زووم

رێوی نۆ کلک

10:41 - 2023-11-20
رۆزا دڵشاد مەریوانی
366 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی کۆریای باشوور کە لە دوو نەوە هەواداری هەیە و توانیوێتی خۆشەویستی بینەران بۆلای خۆی رابکێشێت، ئەویش «لی دۆنگ وک» ە، بۆ یەکەمجار ئەم ئەکتەرەم لەڕێی درامای «بەسەرهاتی رێوی نۆ کلک»ی ساڵی 2020 ەوە ناسی درامایەکی خەیاڵیی کەمێک ترسناک و رۆمانسییە، وەک هەندێک لە دراما کۆرییەکان پشت بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی نێو کەلتوری خۆیان دەبەستێت، لی دۆنگ وک فرە بەهرەیە و توانایەکی بەرزی لە کاری نواندنی تەلەفزیۆن و سینەمادا هەیە، لەو درامایەدا رۆڵی رێوییەک دەگێڕێت بە رێوی نۆ کلک ناسراوە و هێز و توانای سەروو سروشتی هەیە، بەڵام تاکە خاڵی لاوازی ئەو کچە مرۆڤەیە کە دڵی پێیداوە و خۆشیویستووە، لە دیمەنێکدا منداڵێک لێی دەپرسێت چاوەڕێی چیدەکەیت ئەویش دەڵێت «چاوەڕێی خۆشەویستەکەم دەکەم، هەزار ساڵە چاوەڕێی ئەوم».
لی دۆنگ وک دراما و فیلمی سەرکەوتووی زۆرە هەروەها بەهۆی باڵا و سەرنجڕاکێشییەکەیەوە وەک مۆدێل کار بۆ چەندین مارکەی بەناوبانگ دەکات، چەند درامایەکی ئەم ئەکتەرەم تەماشا کردووە بۆ نموونە لە درامای «گۆبڵیندا» کە یەکێکە لەو درامایانەی بووە بەسیمایەک لەو سیمایانەی کۆریای باشووری پێ دەناسرێتەوە، تێیدا رۆڵی ئەکتەری لاوەکی دەگێڕێت، بەڵام بەهۆی جوانیی نواندنەکەیەوە یەکێکە لە رۆڵە سەرکەوتووەکانی، ئەو ئەکتەرە دەتوانێت رۆڵی رۆمانسی و کۆمیدی بگێڕێت هاوکات دەتوانێت رۆڵی کارەکتەرێکی سایکۆ کە گۆشتی مرۆڤ دەخوات بگێڕێت، دوا درامای ئەم ئەستێرەیە تەماشام کردبێت درامای «Bad and Crazy- خراپ و شێت» ی ساڵی 2021 ە درامایەکی پۆلیسیی ئاکشنە، هەروەها باکگراوندێکی دەروونیشی هەیە جگە لەو چێژە کۆمیدییەی لە زۆرێک لە دراما کۆرییەکاندا هەیە، لێرەدا لی دۆنگ وک رۆڵی پۆلیسێکی خۆپەرستی گەندەڵ دەگێڕێت کە دەیەوێت بە ئاسانترین شێوە بگاتە پلەو پایەی بەرزتر، بەڵام کارەکتەری شێتەکە لەپڕ دەردەکەوێت و گرنگترین وانەی ژیانی فێردەکات.

وتارەکانی نوسەر