شەهید بوون بەرزترین بڕوانامەی کوردایەتییە

10:40 - 2023-11-22
هیوا سەرهەنگ
262 خوێندراوەتەوە

شەهید: ئەو بڕوانامە باڵایەیە کە تەنیا خەباتگێڕان و نێشتمانپەروەران و گیان لەسەردەستە قوربانیدەرەکان بۆ کورد و کوردستان بە دەستی دەهێنن، کە ئەویش بڕوانامەی کوردایەتییە.
کاروانی شەهیدان
بە درێژایی مێژووییەکی پڕ سەروەری و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد، پۆل پۆل رۆڵەکانی ئەم میللەتە ستەمدیدە و زوڵم لێکراوە دەگەنە کاروانی شەهیدان و دوا بڕوانامەی سەربەرزی بۆ خۆیان و خانەوادە و تەواوی میللەت بە دەست دەهێنن.
شەهید لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆتە هێمای نەبەردی و تێکۆشانی دڵسۆزانە و قوربانیدانی پێشمەرگە. پێشمەرگەش دوا پلەی قوربانیدانی نیشتمانپەروەرانەیە، هەر بۆیە کاتێک پێشمەرگەیەک شەهید دەبێت، برینمان قووڵتر و بە ئازارتر دەبێت.
رۆژی شەهید
ئەم دۆخەی ئەمڕۆ و ئەم خاکەی بەرگی سپی ئاشتی و ئارامی پۆشیوە،  شەهیدانمان بە سەدان هەزار گوڵی سووریان تێدا نەخشاندووە و رۆحی خۆیان و جوانییەکانی ژیانیان بە نەتەوەی کورد بەخشیووە.
کاتێک ویستم بە بۆنەی رۆژی شەهیدەوە بنووسم بە دیار ئەو وێنە و بیرەوەرییانەی کاتی پێشمەرگایەتییەوە کە ئاوێتەی هەست و رۆحم بوون، گەڕام بە دوای زاراوە پیرۆزەکاندا، چوومە قووڵایی ناخە پڕ ئازارەکەمەوە، سەردانی هەنسکی ئەو کۆرپەیەم کرد کە بەبێ نازی باوکایەتی گەورە بوو، سەری کاسی ئەم تەمەنەم خستەوە سەر دڵی ئەو دایکەی هەرگیز ماڵئاوایی لە کوڕەکەی نەدەکرد تا بەڵکو بۆی بێتەوە، روانیمە چاوی پڕ ئەشک و چاوەڕوانی ئەو کیژەی بە تەمابوو پێش شەهید بوونی دەسگیرانەکەی بگوازرێتەوە، بە ئەندێشەمدا سەرکەوتم بۆ بڵندیی چیاکان، بۆ سەر مانگ،  بۆ لای خۆر و ئەستێرەکان، ئەمانە هیچیان ئەو چاوگە نەبوون کە رستەکانم بە جۆرێک بۆ بڕازێننەوە کە شایستەی جوانیی شەهیدێک بن، نەیانتوانی هەموو وشە و هەستەکانم هێند بڵند بکەن بگەن بە بڵندیی باڵای بەرزی شەهیدانم.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا هەنووکەش سەلماندوێتی لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان و کوردایەتی و خەباتکردندایە، هەربۆیە بەراورد بە تەمەنی سیاسی و چالاکی لە نێو بزاڤی رزگاری نەتەوەیی کورددا ژمارەی شەهیدەکانی لە هەمووان زۆرترە

 

ریزی پێشەوەی قوربانیدان و کوردایەتی
 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا هەنووکەش سەلماندوێتی لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان و کوردایەتی و خەباتکردندایە، هەربۆیە بەراورد بە تەمەنی سیاسی و چالاکی لە نێو بزاڤی رزگاری نەتەوەیی کورددا ژمارەی شەهیدەکانی لە هەمووان زۆرترە و چەندین سەرکردەی مەزنی لە سەنگەرەکانی بەرگریدا شەهید بوون، بەمەش بۆتە بێ هاوتا لە نێوان هەمواندا، چونکە هەمیشە سەرکردەکانی لە ریزی پێشەوە شان بەشانی پێشمەرگەکان جەنگاون و بە تەنیا فەرماندەیەکی دوور بەدوور نەبوون و هاوسەنگەری پێشمەرگەکانیان بوون و ( کەم بژی و کەڵ بژی )یان داهێنا.
لەم یادە پیرۆز و لەم رۆژە سەرفرازییە مەزنەدا، سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تایبەتی و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بە گشتی، شەهیدانی سەنگەر، شەهیدانی ژێر ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەکانی دوژمنانی کورد، شەهیدانی ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ و  کیمیابارانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر