لە رۆژئاڤاوە

جەنگ بەردەوامە و ئاشتیی غائیبە لە سوریا

09:46 - 2023-11-27
فەتحوڵڵا حوسێنی
129 خوێندراوەتەوە

هەرچەند جەنگ لە سوریا و هەندێك وڵاتانی ناوچەكە بەشێكی زۆری رووپەڕی رۆژنامەکانی جیهانی داگیركردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێشخەرییەك نییە لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە بۆ گەیشتن بە نەخشەڕێیەك بۆ راگرتنی ئەم جەنگە، هەوڵیش نییە بۆ ئاگربەستی درێژ خایەن لەو وڵاتانە و بە تایبەتی لە سوریا، كە ئێستا رووبەڕووی بارودۆخێكی خراپ بۆتەوە کە بێگومان كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتە،  دوای ئەوەی دادگاكانی فەرەنسا بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەركرد.
 لەلایەكی تریشەوە مۆسكۆ كە هاوپەیمانی دیمەشقە، ئاستی گرنگیدانی بە سوریا كەم كردۆتەوە و گرنگی بە جەنگی خۆی لەگەڵ ئۆكرانیا دەدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوامە لە هەڕەشە و بۆردومانی بنكە ئەمریكییەكان لە سوریا، هەڕەشەكانی توركیاش بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەردەوامی هەیە، هەموو ئەم حاڵەتانەش ئەو وڵاتە بەرەو جەنگ و ململانێی زیاتر دەبەن نەك ئاشتەوایی.
ئەمانە لەكاتێدان سەرجەم ئاگربەستە سیاسیی و مرۆیی و سەربازییەكانی پێشوو نەبوونە هۆی راگرتنی جەنگ و وێرانكاری لە سوریا و رێگرتن لە داڕمانی ئابوورییەكەی. 
هەنووکە درێژكردنەوەی جەنگ و ململانێ ئەگەری زیاتری هەیە لەو وڵاتە، بەهۆی نەبوونی رێكەوتنی ناوخۆیی و پشتبەستن بەرێكەوتنە دەرەكییەكان، كە زیاتر بۆ  بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەیە، نەك سوریا، ئەوەش بە واتای قووڵكردنەوەی قەیرانی سوریا و ئاوارەبوون و  كوشتاری زیاتر لە ریزەکانی گەلانی سوریا دێت.
هاووڵاتییەکی خەڵکی دەرعا دەڵێـت: «هەموو بەیانییەك كە بەخەبەر دێینەوە، سوپاسگوزارین كە هێشتا لە ژیانداین»، یەکێکی دیکە لە شاری سوێدا دەڵێت: «ماوەی 13 ساڵە، لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکەوە، مردن و تۆقین و وێرانی و بێ هیوایی باڵی بەسەرماندا كێشاوە». لای خۆیەوە هاووڵاتییەکی قامیشلۆییش دەڵێت: «بۆردومانە بەردەوامەكانی توركیا و هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ناوچەكانمان، وایكردووە بەردەوام لە ترس و تۆقان و مردنی رۆژانەدا بژین»، لەبەرامبەردا هاووڵاتییەکی دیمەشق دەڵێت: «هەموو شتێكمان لەم جەنگەدا لەدەستدا و هیچمان نەما، نە ماڵ و نە دەورازەیەك بۆ هەڵاتن و نە نانی رۆژانە». 
لەم دۆخەی سوریادا، دەبوو لایەنە سەرەكییەكان ململانێیان لەسەر یەك رێڕەو بكردایە، بۆ گەیشتن بە  چارەسەرێكی خێرا بۆ رزگاركردنی ئەوەی ماوە لە سوریا، ئەگەر بەو جۆرەش كارنەكرێت و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی كار بكرێت، كە بەرژەوەندییەكانیان لەوەدایە ململانێی و جەنگ بەردوام بێت، ئەوا هەموو ناوچەكە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی ئەم ناوچەیە و دەستگرتن بەسەر سامانەكەیدا، لە رێگەی درێژكردنەوەی قەیرانەكان و خۆشكردنی ململانێ نەتەوەیی و تایفییەکانەوە.
لای خۆیانەوە چاودێران پێیانوایە، قەیرانەكانی ناوچەكە بەگشتی بەشێكن لە ململانێیەكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆئەوەی ئەم ناوچەیە بكرێت بە چەقی قەیرانگەلێكی درێژخایەن، تا سامان و وزەی وڵاتانی ناوچەكە لەبن بێت، ئەمەش لەكاتێكدایە خەڵكی سوریا وەكو گەڵای پایز رۆژانە دەوەرن و لەناودەچن، بێ ئەوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ رزگاركردنیان.

و: گۆران

وتارەکانی نوسەر