لە رۆژئاڤاوە

سێ نەخشە بۆ سوریا

09:54 - 2023-12-04
فەتحوڵڵا حوسێنی
375 خوێندراوەتەوە

بارودۆخی ناوخۆیی ناوچەی دێرەزۆر رێكخرایەوە و هێزەكانی سوریای دیموكراتیش جارێكی تر بە هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردەوە، ئەوەش لەدوای دروستبوونی پشێویی ئەمنی لەو ناوچەیە و سكاڵای عەشیرەتە عەرەبەكان لەسەر ئەنجومەنی سەربازیی ناوچەكە هات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردومانی رۆژانەی پێگەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان و سوریای دیموكرات لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەربە رژێمی دیمەشقەوە ئەوە دەردەخات كە نییەتێك  هەیە بۆ دووبارە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچەیە. ئەوەش مایەی تووڕەیی و نیگەرانی ئەمریكاییەكانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزە كوردییەكان و هۆزە عەرەبەكان گەیشتن بە نەخشەڕێگەیەك بۆ هێمنكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچە هەستیارە سنوورییە.
بەپێی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەشێك لە بەرپرسانی پێنتاگۆن تووڕەن لە زیادبوونی هێرشەكان بۆ سەر هێزەكانیان لە دێرەزۆر، كە ئەوە واتای ئەوەش دەگەیەنێت، ئەو گروپە چەكدارانە هەوڵی تۆڵەكردنەوە دەدەن لە سوپای ئەمریكا و هێزەکانی هاوپەیمانەكانیان، رۆژنامەكە تیشكی خستۆتە سەر ئەوەی پڕۆژەی ئەمریكا لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بۆ سەقامگیریی ئارامی  ئاسایش و شەڕی دژبە تیرۆر دوای ئەو پێشهاتانە گەورەتر دەبێت و ئەمریكا مل بۆ گێچەڵەکان نادات و بەرپەرچی هێرشەكان دەداتەوە.
پێنتاگۆن چەند ئۆپشنێكی خستۆتە بەردەم سەرۆك جۆ بایدن، بۆئەوەی واز لە رێوشوێنی شكڵی بهێنێـت و رێوشوێنی توندتر بگرێتەبەر بۆ مامەڵەكردنی سەربازییانە لەگەڵ هەر هێزێك كە لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بۆردومانی سوپای ئەمریكا بكات، ئەمەش بە روونی دەركەوت دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە درۆنێكی توركیایان لەو ناوچەیە خستە خوارەوە و رێگریشیان لە چەند فڕۆكەیەکی جەنگیی روسیا كرد بێنە ئاسمانی ئەو ناوچانەی ژێر هەژموونی هێزەكانی ئەمریكاوە، ئەم رێوشوێنانەی ئەمریكاش دوای 61 هێرش دێت بۆ سەر سوپای ئەو وڵاتە لە سوریا.
لەبەر هەموو ئەوانە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا روونە و نادیار نییە، وەكو هەندێك وڵاتی ئیقلیمی بانگەشەی بۆ دەكەن، بوونی سوپای ئەمریكاش گرنگ و پێویستە لەو ناوچانە بەتایبەتی بۆ شەڕی دژبە داعش و  هەروەها بۆ هێنانەدیی سەقامگیری و ئاسایش لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا، كە بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیکەی سوریاوە ئاسایشی تێدا بەرقەرارە، ئەمە چ جای ئەوەی بوونی ئەو سوپایە بۆ رێگرتنە لە دووبارە دەستگرتنەوەی حكومەتی سوریا بەسەر كیڵگە نەوتییەكانی خۆرهەڵاتی ژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە كێڵگەكان وەكو کارتێکی گوشار بەكاردەهێنێت بەرامبەر رژێمی دیمەشق بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسیی لەگەڵ كورددا.
بارودۆخی خراپی ئێستای سوریا، پێویستی بە نەخشەڕێگەیەكی نوێیە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنی سیاسی، چونكە رێگەچارە نێودەوڵەتییەكان هیچیان پێ نەبوو، هەوڵێك بۆ ئاشتەوایی لەنێوان لایەنەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی سوریا، حكومەتی سوریا كە ناوچەیەكی فراوانی لەژێر دەستدایە، ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی كە لاوازە و رەنگە بەم نزیكانە لەگەڵ كورددا ئاشتەوایی بكات، ئەگەر سعودیە و ئیمارات گوشار بخەنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە ناوچەكانیان بە ناوچەیەكی زیندوو و دەوڵەمەند هەژماردەكرێت  و هەژموونی گەورەیان هەیە لەو وڵاتەدا لەسایەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، كاریش بۆ بنبڕكردنی تیرۆر دەكەن لە هەموو سوریادا.

و: گۆران

وتارەکانی نوسەر