ئه‌و پیاوه‌ی نه‌مبینییه‌وه، كتێبێكی جوانكیله‌یه نووسینی عومه‌ر حاجی-یه، به‌تیراژی «500» دانه له‌چاپخانه‌ی كارۆ چاپكراوه، له‌بنه‌ڕه‌تدا كتێبه‌كه 82 ده‌قی ئه‌ده‌بی كورتی جوانی پڕ له خه‌یاڵ و وێنه‌ی له‌خۆ گرتووه، له ناسنامه‌ی كتێبه‌كه‌دا ئه‌م كتێبه به چیرۆك هه‌ژمار كراوه، ئه‌گه‌رچی من رام وایه زیاتر به‌لای په‌خشاندا ده‌چن نه‌ك چیرۆك، چونكه زیاتر بنه‌ما په‌خشانییه‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت نه‌ك چیرۆك.
ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی په‌خشان بریتی بێت له‌وه‌ی كه (قسه و رسته‌یه‌كه، كه نه‌به‌سترابێ به كێش و سه‌رواوه )، یان (په‌خشان به‌و قسه و رسته‌یه ئه‌وترێ كه هۆش و هه‌ستی مرۆڤ پیشان بدا و بێ به‌ش بێ له كێش و سه‌روا )، ئه‌وا هه‌ریه‌ك له ده‌قه‌كانی ئه‌م كتێبه زۆر نزیكترن له ده‌قی په‌خشانی وه‌ك له‌وه‌ی ده‌قی چیرۆك بن.
« بڕیارمدا كه شیعرێك بۆ چاوه قه‌ترانیه‌كانی بنووسم، چه‌ند رۆژێك له به‌ڵێن و بڕیاره‌كه‌م دواكه‌وتم، بۆیه ئه‌ویش له‌هه‌ڵپه‌ڕكێی بۆنه‌یه‌كدا دوژمنانه په‌نجه‌كانی توند..توند گوشیم به‌مه‌به‌ستی شكاندن، شه‌و به‌ئازاری په‌نجه‌كانمه‌وه خه‌وتم، به‌یانی كه هه‌ستام، هه‌ر پێنج په‌نجه‌كه‌م گوڵی ئه‌ڤینیان گرتبوو»لا19
ره‌گه‌زه‌كانی په‌خشان بریتین له « بیر، سۆز، ئه‌ندێشه، وێنه «، ئه‌گه‌ر له‌و ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه وردبینه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین ره‌گه‌زه‌كانی په‌خشانی زیاتر به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت له چیرۆك، هه‌ست ده‌كه‌یت بیرێكی جوان له ناخی نووسه‌ره‌وه هه‌ڵقوڵاوه و بووه‌ته هه‌وێنی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ده‌قه.
چیرۆك ژانرێكی ئه‌ده‌بییه، یه‌كێكه له هونه‌ره‌كانی په‌خشان، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی رۆژنامه‌گه‌ریدا زیاتر گه‌شه‌ی به‌خۆوه بینیوه، رۆلان بارت ده‌ڵێت: ( نه له رابردوو نه ئێستا و نه له هیچ شوێنێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێ چیرۆك نییه)، ئه‌وه‌ی وایكردووه چیرۆك ببێته ژانرێكی به‌رده‌ست گێڕانه‌وه و خستنه سه‌ركاغه‌زێتی، گێڕانه‌وه‌ی ده‌ماوده‌م و چاپكردنی له‌دووتوێی كتێبدا به‌ره‌و ته‌شه‌نه‌كردنی بردووه.
