بەختیار بەکر*
دوای
هەڵوەشانەوەی حکومەتی هۆڵەندا لە هاوینی ئەمساڵدا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو
22/11/2023، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنەدا
حزبی ئازادیی هۆڵەندا، 37 کورسی لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا و بووە حزبی
یەکەم، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021دا، 17 کورسی بەدەستهێنابوو.
بە
پشت بەستن بەو ئەنجامە چاوەڕواننەکراوە، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی هۆڵەندا،
حزبی ئازادی (PVV) راسپارد بۆ سەرپەرشتیکردنی
گفتوگۆکانی داهاتوو بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. واچاوەڕوان دەکرێت
پێکهێنانی حکومەتی نوێ کارێکی ئاسان نەبێت، بەوپێیەی براوەکان جیاوازیی بیرکرنەوە
و بەرنامەی کارییان لەگەڵ حزبی ئازادیدا، زۆرە و سەرکەوتنی حزبە براوەکان و شکستی
ئەوانەی پاشەکشەیان کردووە، بەو ئەندازەیە چاوەڕوانکراو نەبوو. ئەنجامەکە قبووڵکرا،
بەڵام ئازارەکەی نەخێر، بەتایبەتی بۆ لیبڕالەکان کە پیشتر حکومڕان بوون.
دروستبوونی
گرێبەستی حکومڕانی پێکەوەیی، پێویستی بە کاتی زیاتر و ستراتیجی نوێیە. بۆ بەدەستهێنانی
زۆرینە، لایەنەکان پێویستیان لانیکەم بە 76 کورسییە. لەبەرئەوەی هیچ حزبێک بەتەنیا
ئەو ژمارە کورسییەی بەدەستنەهێناوە، هەموان پێویستیان بە پێکهێنانی هاوپەیمانییە بۆ
پێکهێنانی حکومەتی نوێ. بۆیە سەرەتا دەبێت حزبی ئازادی هەوڵبدات بەرەی راست و ناوەڕاست
کۆبکاتەوە و رازییان بکات. بۆیە واپێویست دەکات دانوستان بکات و بەشێك لە پەیام و
بەرنامەکانی پێش هەڵبژاردنەکە لەبیربکات و کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکات بۆ
داهاتوو ئەوە ئەگەر بیەوێت دەسەڵات بگرێتەدەست.
ئەوەی
جێگەی سەرنجە، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە هەمان شەودا،
خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی حزبی ئازادی لە پەیامێکدا رایگەیاند «چی دیکە حزبەکەمان نابێت
پشتگوێ بخرێت و داوا لە حزبەکانی دیکە دەکەم، پێکەوە کاربکەین و ئیتر ئێمە حوکمڕان
دەبین.» وتیشی دەخوازم سەرۆک وەزیرانی هەمووان
بم و جیاکاری ناکەم.
دەیەوێت
لەگەڵ چوار لایەن حکومەت پێکبهێنێت
ڤیڵدەرز
سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندی، (رۆناڵد پلاستێرک)ی وەکو سیاسییەکی بە ئەزموون و بێلایەن
یان دوورکەتۆوە لە سیاسەت، راسپێرادراوە، کە دواتر پەسندکراوە لەلایەن پەرلەمانی هۆڵەنداوە،
لێکۆڵینەوە بکات، ئایا دەکرێت چوار لایەن کۆبکرێنەوە بۆئەوەی سەرەتا قسە لەگەڵ یەکتر
بکەن بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو؟ لایەنەکانیش بریتین لە PVV، BBB، NSC و VVD. یان باشترە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بکرێتەوە بۆ حکومەتی
داهاتوو. ڤیڵدەرز جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم چوار لایەنەی سەرەوە باشترە و وا دەخوازێت
سەرەتا «بۆنی دەمی یەکتریی بکەن»، بەبێئەوەی دەستبەجێ باس لەوە بکەن کە کابینەیەکی
نوێ دەتوانێت چ فۆڕمێک وەربگرێت، کابینەی زۆرینە یان کەمینە.
سەرۆکی PVV راشیگەیاندووە کە «هەڵوێستێکی مەعقول» دەگرێتەبەر.
«ئامادەیی سازشکردنی هەیە، بەڵام دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت دەنگی PVV ببیسترێت.» ئەو چوار حزبەی کە ڤیڵدەرز باسیان
دەکات، بەیەکەوە زۆرینەن 88 کورسی پەرلەمانی نوێیان هەیە. لە کاردانەوەی سەرەتاییدا VVD رایگەیاندووە کە نایەوێت لە کابینەیەکەدا بن
لەگەڵ حزبەکەی ڤیڵدەرز، بەڵام لەناو پەرلەمان ئامادەیە پشتگیریی لە کابینەیەکی
راستی میانڕەو بکات بە سەرۆکایەتی حزبەکەی ڤیڵدەرز.
حزبی
ئازادی (PVV) حزبێکی پۆپۆلیستییە، هەڵوێستی
کۆنەپەرستانە و راستڕەویی و ‹چەپ›ی هەیە. کە لەلایەن خیرت ڤیڵدەرزەوە 22/2/2006 وەک
حزب تۆمارکراوە، دوای ئەوەی لە VVD جیابۆوە. بە ئەنتی ئیسلام و ناسیۆنالیست ناسراوە.
-
ڤیڵدەرز ساڵی 1963 لەدایکبووە.
-لە
تشرینی دووەمی 2006ەوە دامەزرێنەر و سەرۆکی حزبەکە بووە.
-لە
25/8/1988-ەوە ئەندامی پەرلەمان بووە بۆ ماوەیەکی کورت لە 2002دا دابڕاوە.
-سەرەتا
لەگەڵ حزبی VVD بوو، بەڵام لە 2/9/2004دا بووە
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ.
-لە
ساڵی 2023 بۆ جاری شەشەم بۆتەوە بە سەرۆکی حزبەکەی خۆی کە تیایدا تەنها خۆی ئەندامە
و ئەندامی تری نییە.
-ڤیڵدەرز
هیچ ئەزموونێکی دەوڵەتداریی نییە و هەرگیز پۆستی باڵای حکومی نەبووە.
هاوپەیمانیێتی
سەوزەکان و حزبی کار (سۆسیال دیموکراتەکان)
هەرچی
هاوپەیمانیی سەوزەکان و حزبی کارە (سۆسیال دیموکراتەکان) لە پلەی دووەمدا هاتوون بە
بەدەستهێنانی 25 کورسی. لە پلەی سێیەمدا حزبەکەی خاتوو دیلان یەزیلیگوزە (دیلان
باوکی کوردە و دایکی تورکێکی چەپ و دیموکراتخوازە)، کە حزبی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەو،
24 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021 دا، خاوەنی
34 کورسی بوو. حزبی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا، حزبی
حکومڕان و دەسەڵاتدار بوو، مارک رووتە پێش دیلان یەزیلیگوز سەرۆکی حزبەکە بوو، لەو
ماوەیەدا، هاوکات سەرۆک وەزیرانی هۆڵەنداش بوو. بەڵام لە تەممووزی ئەمساڵدا، لە
دوای ئەوەی کابینەکەی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچەران لە هۆڵەندا، چەند کێشەیەکی
تری بابەتی ناوخۆیی کابینەکە رێکنەکەوتن، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان
دا. مارک رووتە و کابینەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تا حکومەتی
نوێ دەستبەکاردەبێت.
ئاستی
بەشداریکردن و داتاکان بەشێوەیەکی گشتی:
لە
78 ٪ لەوانەی کە مافی دەنگدانییان هەبوو دەنگیانداوە و شتێک کەمترە لە جاری پێشوو.
ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، کە زیاتر لە 13 ملیۆن و 300 هەزار بووە و 100 دەنگدەر بوون. رێژەی دەنگدەران
لەناو گەنجاندا بەرزتر بووە بە بەرواورد بە هەڵبژاردنی پێشوو.
PVV
لە
(17) کورسییەوە بۆ (37).
GL/PvdA
لە
(17) کورسییەوە بۆ (25).
VVD
لە
(34) کورسییەوە بۆ (24).
NSC
لە
(0) کورسییەوە بۆ (20).
D66
لە
(24) کورسییەوە بۆ (9).
BBB
لە
(1) کورسییەوە بۆ (7).
CDA
لە
(15) کورسییەوە بۆ (5).
SP
لە
(9) کورسییەوە بۆ (5).
FvD
لە
(8) کورسییەوە بۆ (3).
PvdD
لە
(6) کورسییەوە بۆ (3).
