رێكخراوی بەساڵاچوان لە سیستمی سۆشیال دیموكراتدا

10:01 - 2023-12-04
وتار
292 خوێندراوەتەوە

جەمیلە شێخ مەحمود 

ئەو مرۆڤانەی كە تەمەنی لاوییان بە كۆمەڵگە دەبەخشن، نەوەیەكی نوێ بۆ كۆمەڵگە دەخەنەوە و پەروەردەی دەكەن، كە دەگەنە تەمەنێك توانای بەخشینیان لاواز دەبێت، نابێت پەراوێز بخرێن، بەڵكو پێویستە بەهەند وەربگیرێت و بەشێوازێكی جیاواز بەشدارییان پێ بكرێت، چونكە ئەو كەسانە ئەگەر توانای جەستەییان لەئاستی پێویست نەبێت، ئەوا خاوەنی ئەزموونن بە دەیان هەوراز و نشێوی ژیاندا گوزەریان كردووە، دەشێت لەگەڵ كەسانی گەنج ئاوێتە بكرێن و سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت. لە كۆمەڵگەی ئەڵمانیدا كە رێژەی بەساڵاچوان كە لە تەمەنی 65 ساڵیدان گەیشتۆتە 20 % و ئەو رێژەیە لە هەڵكشاندایە بۆ 30 % تا ساڵی 2060 . هەربۆیە بەساڵاچووان بۆتە جێی گرنگی پێدانی حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا(SPD).

پیشە و رەگەز و تەمەن   
شێوازی داڕشتنی هەیكەلی رێكخراوەیی لە حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا (SPD) لەسەر بنەمای پیشە و رەگەز و تەمەنە وەك، ژنان، فەرمانبەران، كرێكاران، خاوەن پیشەی سەربەخۆ، خاوەن پیشەی بچووك، گەنجان و لاوان و خوێندكاران، بەساڵاچوان و ... هتد.  ئەوەی لێرەدا دەمەوێت تیشك بخەمەسەری رێكخراوی بەساڵاچووانە كە بە (AG 60 plus) ناسراوە، واتە (گروپی كاری 60 بەرەوژوور). 
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو رێكخراوە هەموو كەسانی بەساڵاچووی ناو حزبی(SPD) لەخۆ دەگرێت، ئامانج لێی نوێنەرایەتیكردنی بەرژەوەندییەكانی كەسانی بەساڵاچووە لە ناوەو دەرەوەی حزبی(SPD) ، بەرەوپێشبردنی كەسانی بەساڵاچوو، هەروەها راكێشانی كەسانی ترە بۆ ناو بەرنامە سیاسییەكەی حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا لە بەرژەوەندی كرانەوە بە رووی جیهانی دەرەوەدا، هەروەها ئەم رێكخراوە بە پێویستی دەزانێت هاوكار بێت لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراو و دەستپێشخەری بۆ كەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی كار لەگەڵ بەساڵاچوان دەكەن.
هەموو ئەندامەكانی(SPD) كە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی سەربەگروپی كاركردنی(PLUS SPD60)ن، كە دەكاتە نزیكەی 250 هەزار ئەندام. ئەوانەش كە ئەندامی فەرمی نین و كەسانی ناحزبی و ئەوانەی لەگەڵ بەساڵاچووان كاردەكەن، كە هێشتا تەمەنیان نەگەیشتۆتە 60 ساڵ بانگهێشت دەكرێن بۆ بەشداری كردن لە(PLUS SPD60) ئەم رێكخراوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ كاردەكات، پێكهاتەی رێكخراوەیی خۆی هەیەو هاوشێوەی پێكهاتەی (SPD) و بڕیاری خۆی دەدات.

