یەکبێژ

کەس بەزۆر نابەسترێتەوە بە حزبەوە

11:10 - 2023-12-07
هیوا محەمەد
741 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تا ئەمڕۆش، دۆخەکە بە ئارامی دەڕوات و هیچ لێکەوتەیەکی توندی لێنەبۆتەوە کە بووبێتە هۆکاری تێکدانی رەوشەکە یان دروستکردنی ناسەقامگیریی بۆ خەڵک، لەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا رووی دەدا و تەنانەت خەڵکیشی تێدا دەبووە قوربانی.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر راگرتنی هێرشی راگەیاندن، بەتایبەتی لەو جێیانەی کە بانگەشەی تێدا دەکرێت.
هەمیشە ئەوەم وتووە، درک بەوە دەکەم و دانیشی پیادا دەنێم کە رەوتی سیاسی لە هەرێم سەربەخۆ نییە، ئاڕاستەی بەڕێوەچوونی کارەکانی حکومەتیش هەروایە، ئەوە لەبەرچاو دەگرم کە هەژموونی دەرەکی هەیە و هیچ حزبێک ناتوانێت بێ حسابکردن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی هەنگاو بنێت، مەگەر ئەو حزبانەی لە حکومڕانیدا بەشدار نین، یان پێگەی فراوانیان نییە.
رەنگە هۆکاری دروستنەبوونی یەک لیستییش لە کەرکوک و شارەکانی دیکە، دیسان خواستی دەرەکی لەسەر بووبێت و نەتوانرا بێت لێی دەربچن، بەڵام هێشتا کەشە ئارامییەکە بە کردارێکی باش دەبینم و هیوادارم هەروا بڕوات تا دوای هەڵبژاردن و لەوێشەوە ئەگەر بە نهێنیش بێت هەر یەک دەنگ بین.
بەجێهێشتنی حزبێک و چوونە ناو حزبێکی ترەوە بە کۆمەڵ بێت یان بەتاک ئاساییە، بەتایبەتی لای ئێمە بۆتە نەریت و لەزۆر قۆناغدا کراوە، تەنانەت کە لە شاخیش بووین جاری واهەبووە دەیان کەس پێکەوە لەناو رژێمەوە گەڕاونەتەوە ناو شۆڕش و بە پێچەوانەشەوە، پێم وانییە ئەمە ببێتە هۆکاری قین لەیەک بوون، یان پەرچەکرداری لێبکەوێتەوە.
ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی هەبێت، ئەوا دەبێت ئەوەشمان بوێت کە کەس بەزۆر نابەسترێتەوە بە حزبەوە، کێ چۆنی ویست و تاکەی باوەڕی بە بەرنامەی حزبەکەی هەبوو، تێێدا دەمێنێتەوە، لە کوێشدا ویستی جێی بهێڵێت، ئەوا دەتوانێت.
ئەوانەی لەم حزبەوە بۆ ئەوی تر دەڕۆن، دوو بەشن، یەکێکیان بۆ بەرژەوەندیی و پۆست و پلە دەیکەن، ئەمەش لەکاتی ئاسایی و بەڕێوەچوونی ژیانی سیاسیدا دەبێت، ئەوی دیکەیان لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە دێت و لەکاتە سەختەکاندا بۆ دروستکردنی یەکسەنگەر و یەکڕیزیی، زۆرێک لە کادرەکان کە هەست دەکەن حزبەکەیان بە پێی ویستی ئەوان نییە، ئەوا جێی دەهێڵن.
ئەوەی بەراستی حزبایەتی دەکات، دەبێت بۆ خزمەتی خەڵکی بکات، واتا دەبێت حزبت بوێت تا ئەو کاتەی لەسەنگەری خەڵکدا بێت، باوی ئەوە نەماوە جارێکی تر بۆ دژایەتی یەکتر دوژمنەکانمان بەکاربهێنین، دەبێت لەو مێژووە تاڵە وانەیەکمان وەرگرتبێت، تا ئەو ساتە حزبەکەمان خۆش بوێت کە لەناو جەماوەردا دەیبینین و پێچەوانەی ئەوە بکەین، کارێکی دروست نییە.
رەنگە ئەم گواستنەوەی خەباتەش کە لەم ماوەی بانگەشەیەدا دەیبینین، جۆرێک بێت لەو بیروڕایە. 
کورد بەگشتی لە کەرکوک پێی وایە تەنها لایەنێک کە لە ریزەکانیدا پێشڕەویی دەکات لە شاخەوە تا رزگاربوون، یەکێتییە کە زۆرترین قوربانییشی لەم ناوچەیەدا داوە، غەیرە کوردەکەش هەر حساب بۆ ئەوان دەکەن، چونکە سیاسەتی یەکێتی مامناوەندییە و دوورە لە رەگەزپەرستی و رەتکردنەوەی پێکهاتەکانی تر و دروشمی پێکەوە ژیانی بۆ هەموان دەوێت. 


وتارەکانی نوسەر