قوباد تاڵەبانی لە مێپس چی گوت و چەند سەرنجێک

10:09 - 2023-11-23
رێبین عومه‌ر‌
286 خوێندراوەتەوە

رێبین عومەر

لە کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، قوباد تاڵەبانی کە سیاسییەکی ژیرو بەدیقەتی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە، زۆر بەڕوونی تەنگەژە ناوخۆییەکانی خستەڕوو، پەیامەکانی دڵخۆشکەربوون؛ بە تایبەتی لەم سەردەمەدا کە تونێلی چارەنووسی کورد لە هەرێم، ئەوسەری دیار نییە،  جگە لە قەیرانی داراییش کە بەرۆکی هەرێمەکەی گرتووە. 
لە قسەکانیدا ئەوە دەخوێندرایەوە کە حکومەتی ئیتحادی مووچەی بە مووچەخۆرانی هەرێمی بەستۆتەوە بە کێشە سیاسییەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە بەغدا یەک دید و تێڕوانینی روون بە تەنها هەژموونی بەسەر دروستکردنی بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی سێبەریش هەیە کە زۆر کەیفی بە باشبوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا نایەت و گرفتی بۆ دروست دەکات. 
ئێستا دیدگای بەشێک لە دامەزراوەی حکومڕانیی بەغدا بەرامبەر سیاسەتێک بەرامبەر خەڵکی کوردستان پیادە دەکرێت، کە سیاسەتی هیلاککردن و سووتاندنی زیاتری کارتەکانی دەستی هەرێمە،  هەڵوێست و گفتەکانی زوو زوو دەگۆڕێت.
لەم قۆناغەدا ئەو ئاراستەیە لە بەغدا یەک ئامانجی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەرێم زیاتر لەوەی هەیە لاواز بکرێت. 
لە بارەی ئاشتەوایی ناوخۆیی و تەبایی ناوماڵی کوردیشەوە جێگری سەرۆک وەزیران لە ئاستی بەرپرسیارێتی پەیامی پێکەوەیی یەکێتیی و پارتی وەک دوو کارەکتەری مێژوویی خستەڕوو کە بە قبووڵکردنی یەک و فرەیی سیاسی دەتوانن زۆر ئاڵنگاری تێپەڕێنن. 
هەنگاوێکی ئیجابیانەیە کە لایەنە سیاسییەکان و هەردوو هێز سەرباری جیاوازییەکانیان پێکەوە هەڵبکەن و یەکتر بە جیاوازییەوە پەسەندبکەن و لە ئاستی دەرەوەی هەرێمدا سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان؛ یەک هەڵوێست بن.
لە رابردوودا، دوو کارەکتەری مێژوویی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا و بەڕێز مەسعود بارزانی لە هەرێم بە هاوتەریبی کاری زۆر و دەستکەوتی گەورەیان بۆ کورد بەدەستهێنا.  ئەوکات کورد خاوەن پێگەبوو لە عیراقدا. 
ئێستا کورد لە عیراق بەهۆی ناتەبایی ناوخۆییەوە سەنگ و قورسایی وەک پێشتر نەماوە. 
چارەش بۆ ئەوە بەرقەراربوونی ئاشتەوایی ناوخۆیە کە زۆرێک لە تەنگەژەکان تێپەڕدەکات و هەرێمیش وەک قەوارەیەکی تاقانەی کورد لە خۆرهەڵایی پڕکێشەدا دەپارێزێت.

وتارەکانی نوسەر