قسەکردن لەسەر کەرکوک، لەسەر جادەی تەخت و لەسەردەمی دیموکراسیدا و لە نێو هۆڵی گەرموگوڕ یان فێنکدا، یان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەتایبەتیش لەلایەن گروپێک یان رێکخراوێک کە لەسەردەمی خەباتی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا فرسەتی بۆ هەڵکەوتووە و دامەزراوە، کارێکی ئاسانە و هەموو کەسێک دەتوانێ بیڵێ و بیکات، بەڵام هونەر و ئازایەتی و کوردایەتی و بوێری لەوەدابوو کە لەسەردەمی رژێمی بەعس و حوکمی سەدامی دیکتاتۆردا قسە لەسەر کەرکوک بکەیت و خۆت و نەتەوەکەت بە خاوەنی بزانیت، داکۆکیکردن لە کەرکوک و ناوهێنان و سووربون لەسەر کوردستانیبوونی و دانانی بە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد، لە سەرۆک مام جەلال دێ، کاتێک لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی دەیان هەزار کەسیدا لە شاری هەولێر وتی: کلیلی چارەسەری مەسەلەی کورد، کەرکوکە و هەر کەرکوک و هەر کەرکوکە.
ئەو وتنە ئێستا نەبوو، بەڵکو ئەو کاتە بوو کە سەدامی دکتاتۆر هێشتا لە بەغدا بوو، هێزەکانی رژێم 40 بۆ 50 کیلۆمەتر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکەوە دووربوون.
راستە کەرکوک موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە، بەڵام قسەکردن لەسەر مافی خاوەندارێتی کەرکوک، لەوانە نایەت کە بۆ بازرگانی سیاسەتیان کردووە بە پیشە و بەناوی داکۆکیکردن لە کەرکوک و مافی خەڵک، بازرگانی دەکەن، باسکردن لە خاوەندارێتی کەرکوک بەر لە هەموو کەسێک لە خەڵکە کوردەکەی و خەڵکە رەسەنەکەی تری دێت.
باسکردنی کەرکوک و خۆ بە خاوەن زانینی، لەو حزبە دێت کە بە گوشاری دەوڵەتێکی ئیقلیمی گفتوگۆکەی ساڵی 1984 ی لێتێکدرا، چونکە داوای کەرکوکی دەکرد، لەو حزبە دێت کە لە لووتکەی باڵادەستیی رژێمی بەعسدا، خاڵە شیهابەکەی دەچووە کەرکوک بۆ بەسەرکردنەوەی رێکخستنەکانی کۆمەڵە، لەو حزبە دێت کە کۆمیتەی ئاگری هەبوو لە چەقی کەرکوکدا، لەو حزبە دێت کە هەزاران شەهیدی نەمری وەکو ئازاد هەورامی و ئەنوەر زۆراب و ئەنوەر حەسەن و مامە ریشە و حەمە رەشی بەخشی، لەپێناوی کەرکوکێک کە سەرۆک مام جەلال بە قودسی کوردستان ناوی دەبرد.
مافی هەموو کەس و لایەنێکە داکۆکی لە کەرکوک بکات، بەڵام ئەوەی لێی دێت و لێی جوانە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە کەرکوک بە چەقی خەبات و تێکۆشانی خۆی دەزانێ.
هەربۆیە یەکێتی هەمیشە لە کەرکوکە و لەوێش دەبێ و بەدڵنیاییشەوە لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ١٤٢، سەردەخات و وەک هەمیشە خزمەتکاری ئەو شارە کوردستانییە دەبێت، بە هەموو پێکهاتە رەسەنەکانییەوە .