CU
لە
(5) کورسییەوە بۆ (3).
SGP
لە
(3) کورسییەوە بۆ (3).
DENK
لە
(3) کورسییەوە بۆ (3).
VOLT
لە
(3) کورسییەوە بۆ (2).
JA21
لە
(3) کورسییەوە بۆ (1).
گۆڕانکارییەکان
و کاریگەرییەکان
بەوپێیەی
لێرە یاسا و رێساکان سەروەرن، هەروەها دەوڵەت دەمێکە بەدامەزراوە کراوە و کەلتوری
پێکەوەژیان بەگشتی و تاك بەدیاریکراوی تۆڵاڕانسە
و ئاستی یەکتر قبووڵکردن بەهێزە، باوەڕبوونیش بە دیموکراسی و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی
پاك، رێگرە لە ناسەقامگیریی. هەرچەندە بەرەی راستڕەو و ناسیۆنالیستەکان دەنگییان
دلێرترە و بیستراوتر دەبن لە داهاتوودا، بەڵام لە یاسا و دەستووری وڵاتەکە لانادەن.
پێش هەڵبژاردن، حکومەتی زۆرینە (پڕۆ ئەوروپایی) بوو، بەرەوپێشچوونی هۆڵەندایان لە
ئەوروپایەکی بەهێزدا دەبینی، بەڵام براوەکانی ئەم هەڵبژاردنە گفتییان بە دەنگدەران
داوە کە بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی هۆڵەندا پێش بەرژەوەندیی و پڕۆژە هاوبەشەکانی
ناو ئەوروپا بخەن. ئەمە گفتێکی هەڵبژاردنە و جێبەجێکردنی ئاسان نییە، چونکە ئابووری
و ئاسایشی هۆڵەندا وابەستەیە بە ئابووریی و ئاسایشی ئەروروپاوە. بۆیە ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر، رەنگە هەندێک گۆڕانکاری
رێژەیی بکەن، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ماوەیەك نائارامی دەرونی بەدوادا دێت
و دواتر دادەمرکێتەوە.
ئەگەرەکانی
کابینەی داهاتوو:
ئەگەری
یەکەم
کابینەی
زۆرینە (دڵخوازی حزبی ئازادییە)
- PVV حزبی ئازادی ئەنتی ئیسلام و ناسیۆنالیست)
- VVD حزبی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (لیبڕاڵ)
- NSC پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی (راستی ناوەند)
- BBB بزوتنەوەی جوتیاران و هاوڵاتیان (بۆ مافی
جوتیاران)
ئەگەری
دووەم
کابینەی
کەمینیە بە پشتیوانی VVD حزبی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی
(لیبڕاڵ) ، بەڵام لە دەرەوەی کابینەکە.
- PVV حزبی ئازادی ئەنتی ئیسلام و ناسیۆنالیست)
- NSC پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی (راستی ناوەند)
- BBB بزوتنەوەی جوتیاران و هاوڵاتیان (بۆ مافی
جوتیاران)
ئەگەری
سێیەم
کابینەی
زۆرینە بەبێ حزبی ئازادی (ئەرگەرێکی لاوازە و کەمترین قسەی لەبارەوە دەکرێت).
ئەگەری
چوارەم
-
رێکنەکەوتن و پەرتەوازەیی
دووبارە
هەڵبژاردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەر سندووقی دەنگدان.
بەشێك
لە چاودێران پێیانوایە نابێت هاوپەیمانی لەگەڵ حزبەی ڤیڵدەرز پێکبهێندرێت، لەبەرئەوەی
ڤیڵدەرز پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی هۆڵەندا لێدوان و گفتی سیاسی دەدات. بۆ نموونە،
کریس ئالبێرتس توێژەری پەیوەندییە سیاسییەکان دەڵێت (حزبی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی)
و (پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی) ناتوانن بەشداریی هاوپەیمانی ڤیڵدەرز بن ئەگەر بنەماکانی
پەیڕەو پڕۆگرامی خۆیان بە جددی وەربگرن. کاسلین فێرێر ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەسەر
لیستی کریستن دیموکراتەکان، پێیوایە کە حزبەکەی ڤیڵدەرز دەستوری نییە و نادیموکراتە
بەوپێیەی ئەندامی نییە و کۆنگرە و کۆبوونەوە ناکات. هەرچەندە بە جۆرێک ڤیڵدەرز بەشێك
لە بۆچوونەکانی راستن کاتێك باسی کێشەکان دەکات، بەڵام چارەسەرە و دەربڕینەکانی هەڵەن
و یاسایی نین». بە پێچەوانەوە هێڕۆ برینکمان پەرلەمانتاری پێشووی PVV، «دەڵێت پێموایە ئەگەری بەشداریکردنی لایەنەکانی
تر لە حکومەت زۆر بەهێزە و ناوبراو پێیوایە زۆرینەی بەرەی راست بە سەرۆکایەتی ڤیڵدەرز
بۆ وڵات و دیموکراسی زۆر باشە».