هەر دوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێ
لەهەموو ئاستەكانی حزبی(SPD) دا گروپی (AG 60 plus) هەیە لە كۆمەڵەی ناوخۆیی، ناوچەیی و قەزا و شار و لەسەر ئاستی هەرێمەكاندا و لە كۆتاییدا لەسەر ئاستی ئەڵمانیای فیدراڵی(AG 60 plus) مافی ئەوەی هەیە لە ئاستی خۆیاندا پێشنیاز و گفتوگۆكردن بۆ كۆنگرەی حزبەكە بكەن، بێگومان پێشنیازی كاندید بۆ هەڵبژاردنیش پێشكەش دەكەن. بڕیاری هەڵبژاردن بۆ سەر ئاستی هەموو وڵاتی ئەڵمانیا ئەم رێكخراوە لە كۆنگرەی فیدراڵیدا دەدرێت كە هەردوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، واتە لەسەر ئاستی هەر 16 هەرێمەكەی ئەڵمانیا.
ئەو نوێنەرانەی كە لە لایەن قەزا و شار و شارۆچكە و سەرجەم هەرێمەكانەوە هەڵدەبژێردرێن و ئەندامانی دەستەی جێبەجێكاری فیدراڵی (AG 60 plus) كە لەلایەن كۆنفرانسی فیدراڵییەوە هەڵدەبژێردرێن مافی دەنگدانیان هەیە. سەرۆكی رێكخراو لەسەر ئاستی ئەڵمانیا، دوو جێگر، شەش چاودێر دەستنیشان بكەن. ئەو لیژنە 9 كەسییە سەركردایەتی ئەو رێكخراوە دەكەن و بڕیارەكانی كۆنفرانس جێبەجێ دەكەن.
ئەو رێكخراوە گروپی كاری (AG 60 plus) لە حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا، ئەو شوێنەیە كە ئامانجەكانی بۆ كەسانی بەساڵاچووە، كە لە پەیام و بەرنامەكانی(SPD) دا بیریان لێ دەكرێتەوەو پێشوەختە داڕێژراون، ئەمەش بەو مانایە دێت كە بەرنامەی ئەو رێكخراوە هەمیشەو لە هەموو بەشەكانیدا هاوشێوەی ئەوەی(SPD) دەیەوێت نییە، بە واتایەكی تر ئەو رێكخراوە لە پەیام و بەرنامەكانیدا زۆر جار هەنگاوێك لە پێش (SPD) دایە و بەشێك لەمانە خۆی لە بەرنامەو كاری رۆژانەی حزبدا دەدۆزێتەوە. ئەو رێكخراوە نوێنەرایەتی ئەو پەیام و بەرنامانەی بەساڵاچووان لە ناو حزبدا دەكات و دەیانخزێنێتە ناو بەرنامەی حزبەوە.
وەك دەزانین بەرنامەی حزبی سۆشیال دیموكرات بەرنامەی خزمەتكردنی چین و توێژە مامناوەند و هەژارەكانە، بەساڵاچوانیش ئەو توێژەن كە ناكرێت پەراوێز بخرین و پێویستە كۆتاییەكانی ژیانیان بە ئاسوودەیی و تەندروستییەكی باشەوە بەرێبكەن و پێداویستییە ئابووریی و تەندروستی و كۆمەڵایەتییەكانیان بۆ دابین بكرێت لە كاتێكدا لە تەمەنی لاوییاندا خزمەتیان بە كۆمەڵگە كردووە. ئەڵمانیش كە رێژەیەكی بەرز لە كەسانی بەساڵاچوو بەشدارە لە پێكهاتەی كۆمەڵگەكەیاندا توانیویانە لە چوارچێوەی رێكخراوی تایبەت بە خۆیاندا كۆبكرێنەوە و ماف و داواكارییەكانیان لە رێی حزبەوە بگەیەننە حكومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

دەبێ یەكێتی رێكخراوێکی  لەوجۆرە دابمەزرێنێ
لێرەدا دەپرسین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە حزبێكی سۆشیال دیموكراتە و بە هەزاران دۆست و كادر و ئەندام و پێشمەرگە و سەركردەی سەروو تەمەن 60 ساڵی هەیە، كاتی ئەوە نەهاتووە رێكخراوێكی لەو شێوازە دروست بكات. لەو رێیەوە داكۆكی لە مافی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی كەسانی سەروو 60 ساڵ لەناو یەكێتی و لە دەرەوەی یەكێتی بكات و بە سەدان هەزار كەسانی خانەنشین و بەساڵاچوان لە دەرەوەی یەكێتیش لەخۆی كۆبكاتەوە؟

وتارەکانی نوسەر