەی جەنگەکە سوودمەند بن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و پلان و بەرنامەیان هەیە.
ئەوەی لێرەدا زەرەرمەندە، هاووڵاتی بێتاوانە.
بەم دەستپێکی زستانە گەلی فەلەستین ئاوارە و ماڵ وێران بوون.
تەنانەت لەو کارەساتەی بەسەر هاووڵاتیاندا هاتووە، بازرگانانی  جەنگ هەوڵ دەدەن سوودمەند بن و بەو وێنانە گەنج و لاو هەڵخەڵەتێنن و بەرەو جەنگ هانیان بدەن بۆ ئەوەی ئاگری جەنگ دانەمرکێتەوە.

وتارەکانی نوسەر