چیرۆك خاوه‌نی چه‌ند ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كییه، له‌وانه: (كاره‌كته‌ر، رووداو، بابه‌ت، كات، شوێن)، كۆی ئه‌مانه پێكه‌وه پڕۆسه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێنن پێی ده‌وترێت گێڕانه‌وه، گێڕانه‌وه‌ش له‌سه‌ر سێ بنچینه بنیات ده‌نرێت كه ئه‌وانیش:( گێڕه‌ره‌وه كه رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، ده‌شێت نووسه‌ر خۆی ببێته گێڕه‌ره‌وه و ده‌شێت كاره‌كته‌رێكی چیرۆكه‌كه‌ی بكات به گێڕه‌ره‌وه). له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی ته‌واوه‌تی چیرۆكدا كورته‌چیرۆكیش به‌رهه‌م هات كه رۆژگار و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وتی ته‌كنه‌لۆژیا كردییه پێویستییه‌كی قۆناغه‌كه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ده‌قه‌كانی ناو كتێبی « ئه‌و پیاوه‌ی نه‌مبینییه‌وه « بخوێنینه‌وه ئه‌وا ده‌بینین هیچ یه‌كێكیان هه‌موو یان لانی كه‌م زۆربه‌ی ئه‌و ره‌گه‌ز و پێكهاته و مه‌رجانه‌ی تێدا نییه كه به‌چیرۆك هه‌ژماریان بكه‌ین:
(هه‌موو شه‌وێ خۆكوشتنێك له روحمدا ده‌ژیت، شه‌و له‌گه‌ڵ مه‌رگدا جێ‌ژوان بۆ سبه‌ی دیاری ده‌كه‌ین، كه‌چی « ئیره‌م» گوڵی حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌م، به «به‌یانی باش «ێك خه‌جاڵه‌تی مه‌رگم ده‌كات)لا34، ئه‌گه‌رچی له‌رووی داڕشتنه‌وه ده‌بوایه بینووسیبایه « هه‌موو شه‌وێك خۆكوشتنێك له روحمدا ده‌ژێت « به‌ڵام ئه‌وه بابه‌تی سه‌ره‌كی باسه‌كه‌مان نییه و لایه‌نی رێزمانی باس ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌م ده‌قه وه‌ك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و وه‌ك په‌خشانێك زۆر جوانه، چونكه هه‌م بنه‌ماكانی په‌خشانی وه‌ك « بیر، خه‌یاڵ، وێنه« ی تێدا جێگراوه‌ته‌وه.
(چه‌ند شێتانه خه‌ونی به‌گه‌وره‌بوونه‌وه ده‌بینی، چه‌ند كاڵفام بوو. نه‌یده‌زانی كه گه‌وره‌بوون هه‌ورێكی درۆینه‌و بارانی فێڵ ده‌بارێنێ و خیانه‌ت سه‌وز ده‌كات )لا40، له‌م ده‌قه‌دا داڕشتن په‌خشانێكی ساده، وێنه‌ی هونه‌ری ئاوێته به‌خه‌یاڵێكی زۆرجوان دوور له سۆز و به واقیع بینی ته‌واو خوێنه‌ر به‌ره‌ولای خۆی كه‌مه‌ندكێش ده‌كات.
( گه‌رمترین عیشق، جوانترین عیشق، پێش خه‌وی سه‌رسیسه‌مه، به له‌و خه‌وه عیشق گوڵێكی دره‌وشاوه‌ی بۆن خۆشه و هیچ ره‌شه‌با و پایزێك ناتوانێ په‌ڕه‌كانی بوه‌رێنێت، كه‌چی سیسه‌م بێ پایز، بێ ره‌شه‌با وشكی ده‌كات )لا67، ئه‌م ده‌قه په‌خشانێكی بابه‌تییه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان ده‌ربڕی هه‌ستی نووسه‌ره له‌باره‌ی عه‌شق و خۆشه‌ویستی پاك، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نایاب و پڕ له‌خه‌یاڵ باس له‌وه ده‌كات كه عه‌شق تا ئه‌و كاته پاك و بێ گه‌رده كه تێك ئاڵان و مه‌به‌ستی تایبه‌تی دێته ئاراوه.
له كۆتاییدا، مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه، ئه‌و نمونانه‌ی باسكران به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی پێمان وابێت كه ئه‌م كتێبه چه‌ند په‌خشانێكی جوانی له‌خۆ گرتووه نه‌ك چیرۆك، بنه‌ما و ره‌گه‌ز و پێوه‌ره په‌خشانیه‌كانیان زیاتر به‌سه‌ردا جێ به‌جێ ده‌بێت نه‌ك چیرۆك، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش كتێبه‌كه ده‌توانێت كه‌لێنێك له كتێبخانه‌ی كوردی له‌بواری په‌خشاندا پڕ بكاته‌وه و هه‌وڵێكه مایه‌ی ده‌ستخۆشییه.