لێم دەپرسن

10:10 - 2023-11-26
پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس
277 خوێندراوەتەوە

(34)

*ئایا روماڵی میدیایی بۆ وەرگرتنی لێدوانی راستەوخۆ لە تۆمەتباران و قوربانیانی لاقەکردن، رەوا و رێگەپێدراوە؟ 
-هەرگیز رەوا و رێگەپێدراو نییە و نەبووە، حاڵەتێک لە حاڵەتەکان بە روماڵی میدیایی راستەوخۆ و وەرگرتنی لێدوانی کەسانی زیانگەیەنەر و زیانپێگەیەنراو، زەق و زاڵ بکرێتەوە و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە بکرێت، چونکە لە بنچینەدا ئەرکی میدیا و میدیاوان بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان و کارکردنیانە لەسەر دیاردە جۆربەجۆرەکان، نەک حاڵەتە کەم و دەگمەنەکان.
سێکس و لێکەوتەکانی، یەکێکە لەو بەها هەواڵییانەی لە هەموو سات و سەردەمێکدا بابەتی گەرمی میدیاکان بووە. ئێستاش نەک هەر بەتەنیا بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی هەواڵ لەسەر پاڵەوان و قوربانییەکانی بەخوایشت یان بەزۆر سێکسکردن، بەڵکو وردەکارییەکانیشی بۆ بەشێک لە وەرگران جێگەی سەرنج و بەدواداچوونە. هەڵبەت رووزەردی ئەمجۆرە کارکردنەش بۆ زیاد لە پێویست گەورەکردن و بەدیارخستنی حاڵەتی دەگمەن و تاوانی کۆمەڵایەتی و وروژاندنی پرس گەلێکی شەرمهێنەر دەگەڕێتەوە کە رەنگە زۆرینەی وەرگران حەزنەکەن بە روونی و راشکاوی یان لە شوێنێکی گشتی و کراوەدا و بە بەرچاوی یار و نەیار زانیاری لەبارەیانەوە، ببیستن و ببینن یاخود بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرایی بیخوێننەوە!
ساڵانێکە بەشێکی زۆر لە میدیاوان و میدیای کوردی وێڵ و عەوداڵی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی لاقەکردن و وردەکارییە سێکسییەکانن، بەو پاساوەی مافی زانینی زانیارییەکان بۆ وەرگرانیان دەستەبەر بکەن و وەک میدیای ئەوروپی و خۆرئاوایی هیچ زانیارییەک لە تاریکیدا نەهێڵنەوە، بەڵام ئەو تێڕوانینە لە چەند روویەکەوە هەڵەیە.
1- وەرگر، مافی زانینی هەموو زانیارییە گشتییەکانی هەیە، نەک زانیارییە تایبەتەکانی پەیوەست بە کەسانی سروشتی وەک تاکەکان یاخود کەسانی ناسروشتی وەک دامەزراوەکان.
2- کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەیەکی دی، لە زۆر رووەوە جیاوازن و بەراوردکردنیان لۆژیکی نییە، چونکە هەریەکەیان خاوەن تایبەتمەندێتی جۆربەجۆری نەتەوەیی، کەلتوری و ئایینی خۆیانن. 
3-هەزمکردنی پرس و بابەتە سێکسییەکان لەلای وەرگران جیاوازن، بە جیاوازی پاشخان و تایبەتمەندییەکانی هەریەکەیان جۆرێک لە هەڵچون و هەستیارییان تێدایە و دەبێت زۆر بە وردی و دوور لە شکاندنی کەسێتی و بێڕێزیکردن بە بەها نەتەوەیی و کەلتوری و ئایینییەکان روماڵیان بۆ بکرێت.
4- کات و شوێنی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی پرس و بابەتە سێکسییەکانی وەک پەیوەندی سۆزداری و ژن و ژنخوازی و هاوڕەگەزیی نێوان مرۆڤەکان سنووردار و دیاریکراوە و ناکرێت تایبەتمەندێتی میدیاکە لەبەرچاو نەگیرێت.
5-رۆژنامەگەری و پرسیارکردنی رۆژنامەوان، هونەرە و ئیتیک و ئەتەکێتی خۆیان هەیە، پێویستە ئاشنا و ئاگاداری وردەکارییەکانی بن. ناکرێت هەرکەسێک مایک و کامێرایەکی پێدرا، بخرێتە بازاڕی کاری میدیایی و وەک کەسێکی بازاڕی و چڵێسی سێکس پرسیار لە تۆمەتبار و تاوانبار و قوربانی بکات.
بۆ خۆبەدوورگرتن لە وروژاندنی پرس و بابەتە سێکسییەکان لە میدیای کوردی و زیاد لە پێویست گەورەکردنی قەبارەکانیان، پێویستە بەها هەواڵییەکان لەبەرچاو بگیرێن و پاشان روماڵی میدیایی رووداو و زانیاری لەبارەی بکەر و بەرکار و کاری سێکسی کەسەکانەوە بکرێت.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر