خوێندنی ئەهلی یان حکومی؟

10:28 - 2023-11-28
رۆزا دڵشاد مەریوانی
253 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


ئەوەی هەرگیز بڕوام نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بیڵێم و هەمیشە دژی ئەو کەسانە قسەم کردووە و وەڵامم داونەتەوە کە وتوویانە ئەم وڵاتە داهاتووی بۆ خۆمان و منداڵەکانمانی تێدا نییە، یاخود واباشترە بەجێی بهێڵین، هەمیشە زۆر دەمارگیرانە وتوومە کێ بەدڵی نییە ئەم وڵاتە بەجێبهێڵێت، ئێمە پێی رازین و بە خوێنی شەهیدەکانمان ئەم ئازادییەمان بەدەستهێناوە و دەستبەرداری نابین، هەردەم وتومە هەموو بەجێیبهێڵن و کلیلەکەی بدەنەوە دەستمان، هەرگیز بەرگەی ئەوە ناگرم لە غەریبیدا بژیم و تا ماوم خۆم و نەوەکانم بە سەرڕەش بانگ بکەن، بەڵام ئەوەی پشتی دایک و باوک دەشکێنێت و لە پێناویدا هەموو شتێک دەکات، منداڵەکانێتی، تەنانەت پێش نیشتمانیش بە تایبەتی نیشتمانێک تێیدا وەک رۆژی رووناک لەبەرچاوت بێت داهاتووی منداڵەکانتی تێدا فەوتاوە.
خوێندنی ئەهلی
کاتێک سەرەی ئەوە هات منداڵی یەکەمم بخەمە بەر خوێندن لەو کاتەدا خوێندنگە ئەهلییە بەناو نێودەوڵەتییەکانمان هەڵبژارد لە سەردەمێکدا کێشەی مووچە و قەیران و بایکۆت نەبوو، هاوکات خوێندنگە حکومییەکانیش کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، هەروەها لەبەر نەبوونی ئەوەی کەسێک دوای دەوامە کورتەکەی خوێندنی حکومی ئاگای لە منداڵەکانم بێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی باشتر و ئەوەی بەسەر خۆماندا هات لە نەزانینی زمانێکی دیکە جگە لە کوردی و عەرەبی، ئەو هەڵبژاردەیەمان کرد، بەڵام ئەوەی وێنامان نەدەکرد ئەوەبوو رۆژێک بێت ئەو کەسانەی ئەو خوێندنگانەیان داناوە، وەک پارە منداڵەکانمان ببینن و بە هەموو شێوەیەک لەپێناوی پارەدا و دواکەوتنی قیستی خوێندنی منداڵەکانمان لەم دۆخە خراپەدا زۆر بێویژدانانە مامەڵە بکەن. 
کەس نییە ئاگاداری دۆخی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە نەبێت کە بەبێ ویستی خۆمان کەوتووینەتە رۆژێکی لەم جۆرەوە و بۆ منداڵەکانمان لە دەمی خۆمانی دەگرینەوە، کەچی دەبینین بەهیچ جۆرێک ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت و بە هەموو شێوەیەک لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو خوێندنگایانەوە جەنگی دەروونی و سووکایەتی بە خوێندکار و خێزانەکانیان دەکرێت، بەڵام کەوتووینەتە نێوان دوو بەرداشەوە، چونکە حاڵی خوێندنگە حکومییەکانیش دەبینین تا دێت خراپتر دەبێت، نازانین چیبکەین، کاتێک دەبینین هیچ کەسێک بیر لەوە ناکاتەوە چەند ساڵە خوێندن بەمجۆرە بەڕێوەدەچێت و تائێستا خوێندن نەکراوەتەوە، ئاخۆ دەبێت داهاتووی نەوەیەک و وڵاتەکەمان بەرەو کوێ بڕوات؟ 

قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان
لەگەڵ ئەوەی رۆژانە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان یەخەی پێگرتووین کەچی جەنگی دەروونی و سووکایەتیی خوێندنی ئەهلی خوێندنگەیەک کە نەک ئامادە نییە ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەرزێک بە منداڵەکەم بداتەوە، بەڵکو ئامادە نییە دەست بداتە تەلەفۆنەکە و هۆکارەکەیمان پێ بڵێت و دەبێت خۆمان بپرسین بۆ؟ نازانم ئەم لووتبەرزییە چییە؟ ئەگەر بەپێی ئەو بانگەشەیەی بۆ خۆیانی دەکەن کە باری دەروونیی منداڵیان لەلا گرنگە، دەبوو پێش ئەوەی بەو جۆرە منداڵەکە بشکێنن، بە تەلەفۆن ئاگاداری خێزانەکەی بکەنەوە لەبەر فڵانە هۆکار ئەنجامەکەی نادەینەوە، هەمیشەش کەسی بەویژدان تەنانەت لەو جۆرە شوێنانەدا هەیە و دوور لە سیستم و یاساکان، ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بە زارەکی بە خوێندکارەکەی دەڵێت کە بەراستی لەم رۆژە خراپەدا جێگەی دەستخۆشییە.
 هاوکات دوای ئەوەی چەند جارێک و لەم چەند ساڵەی قەیراندا رووداوی لەو جۆرە دووبارە بۆتەوە و جیاوازیی چینایەتی بە زەقی لەو خوێندنگایانەدا دەبینرێت، خوێندکاری تەمبەڵ لەبەر ئەوەی پارەی زۆر دەدەن دەهێڵرێنەوە، بەڵام منداڵەکانی من کە خەڵکی رەسەنی ئەم شارەن و بە خوێنی کەسانی وەک باپیریان ئەم ئازادییە بەدیهاتووە، لەبەرئەوەی دایک و باوکیان لە چینی ناوەڕاستی ئەم وڵاتەن، هەر رۆژەی بەجۆرێک سووکایەتیان پێ دەکرێت و منداڵەکانمان بەو جۆرە فێردەکرێن پارە و دەسەڵات هەموو شتێکە، ئەمانە وام لێدەکەن دەنگم بخەمە پاڵ دەنگی ئەوانەی داوای داخستنی ئەو خوێندنگە ئەهلییانە دەکەن، یان دەیانەوێت بچێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت، ئاخر چۆن روخساری کوڕەکەم و قسەکانیم لەبیربچێتەوە کە وتی: "دایە منیش نمرەکەم بەرزبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە رۆژی خۆیدا نەیاندامێ، کەس چەپڵەی بۆ لێنەدام".

وتارەکانی نوسەر