كاتی خۆی، پێش 15 ساڵ، كاتێك كه سكرتێری نووسینی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی كوردستانی نوێ بووم، به‌و راسپارده‌یه‌ی خوالێخۆشبوو، مام جه‌لال، زۆر دڵخۆش و گه‌شبوومه‌وه كه رۆژنامه‌كه‌ی خودی هێزه سیاسییه‌كه‌ی خۆی، كه كوردستانی نوێ-یه، به‌ربژێر و پێشنیاز كرد كه ببێته سه‌كۆیه‌ك بۆ ره‌خنه‌گرتن له كه‌موكورتییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ژیانی حزبایه‌تی و ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسانی حكومی و حزبی-یش.
حیكمه‌تێكی خوالێخۆشبوو، مام جه‌لال، له‌وه‌دا بوو كه به‌و راسپارده‌یه، به‌رپرسیارێتیی رۆژنامه‌كه‌ی قورس‌تر كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه بڕێك له ده‌ستكراوه‌یی به سه‌رۆكایه‌تی نووسین و ستافی رۆژنامه‌كه‌ش به‌خشی، به‌تایبه‌تی له فراوانكردنی رووپه‌ڕی ئازادیی راده‌ربڕیندا، به‌ڵام هاوكات به‌رپرسیارێتی و ئازادیی هه‌ڵبژاردنی شێوازی گونجاو و ژیرانه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و راسپارده‌یه‌ی بۆ خودی كوردستانی نوێ خۆی به‌جێهێشت، ئه‌و نه‌هات هێڵێكی ئایدیۆلۆژی دیاریكراو و ده‌لیلێكی ئاماده‌و له قووتوونراو بسه‌پێنێت.
بیروڕای ئازاد
هه‌موو بیرمانه، كاتی خۆی رۆژنامه‌كه، به تایتڵ، ته‌نها یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخان كردبوو بۆ بیروڕای ئازاد، به‌ڵام ئه‌و راسپارده‌یه‌ی مام جه‌لال ده‌رفه‌تێك بوو كه كرانه‌وه‌یه‌كی میدیایی به‌رفراوان بێته ئاراوه، ئه‌و سیاسه‌ته ته‌نانه‌ت بووه هۆكاری كۆكردنه‌وه‌ی ده‌یان نووسه‌ری دیاری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش له ده‌وری رۆژنامه‌كه، ئازادییه‌كه له شێوازی روماڵ و له كاركردن به ژانره‌كانی گۆشه، وتار، لێكۆڵینه‌وه، گفتوگۆ، راپۆرته هه‌واڵ، به‌دواداچوون، ته‌نانه‌ت ژانری هه‌واڵیشدا ره‌نگی دابووه‌وه.
مام، یادی به‌خێر، بۆ ئه‌وه‌ی چاو سووركردنه‌وه‌و خۆ گیڤ كردنه‌وه‌ی كاربه‌ده‌سته گه‌نده‌ڵ و نا به‌رپرسه‌كانیش له به‌رامبه‌ر كرانه‌وه‌ی زیاتری رۆژنامه‌كه‌دا رابگرێت، راسپارده‌كه‌ی وابوو كه كه‌س نه‌بوێردرێت و كه‌س له هه‌وراز ره‌خنه‌وه نه‌بێت، راسپارده‌ی وه‌هاش له‌و ده‌مه‌دا بۆ كوردستانی نوێ په‌یامێك بوو بۆ هه‌موو ده‌زگا و كه‌ناڵه‌كانی تریش كه سه‌ر به مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبه‌كه بوون. له‌م رووه‌وه، هه‌موو باش له یادمانه كه چۆن جارێكیان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتیدا و له‌گه‌ڵ سه‌دان كادر و ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ی خۆیدا له قه‌ڵاچوالان به ده‌نگی به‌رز جاڕیدا: (ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ران ره‌خنه‌یان لێگیرابێت، ئه‌وا به‌نده‌كانی خوارووی زۆر خوارووی ئه‌وان هه‌قه ده هێنده ره‌خنه‌یان لێ بگیرێت)، ئه‌م وته‌زایه له‌و ده‌مه‌دا زۆر كاریگه‌ربوو، به‌تایبه‌تی كه هێشتا دوو ئیداره‌یی مابوو و ئاگربڕ و شه‌ڕی سارد له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتدا هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ته هه‌تا ئێستاش ئه‌و وته‌زایه به ده‌نگ و ره‌نگ ماوه‌و پارێزراوه‌و دیكۆمێنتیش كراوه.
