یاقووتی لە دەستچوو دەکەمە هێما بۆ مەرگی عائیشە عەبدولواحیدی دایکم، دایکێک لە کوڕ و برا درێغی لە بەخشش لەڕێی کوردستاندا نەکرد، چیرۆکی حەزینی عایشەکەمان، پڕە لە داستان و خەم و ناسۆر و شانازی، نەوە دوای نەوە لە سەرمانە بۆ یەکتری بگێڕینەوە مادام لەنگی و شەرم و شورەیی تیادا نییە.
چیرۆکی دایکم بۆ ئێمە یەکجار پڕ لە پەند و شایان بە وانە لێوەرگرتنە، ئەوە لە شاری کۆیەوە زیاتر نما دەکات کە هەر شارەکە بۆ خۆی قوتابخانەی جوامێری و سەربەرزی و رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ستەم و زۆرداری، بۆ ژنانیش ژینگەیەک بوو کەوا سەرەڕای کۆسپەکان، هێشتا زەمینەی ئەوەی دەڕەخساند ژن و کچی ئازا و ئازادی تیادا هەڵبکەوێ، ماڵی ئێمە یەک لەو ماڵە ئازادانە بوو، بە دەستگیرۆیی عوسمان ئەفەندی باوکم و عائیشە خانمی دایکم پەروەردەیەکی مەدەنیانەیان کردین.
عائیشە خانمی دایکم، لە زۆر رووەوە ئازادی بۆ فەراهەم دەکردین، ئەو پشتیوانی کاری ئێمە بوو، بەتایبەتتر بۆ (من و نازەنین و کەژاڵ) کە بخوێنین و ببینە خاوەن بڕوانامەی دڵخوازی خۆمان، بۆ ئەوە بە تەواوی پشتیوانمان بوو، هەروەها تێیگەیاندین لەوەی ئازادی چییە و چۆن بەکاریبهێنین، فێری کردین زیادەڕەوی لە پراکتیک کردنی هەر چەمکێکی پەیوەست بە ژیانمان زیانی زۆری دەبێت، بەڵکو هەموو شتێک یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و نابێت دەرفەتی خراپ بەکارهێنانی بقۆزینەوە.
لە بابەتی یەکسانی جێندەریدا، هەرگیز فەزڵی کوڕەکانی بەسەر کچەکاندا نەدا، بە مەودای دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، مافی هەموومانی دەپاراست و پشتیوانی راستڕەوانەی دەکردین، هەرگیز نەمبینیوە بە ناڕەوا پشتیوانی کار و بۆچوونێکی ئێمە یان خەڵکی دیکەی کردبێت، قسە لەڕوو و حەقبێژ و بێ پێچ و پەنا بوو، ئەوە هەندێکجار خەڵکانێکی لێ زویر دەکرد، بەڵام ئەو هەر لەسەر رێڕەوی ژیانی خۆی بەردەوام بوو، تا مردیش هەروا مایەوە.
لە بواری خەباتی کوردایەتیدا تەواو هەستی بە ستەمی بەعس کردبوو، ژنێکی چەپی نیشتماپەروەری سەر راست بوو، شارەزابوو بەوەی خەبات بۆ رزگاری کوردستان و نەمانی جیاوازی چینایەتی پێویستە، بۆیە شانازی بە بەشداری هەموومانەوە دەکرد، نە دەترسا لە دوژمن و نە دەوەستا لە رووبەڕووبوونەوەی، کە ئازادی کوڕی و جەعفەر عەبدولواحیدی برای شەهیدبوون، راستە خەم و ناسۆری زۆری چەشت، بەڵام لە رەوایی خەبات گومانی نەکرد و سوور بوو لەسەر ئەوەی کاروانەکە هەر دەگاتەجێ.
عائیشە خانمی دایکم، بۆ منداڵ و خێزان و دەوروبەر و هاوڕێکانی، نموونەی ژنێکی ئازا بوو، دەستکراوە لە یارمەتیدانی دۆست و دراوسێ و هاوڕێکانی، سفرە پڕ و خۆشخوان و دڵفراوان بوو، حەزی دەکرد هەموو کەس و خێزانێک بەختەوەر و ئازادبن، نەمبینیوە ئیرەیی بە کەس بردبێت، بەڵکو هەموو دەم هیوای وابوو خەڵکی لە خۆی ژیانیان باشتربێت.
لێرەوە بە وێستگەکانی ژیانیدا دەچمەوە، هەستدەکەم بە مردنی یاقووتێکمان لە دەستچوو، مەگەر لەمەودوا تەنها لەگەڵ یادەوەری و سیفەتە جوانەکانیدا بژین، ئەوەش بۆ ئێمە سەرمایەی لەبن نەهاتووە، رۆحی شادبێت.