تەمەنی هیچ مرۆڤێك مایەی شانازی نابێت ئەگەر نەتوانێت كارێك بكات ببێتە ئەستێرەیەكی گەش بە ئاسمانی ژیانەوە، ئەوەش بە كاری باش و بەسوود بۆ كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، بەداهێنانی مەزن بەدی دێت.
زۆركات مرۆڤ چاوەڕێی دەرفەت دەكات بۆ كاری چاك و بەدیهێنانی داهێنان، بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی باش، بێ ئاگا لەوەی كە خودی تەمەن دەرفەتێكی گەورەیە بە مرۆڤ بەخشراوە.
ئەگەر دەتەوێت ببیت بە ئەستێرەیەكی گەش و ژمارەیەك بیت بخوێنرێیتەوە و بە نەبوونت بۆشاییەك دروست بكەیت، ئەوا هەتا تەمەن دەرفەتە خاڵێك بخەرە سەر پیتەكانی ژیان و بوونت بسەلمێنە، دەنا دوای كۆتایی هاتنی تەمەنت هیچ كارێكت لەدەست نایەت.
بەربەستەكان هەرچەند زۆربن، ئازارەكان هەرچەند بەسوێ بن، برینەكان هەرچەند قووڵ بن، كەم و كووڕییەكان هەرچەند بن، مەزنی تۆ لەوەدایەكە بتوانیت خۆڕاگر بیت، بتوانیت زاڵ بیت و نەڕوخێیت، هەمیشە چێژ لەو چركەساتەی ژیانت ببینە كە تێیدایت، ئێستا دەرفەتی تۆیە و بە ورە و ئیرادەوە بەرەو سەركەوتن هەنگاو بنێ.
سەركەوتن لە دۆخێكی ئاساییدا مەزنیت پێ نابەخشێت، بەڵكو سەركەوتنی راستەقینە لەكانگای نەخۆشی و ناخۆشی و نادادییەكانەوە گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە خاڵێكی پڕشنگداری تەمەنت و مایەی شانازی خۆت و كەسانی تریش.
بەهەدەرنەدانی دەرفەتەكان بۆ مرۆڤ گرنگ و پڕ بایەخن، بەڵام كاتێك دەرفەتەكان خۆیان هەبن مەزنی مرۆڤەكانن، مرۆڤی بەتوانا خۆی دەرفەتی گەورە دروست دەكات، بە جۆرێك هەتا ژمارەی دەرفەتەکان ناسەلمێنێ زیاتر بن ئەوا دەیسەلمێنێت كە تۆ كێیت و لە چی ئاستێكی ژیان و سەركەوتن دایت، لەوەش گرنگتر هەتا دەرفەتەکان بەدەست هێنانیان قورستر و سەختتر بێت، ئەوا توانا و هێزی زیاتری تۆ دەسەلمێنێت، چ توانای جەستەیی و توانای بیركردنەوە و ئاستی ژیریی و كەسایەتیت.
مەزنەكان ئەوانەن كە لەهەر چركەساتێكی تەمەندا هەلێك دەدۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی دەرفەتەكان و هەمیشە لەناوجەرگەی سەختی و نەخۆشی و ناخۆشییەكان دا دەلاقەیەك بەرەو سەركەوتن دەكەنەوە.