مام جه‌لال، له‌و راسپارده‌یه‌یدا بۆ كوردستانی نوێ، به روون و ره‌وان داوای كرد كه ( با له ئه‌وه‌وه ده‌ست پێ بكرێت) واته ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه هه‌بێت به شێوه‌یه‌كی بابه‌تی و به به‌ڵگه ره‌خنه ته‌نانه‌ت له سكرتێری گشتی-یش بگیرێت، ئه‌وه‌ش به ده‌سته‌واژه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی كه ده‌ڵێ (له‌منه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن).
ئێستا، به راستی هیچ نایشارینه‌وه، ته‌مه‌نێكه ئه‌بینین كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له بواری میدیادا، ده‌رفه‌تی ئازادیی بڵاوكردنه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتنی كه‌مكردۆته‌وه، به‌تایبه‌تی ره‌خنه‌گرتن له سه‌ركرده‌و به‌رپرسان كه مرۆڤن و مه‌عسوم نین و قابیل به ره‌خنه‌لێگرتنن، هاوكات ره‌خنه‌گرتن له كه‌موكورتیی داموده‌زگا و ئۆرگانه حزبییه‌كان كه هیچیان پێرفێكت نین و هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری هه‌ڵه و لادان و كه‌مته‌رخی و پاشه‌كشه‌دان و ده‌بێ به شێوازێكی زانستی و هاوچه‌رخ ده‌ستنیشان و چاره‌سه‌ر بكرێن.
جۆرێك له ناكۆكی
راسته له چوارچێوه‌ی ململانێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ره‌خنه‌گرتن له قه‌یرانه‌كانی وڵات و سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی ئاوه‌ڵایه، به‌ڵام له‌مه‌شیاندا ئه‌م هێزه گرفتی هه‌یه و بگره خۆی دووچاری جۆرێك له پارادۆكس و ناكۆكییش كردووه!. به‌مانایه‌كی روونتر، ئه‌گه‌ر له تێڕوانینی (ی.ن.ك)ه‌وه ره‌خنه‌گرتن له ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی به‌مانای ره‌خنه‌گرتن بێت له پارتی دیموكراتی كوردستان كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمه‌تباری ده‌كات به تاكڕه‌وی و مۆنۆپۆڵكردنی حكومه‌ت و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان و پێشێلكردنی پره‌نسیپی هاوبه‌شی و ئابڵوقه‌دانان له‌سه‌ر سنووری نفوزی یه‌كێتی، ئه‌وا له ناو رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستاندا، سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی درێژ ده‌بێته‌وه بۆ سه‌ر نه‌ك ته‌نها یه‌كێتیی نیشتمانیش، به‌ڵكو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ر پارتێكی تریش كه به فیعلی به‌شداره له ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و داده‌وه‌ری ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رۆڵ و سه‌ڵاحییا‌ته‌كان هاوشێوه‌و به هه‌مان لیڤڵیش نه‌بن.
به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانی، بەپێی دەسەڵاتەکانی، پێویسته، پله به پله و به راوێژ له‌گه‌ڵ تیمی زۆر شاره‌زاو تایبه‌ت، شوێن پێی كه‌له‌پوری سیاسیی مام جه‌لال بگرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌تی له بواری لێپرسینه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتن و فراوانكردنی ئازادییه سیاسی و دیموكراتییه‌كان
ئاشتبوونەوە له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی ژیانی حزبایه‌تی
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، وا پێویسته كه ئه‌م هێزه سیاسییه، پێش هه‌ر شتێك، له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی ژیانی حزبایه‌تی و بیروباوه‌ڕی خۆیدا ئاشت ببێته‌وه و به شێوه‌یه‌كی گوڵبژێرانه Selective مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كات. كه ره‌خنه له فه‌رمانڕه‌وایی ده‌گرێت، خۆیشی له سیسته‌مه‌كه جیا نه‌كاته‌وه، ئه‌م بژارده‌یه له بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاری سیاسی و میدیایی هه‌ڵه‌یه، به‌تایبه‌تی كه هه‌موو بكه‌رێك له‌ناو سیستمدا هه‌ر خۆی ده‌بێته ستراكچه‌ری سیستمەكه و راگرتنی و ئاراسته‌كردنی ئه‌زموونی سیستم.
لێره‌وه، له بری ئه‌و خۆ جیاكردنه‌وه‌یه كه دروست و واقعی نییه، باشتر وایه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی به رای گشتیی بگه‌یه‌نێت، پیاچوونه‌وه به واقیعی حاڵی خۆیشی بكات. له‌وه‌ش زیاتر، واباشتره، له‌م بواره‌دا، دیبه‌تی ناوخۆیی خۆی فراوان بكات، ده‌رگای گفتوگۆی ره‌خنه‌گرانه به‌رامبه‌ر به‌خۆی بكاته‌وه، ئۆرگانه میدیاییه‌كانی راسپێرێت كه بیروڕاو سه‌رنجی ره‌خنه‌گرانه‌و دۆستانه‌ی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان و نووسه‌ران و ئه‌كادیمیان وه‌ربگیرێن و ده‌رفه‌تی ده‌ربڕینیان پێبدرێت نه‌ك له راشكاوی و ره‌خنه‌یان بسه‌ڵه‌مێنه‌وه‌و بگره به‌و هۆیه‌شه‌وه بیانخه‌نه بلاك لیسته‌وه و ده‌رفه‌تی ته‌عبیركردنیان له دیوه جیاوازه‌كانی قه‌یرانه‌كانی وڵات پێ نه‌درێت.
ده‌رگای ره‌خنه‌ی شه‌فاف كراوه بێت
له‌م باره‌یه‌وه، وا باشتره كه شێوازی وه‌رگرتنی تێز‌و پرۆژه‌ی سه‌ركرده‌كانی بیروڕا Opinion leaders له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌شێوازی داخراو نه‌بێت كه نازانرێت دواتر ئیشی پێده‌كرێت یان نا وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی (دیداری یه‌كێتی)دا په‌یڕه‌و كرا، به‌ڵكو ده‌رگای ره‌خنه‌ی ئاشكرا‌و شه‌فاف و راشكاو كراوه بێت، له‌وه‌ش زیاتر له‌سه‌ر هه‌موو دۆسییه‌كان و پرسه حزبی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان مشت‌ومڕ و تاوتوێی بابه‌تی و زانستی و راشكاو و بوێرانه هه‌بێت.
دواتر، یان ته‌نانه‌ت هاوكات، دیبه‌تی بابه‌تی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی پارتیشدا بكرێت، به‌تایبه‌تی وه‌ك مۆدیڵی سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كانی وڵاتانی دیموكرات كه به‌ربژێر و سه‌ركرده‌كان، رووبه‌ڕوو face to face تێز‌و تێڕوانین و هاوكات ره‌خنه‌و تانه‌ش له ئه‌زموون و ئه‌جێندای یه‌كتر ده‌گرن. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌یه‌وێت خۆی له‌و تۆمه‌ته‌ی پارتی رزگار بكات كه ده‌سه‌ڵاتداره‌و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌وا ده‌بێ به‌شێكی فۆكه‌سی ره‌خنه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌زموونی حزبایه‌تی و سنووری ئیداریی خۆیشی بێت، به‌م رێگه‌یه بڕێك مسداقییه‌تی زیاتر به گوتار و هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به هێزه ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌خشێت و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر رای گشتی ده‌بێت.