چۆن
حزبی ئازادی توانی سەربکەوێت
پاش
ئەوەی کابینەی مارك رووتەی چوارەم بەهۆی قەیرانی پەناخوازانەوە هەڵوەشایەوە. ئەوە
بووە گرنگترین تەوەری بانگەشەی هەڵبژاردن. کە PVV زیاتر خاوەندارێتی دەکات.
دەنگدەران PVV بەو تەوەرە دەبەستنەوە و یەکلاکەرەوەش
بوو بۆی. بەهۆی هەڵوێستەکانی سەبارەت بە کۆچ (قەیرانی پەناخوازان) و ئیسلامەوە. لە
مانیفێستی هەڵبژاردنەکاندا هاتووە: «هۆڵەندا بەهۆی بەردەوامیی تسونامی پەنابەری و
کۆچی بەکۆمەڵەوە تووشی تێکچوونی جددی بووە». ئەم دەستەواژە و دەربڕینە هەستیارانە
زوو وەرگیران لەلایەن دەنگدەرەوە. گرنگتر لەمەش دووڕۆژ بەرلە هەڵبژاردن ڤیڵدەرز لە
توندڕەوەوە بووە کەسێکی میانڕەو! نەرمتر
قسە دەکات. لەهەڵمەتەکەدا ڤیڵدەرز رایگەیاند، دەیەوێت ببێتە سەرۆک وەزیرانی هەموو
خەڵکی هۆڵەندا، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێوە هاتوویت و باوەڕت چییە›. هەروەها رایگەیاندووە
حزبەکەی ‹لە چوارچێوەی دەستووردا› کاردەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە دوا ساتەکاندا وایکرد
خەڵك وەکو حزبی حکومڕان بیبینن.
ئەوروپا
بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەنجامەکان دەکات
یەکەم
کەس کە پیرۆزبایی لە ڤیڵدەرز کرد، فیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا بوو، وتی
(بای گۆڕانکاری) لە ئەوروپا دەستی پێکرد. ئۆربان لە ئەوروپا بە سیاسییەکی نا دیموکرات
ناوبانگی دەرکردووە. کاردانەوەکانی باقی وڵاتانی ئەوروپا هێواش هێواش دەردەکەون. رۆژنامەکانی
ئەڵمانیا باس لە بای پۆپۆلیستی راستڕەو دەکەن کە ئەوروپای هەژاندوە و سەرکەوتنی ڤیلدەرز
بە خراپترین کابوس بۆ یەکێتی ئەوروپا ناودەبەن.
لە
ئەگەری دروستبوونی حکومەتی PVV و VVD و NSC و BBB، لە ڕوانگەی ئەوروپییەوە ئەمە بە مانای سیاسەتی توندی کۆچ و گفتوگۆیە
سەبارەت بە دووبارە ناساندنەوەی کۆنترۆڵی سنوورەکان و داخستنییان بەڕووی کۆچەراندا.
جگە لەوەش ئەم هاوپەیمانییە لە ڕووی داراییەوە توند دەبێت. پارەی کەمتر بۆ ئەوروپا
دابین دەکات. لە رووی کەشوهەواشەوە (وێستگەی کارەبای ئەتۆمی) کاری لەسەر دەکرێت و
(تۆرباینەکانی با) کەمتر دەبێتەوە. دەتوانین بڵێن تەواو پێچەوانەی سیاسەتی درێژخایەنی
ئەوروپا و گفتیان بە دەنگدەرانیان داوە.
*نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵەندا
لایەنێک لە هەڵبژاردنەکەی 22/11/2023 هۆڵەندا