سلێمانی پایتەختی كتێب

09:57 - 2023-11-23
له‌تیف نێروه‌یی
195 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی*

 

شارێك هەر بە پایتەختی لەدایكبووە، بزووتنەوەی رۆشنگەری و خەسڵەتی ژیاری و بزاوتی زمان و ئەدەب، لە مەحوی و نالی و سالمەوە، بۆ پیرەمێرد و گۆران، بۆ بزووتنەوەی روانگە و نوێكردنەوەی جەستەی ئەدەب، تەنانەت لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چەكداریش هەر یەكەمی فەرهەنگ بووە، هەر مێژوو پێمان دەڵێت: سلێمانی لە هەموو شتەكان یەكەم بووە، یەكەمین چاپخانە و یەكەمین رۆژنامە و یەكەمین گۆڤار و هەموو یەكەمەكانی تری بەخشین بۆ كەلتور و فەرهەنگ.
وا ئەمڕۆش شاری سلێمانی باوەش بۆ پێنج ملیۆن ناونیشانی كتێب دەكاتەوە، زیاتر لە (200) ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوە لە (20) وڵاتی جیهانەوە رووی فەرهەنگیان كردۆتە پایتەختی كتێب و بەرهەمەكانی خۆیان لە پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی دەخەنەڕوو، ئیدی ئەوە دەسەلمێت كە نزیكەی دوو سەدە و نیوە سلێمانی و پەیڤ؛ لێك دانەبڕاون و هەر بەیەكەوە ماونەتەوە.
لەپاڵ تێكۆشان و قوربانیدان و خەباتی رزگاری و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان، لە خەباتی رۆشنبیری و ئەدەبی و داهێنان سلێمانی هەر پێشەنگ بووە، لەو مێژووەشدا زۆر ناوی گەورە و ئەستێرەی پرشنگدار لە سلێمانی دەركەوتوون و بۆ ئەبەد وەك نازناوی شانازی لە مێژوودا ماونەتەوە. ئەم تایبەتمەندییەی سلێمانی، ئەم خەباتە دوورودرێژ و دانەبڕاوە لە بواری رۆشنبیری و فەرهەنگی و ئەقڵانییە، وایكردووە سلێمانی لەپاڵ ناونیشان و نازناوی (هەڵمەت و قوربانی)، ناونیشانی (پایتەختی رۆشنبیری) بۆ خۆی بهێڵێتەوە، تەنانەت لە دۆخە هەرە سەختەكانیش، لە هەلومەرجی ناهەمواری دارایی، كەچی كاروانی رۆشنبیری لەم پایتەختە رانەوەستاوە و ساڵ لەدوای ساڵ خەرمانی لەدایكبوونی پەرتوكە هەمەجۆرەكان لە هەڵكشان و بەرزبوونەوەدایە، بۆیە ئەمساڵیش كە پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب دەستپێدەكات، چەندین ناونیشانی نوێ دەبینرێن، زۆرینەیان لە ناوخۆ چاپكراون و ژمارەی سپاردنیان وەرگرتووە و زۆرێكیش لە وڵاتانی دراوسێ چاوی چاپیان بینیوە، ئەمە بەڵگەیە كە سلێمانی هەر بە شاری كتێب و وڵاتی كاغەز دەمێنێتەوە.
خەرمانی كتێب بەرەكەت و هەموولایەكتان بەخێربێن بۆ پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی، بەخێربێن بۆ شاری هزر و قەڵەم و مەعریفە و پەرتوك و داهێنان.

*ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 

وتارەکانی نوسەر