مەریوان مەسعود
(30)
كێشه‌ی هونه‌ری گۆرانی ئه‌وه‌یه، كه به‌رده‌وام بینه‌ر یان باشتره بڵێم وه‌رگر، ته‌ركیزی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده ده‌نگبێژه‌كه‌یه، كه‌متر ده‌چێت به‌لای تیپه میوزیكییه‌كه‌وه كه میوزیكی گۆرانییه‌كه ده‌ژه‌نێت و رۆح ده‌كات به به‌ر هونه‌ره‌كه و هونه‌رمه‌نده‌كه‌شدا!. بۆیه به‌رده‌وام مافی تیپه میوزیكییه‌كان یان كه‌سانی میوزیسیان ده‌خورێت، بۆ نموونه كه باسی نه‌مریی و گه‌وره‌یی هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌كه‌ین، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، كه‌س باسی ئه‌وه ناكات چ تیپێك و چ میوزیكسیانێك هونه‌ره‌كه‌ی زیره‌ك-ی به‌م ئاسته به‌رزه گه‌یاندووه. بۆیه من به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌وه‌نده‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م بۆی بكرێت و زانیاریم ده‌ستبكه‌وێت له‌سه‌ر تیپه میوزیكییه (دێرین و نوێ)یه‌كان ده‌نووسم.
تیپی مۆسیقای هه‌ولێر، یه‌كێك له‌و تیپانه‌یه كه‌مترین زانیاری و باسی له‌سه‌ر هه‌یه له كتێب و سه‌رچاوه و ته‌نانه‌ت له تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێتیش، له كاتێكدا تیپێكی نه‌مر و ئاست به‌رزبووه و باسكردنی مێژووی گۆرانی و میوزیكی كوردی به بێ ئه‌م تیپه ناكامڵ ده‌بێت.
جوانترین سیفه‌تی ئه‌م تیپه، ئه‌وه‌بوو كه چ له میوزیسیانه‌كانی چ له گۆرانیبێژه‌كانی هی هه‌موو كوردستانی له خۆگرتبوو، واته له شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركوك به‌شداربوون له‌م تیپه له دامه‌زراندنییه‌وه تا به‌ره‌و لووتكه چوونی تیپه‌كه.
ئه‌م تیپه، كه له ساڵی 1970-1971 ده‌ستی به پێشكه‌شكردنی هونه‌ر كرد، سه‌ره‌تا مۆڵه‌تیان نه‌بوو ، تیپێكی بچووك بوو به‌ناوی تیپی مۆسیقای ده‌رسیم، دواتر بوو به‌تیپی مۆسیقای هه‌ولێر و مۆڵه‌تی بۆ وه‌رگیرا، له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندانی نه‌مر: جه‌مال هیدایه‌ت، ته‌حسین ته‌ها، واحید مه‌رجان، مسته‌فا ره‌ئووف، سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، سوڵتان عه‌بدوڵڵا.
سیفه‌تێكی تری ئه‌م تیپه ئه‌وه‌بوو كه ته‌نیا تایبه‌ت نه‌بوو به بواری میوزیك و گۆرانی، به‌ڵكو به‌شی شانۆ و شێوه‌كاریشی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش وایكردبوو وه‌كو فێرگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌یری بكرێت، به‌تایبه‌ت كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا و له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی ته‌له‌فزیۆن له دوای 1978ه‌وه توانیان 21 به‌رهه‌م تۆمار بكه‌ن و به‌مه‌ش گه‌یشتنه لووتكه.
ئه‌م تیپه ته‌نیا ناوه‌كه‌ی (هه‌ولێر) بوو، ئه‌گینا وه‌كو ئاماژه‌مان بۆ كرد تیپی هه‌موو كوردستان بوو، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه هه‌ره دیاره‌كانی تیپه‌كه كه ئێستاش له یاده‌وه‌رییماندا ماون، هی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه بوون كه خه‌ڵكی ده‌ره‌وه هه‌ولێر بوون، بۆ نموونه : حه‌مه جه‌زا ، قادر كابان، سامان كه‌ركوكی، ته‌حسین ته‌ها، تاهیر تۆفیق و ئیبراهیم سابیر و هی تریش.
به‌داخه‌وه، ئه‌م تیپه دێرینه‌ی كوردستان، نه‌یتوانی وه‌كو تیپی مۆسیقای سلێمانی بمێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌به‌ر زه‌بر و زه‌نگی به‌عسییه‌كان بوون به پێشمه‌رگه و به‌شێكیشیان چوون بۆ تاراوگه و به‌شێكیشیان هه‌ر وازیان له هونه‌ر هێناو دووركه‌وتنه‌وه ، به‌مه‌ش تیپه ئه‌سڵه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هه‌رچه‌نده له دوای راپه‌ڕینی 1991 هه‌وڵی دروستكردنه‌وه‌ی تیپه‌كه درا و به‌رهه‌میشیان به‌م ناوه پێشكه‌شكرد، به‌ڵام هه‌ر نه‌بۆوه به‌و تیپه كاریگه‌ره‌ی جاران.