پێویسته ئه‌م هێزه، له سنوره‌كه‌ی خۆیدا، كاربه‌ده‌ستانی گه‌نده‌ڵ و تێوه‌گلاو به تاوان و لادان سزا بدات و بیانداته دادگا، گۆڕانكاریی له نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تدا بكات كه تیایاندا هه‌یه 12 بۆ 16 ساڵه ئیمتیازی ده‌وڵه‌تی ده‌خوات له‌كاتێكدا نە چا‌كه‌ی گشتی لێ وه‌شاوه‌ته‌وه‌و نه ته‌نانه‌ت خێری بۆ حزبه‌كه‌ی خۆیشی هه‌یه!، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌حسوبیه‌ت و ده‌سته‌گه‌ری دانراوه‌و پشت ئه‌ستووره به‌و به‌رپرسه حزبییانه‌ی كه له پێناوی رووت نه‌بوونه‌وه‌ی سكانداڵ و گه‌نده‌ڵییه‌كانیان و پاراستنی نێوبانگی خۆیان، به‌رگریان لێده‌كه‌ن و كه‌س ناتوانێت لێیان بپرسێته‌وه.
شوێن پێی كه‌له‌پوری سیاسیی مام جه‌لال
پێویستە به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانی بەپێی دەسەڵاتەکانی، پله به پله و به راوێژ له‌گه‌ڵ تیمی زۆر شاره‌زاو تایبه‌ت، شوێن پێی كه‌له‌پوری سیاسیی مام جه‌لال بگرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌تی له بواری لێپرسینه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتن و فراوانكردنی ئازادییه سیاسی و دیموكراتییه‌كاندا، به زۆریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك كه‌سی نمره یه‌كی ئه‌م حزبه نازناوی كوڕی كاریزمایه‌كی سیاسیی خاوه‌ن فیكری هه‌ڵگرتووه كه نازناوی كوڕی (جه‌لال تاڵه‌بانی)یه.
نابێ تاڵه‌بانیی كوڕ به‌و وته‌یه‌ی خۆی كه ده‌ڵێ: به هه‌زار ساڵی تریش ناگه‌ینه‌وه به مام جه‌لال، به‌رپرسیارێتییه‌كانی سه‌رشانی خۆی له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و حزبه‌كه‌شی كه‌م بكاته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و به‌و پێگه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌تی، سه‌دان جار باری سه‌رشانی به‌رپرسیارێتی خۆی قورس‌تر كردووه. به مژده‌و به‌ڵێنه‌كانی، به گه‌شبینی و لێدوانه‌كانی، خۆی كردۆته جێی سه‌رنج و چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵك، بۆیه به پێچه‌وانه‌ی تێزی (مام جه‌لال دووباره نابێته‌وه)، دەتوانێت كار بۆ مومكیناتی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی مام جه‌لال بكات، كه هه‌ره دیارترینیان له بواری ئازادییه دیموكراتییه‌كاندا بووه، كه بریتییه له ئازادیی بیروڕاو ره‌خنه‌گرتن و بڵاوكردنه‌وه، به‌بێ ترس و گوێگرتن له راپۆرتی ناڕاست و داوه‌ریكردنی خێرا‌و گرتنه‌به‌ری هه‌ر رێكارێك كه دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندیی به كه‌له‌پوریی سیاسی و فكریی مام جه‌لال و مێژووی دێرینی قۆناغه زێڕێنه‌كانی حزبه‌كه‌یه‌وه نه‌بێت.