هەموومان یەک چارەنووسمان هەیە

10:09 - 2023-11-13
هیوا سەرهەنگ
229 خوێندراوەتەوە

بارودۆخی هە‌رێمی كوردستان، جۆرێك لە‌ تایبە‌تمە‌ندیی خۆی هە‌یە‌ و ناكرێت لە‌ هە‌لومە‌رجی وە‌ك ئە‌مڕۆدا هە‌موو جە‌مسە‌رە‌كان بە‌ وردییە‌وە‌ مامە‌ڵە‌یان لە‌گە‌ڵ نە‌كرێت، بڕواشم وایە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌و هە‌موو شە‌ڕە‌ ساردە‌ی میدیا، بێئاگایی لە‌ دۆگمایی هزرێكی خۆپە‌‌سە‌ندی(هە‌ردە‌بێت خۆم یە‌كە‌م بم) دە‌بەخشرێتە‌وە‌‌ و دوودڵی و دڵە‌راوكێ‌ لە‌ناو جە‌ماوە‌ردا دە‌سازێنرێت بە‌ سوود و قازانج و بەرژەوەندیی ئە‌مڕۆی میللە‌تە‌كە‌مان ناشكێتە‌وە‌ و دە‌بێتە‌ نە‌ك درز، بە‌ڵكو دە‌لاقە‌ی گە‌ورە‌ بۆ‌ پە‌ڕینە‌وە‌ی پلانە‌كانی نە‌یاران و ناحەزانی میللەتەکەمان و هێندە‌ی تر بە‌ری رەنج و خە‌باتی كۆمە‌ڵانی خە‌ڵكی كوردستان و شە‌هیدانی شۆڕشی گە‌لە‌كە‌مان، لاواز و پە‌رتە‌وازە‌ دە‌كات. 
ئاشکراشە کە ناحەزان و داگیرکەرانی کورد ناوبەناو وەکو بڵقی سەر ئاو سەرهەڵدەدەن و پلان و نەخشە دادەڕێژن بۆ تێکدان و شێواندنی ناو ماڵی کورد و گێڕانەوەی کوردەواری بۆ دواکەوتن و رۆژانی تاریکی و ماڵوێرانی.
ئە‌مڕۆ كاتی ئە‌وە‌ هاتووە‌ راستگۆیانە‌ و بە روونی مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ جە‌ماوە‌ردا بكرێت و سوود لە‌و هە‌لە‌ وە‌ربگیرێت كە‌ بۆتە‌ بە‌ختێكی دروستكراو، رە‌نگە‌ ئە‌وە‌ی ئە‌مڕۆ جارێكی تر نە‌یە‌تە‌وە‌، با هە‌موان پێكە‌وە‌ شان بدە‌ینە‌‌ بە‌ر هە‌ڵسانە‌وە‌ و بە‌رە‌وپێشبردنی گەل و نیشتمان، دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە و دوارۆژێکی گەش بۆ گەلەکەمان. 
دە‌بێت لە‌و راستییە‌ بگە‌ین و دوور لە‌ خۆگێلكردنێكی نە‌زۆكانە‌ كە‌ هە‌ر هە‌موو كورد بە‌ جە‌ماوە‌ر و سە‌ركردایە‌تی و پارتە‌كانە‌وە‌ یە‌ك چارە‌نوو‌سمان هە‌یە‌، پێویستە‌ ‌شکستییەكانمان، نە‌كە‌ینە‌ سە‌ركە‌وتن. 
دنیای جیهانگیری و پێشكە‌وتنی تە‌كنۆلۆژیا و پە‌یوە‌ندییە‌ خێراكان زۆر لە‌وە‌ گەورەتر و بە‌هێزترن كە‌ راستییە‌كان پە‌ردە‌پۆش بكرێن، دۆست و هاوپەیمانانیشمان داوای یەکخستنی ماڵی کورد و هە‌لی پێكە‌وە‌ ژیان و ئاشتی و تەبایی و ئارامیمان لێ دەکەن.
 با لە‌ هە‌رێمی كوردستان، یە‌كڕیزی و یە‌كتر خوێندنە‌وە‌ بكە‌ینە‌ دیاری و بیدە‌ینە‌وە‌ بە‌ كۆمە‌ڵانی خە‌ڵكی كوردستان، با هە‌رگیز تووشی دڵە‌ راوكێی بێ بنە‌مایان نە‌كە‌ین، راستییە‌كان و دروستە‌كان و شێوازی حو‌كمڕانیی سبە‌ینێ، هەموو دە‌زانن چۆن دە‌بێت، ئیتر چما خۆڵ بكرێتە‌ چاوی میللە‌ت كە‌ سە‌رچاوە‌ی هێز و بوونی هەموو ‌حزبەكانە؟
‌با ئە‌و هە‌ل و دەرفەتانەی رە‌خساون بۆ كورد، هە‌لی‌ هە‌موان بن و بە هە‌موانیش وڵات بەڕێوەدە‌برێت و ئایندە‌ش بۆ هە‌موانە‌.

لەژێر چەتری یەکڕیزی و بەێوەبردنی دادپەروەرانە، خۆشی و ئارامی دابیندەکرێت

وتارەکانی نوسەر