فرمێسک رزگار
لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بەپێی پێویست، رۆڵ و مافی ژن لەبەرچاو نەگیراوە و بە پلە دوو هەژمار کراوە.
کۆمەڵگە سوودی لە توانا و بیرۆکەکانی ژن وەرنەگرتووە، بۆیە راستکردنەوەی ئەم هەموو هەڵە و کەموکوڕییە لە ئەقڵیەتی تاک، پێویستی بە حزبێک بوو تا گۆڕانکاری دروستبکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەرکەوت و بووە داینەمۆی بەرپاکردنی ئەم شۆڕشە دژی زوڵم و پەراوێزخستنی ژنان وەستایەوە، تاکە حزبی دیموکراتخواز و سیاسییە کە ژنی هاوشانی پیاو سەیر کردووە، ژنان هاوشانی باوک و برا و هاوسەرەکانیان لە خەباتی شاخ، چەک لەشان و لەناو ژیانی سەخت و برسێتیدا خەباتیان کردووە.
نموونەی زیندووش هێرۆ خان بووە کە رێچکەشکێن بوو، بەبێ گوێدانە هیچ سەختی و بارودۆخێکی نەگونجاو لە چیاکان لەگەڵ پێشمەرگەدا بووە.
لەخەباتی شاریش ژنان کاریان بۆ ئازادی و یەکسانی کردووە لە ریزی رێکخستنەکانی ئەو حزبەدا بەشداربون، لە سایەی بوونی یەکێتی بوو، ژن توانی خۆی رزگار بکات لەو هەموو ستەمە، تا لە چوارچێوەیەکی داخراودا نەمێنیتەوە .
سەرۆک مام جەلال گوێگرێکی باشی ژنان بوو، رۆلی ژنان و کچانی بەرز دەنرخاند، هانیدەدان و پلە و پۆستی پێدەدان و بە گرنگ لەناو کۆمەڵگەدا وەسفی دەکردن، راوێژی پێدەکردن، بڕوای تەواوی بە تواناکانی ژنان هەبوو.
لەدوای کۆچی مام، ئەم بیر و باوەڕە کاڵنەبۆتەوە، پێداگرییەکان لەسەر ماڤی ژنان و رۆڵی ژنان تۆختر بووە کە بەئاشکرا رەنگی دایەوە و سەرۆک بافڵ و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، لەسەر رێچکە و راسپاردەی مام جەلال هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ستەم و نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی.
هەموومان پشتیگریی لە داواکەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی دەکەین کە لە 25 ی نۆڤەمبەری2023 رایگەیاند: «هیچ پاساوێک نییە بۆتوندوتیژی، هەربۆیە وەرن با پێکەوە کۆتایی بە بیری توندوتیژی بێنینن لە کۆمەڵگەی کوردەواریمان، کەمبوونەوەی توندوتیژی لە نێو ماڵەکانمان بە مانای کەمبوونەوەی توندوتیژییە لە هەموو کۆمەڵگەدا، هونەرمەند، سیاسی وەرزشوان، پیاوی ئایینی، مامۆستا و هەموو چین و تۆێژەکان وەرەن با پێکەوە ئەم خەمە هەڵگرین و کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی نەهێشتنی بیری توندوتیژی با هەوڵبدەین لە رێگەی هونەریشەوە رووداوە راستەقینەکان بگێڕینەوە، کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم خەمەی کۆمەڵگە بکەینەوە بە چیرۆک و لە شانۆ و شاشەی سینەما و تیڤی و مۆبایلەکانمان ببینین تا کەمێک لە ئازاری ژن و کچەکانمان تێبگەین کە رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە تاکو لەئازاری ئەم دایک و باوکانە تێبگەین کە بەهۆی بیری توندوتیژییەوە کچێکیان لەژێر خاکە و کوڕێکیان لە زیندانە. وەرن با یەک بگرین تا بتوانین پێکەوە ئاشتی و ئاسایشی تاک و خێزان و کۆمەڵگە بپارێزین، با هیمەت بکەین لەپێناوی زیندووکردنەوەی کەلتوری راستەقینەی کوردەواریمان کە بێبەرییە لە توندوتیژی دژی ژنان».
بۆیه پێویستە هەموومان یەکبگرین بۆ پشتگیریی و بەرزکردنەوەی ئەو پەیامە پڕ مانایە، چونکە لەهەر شوێنیک ستەم هەبووبێ، جوامێرانە هەڵوێستی وەرگرتووە .
خۆشبختانە لەژێر چەتر و ساباتی ئەم حزبەدا، چەندین ژنی لێهاتوو شارەزا و بە ئەزموون و چاو نەترس دروستبوون و پێگەشتن لە هەموو ئاستەکانی پلەی باڵادا جێدەستیان دیارە تا ئەمرۆش .
ئەمەیە حزبی هەمووان لە پیر و گەنج و منداڵ، حزبی ئازادیی بیروڕای ئازاد کە توانی شەڕی یەکسانی ژن و پیاو بکات و ژن بگەڕێنێتەوە لووتکەی سەرکەوتن.
هەموان پێکەوە هەوڵبدەین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان