باکگراوند

پۆست و بێئاگابوون لە داخوازی

10:30 - 2023-12-10
جەمال ئارێز
312 خوێندراوەتەوە

(23)

 زۆربەمان لە پەیج و ئەکاونتی هاوڕێ راستەقینە و بەشدارە فەیسبووکییەکانمانەوە پۆست و کۆمێنتەکان دەبینین و پۆست و کۆمێنتی ئەوانەش دەبینین کە بەدەر لە ئێمە هاوڕێی ئەو هاوڕێیانەمانن، زۆربەیان پۆستی پێنج رۆژ لەمەوبەریان شتێکە و هی ئەمڕۆ و سبەی شتێکی دیکەیە، لە شوێنێکدا کوردستانیی عەیارە 24-ن و لە شوێنێکی تردا دژە کورد و کوردستانین، ئەوەش بۆخۆی جۆرێکە لە بێئاگایی لە بیروباوەڕ و پڕەنسیپ.
چەند جارێک پێشتر و لە بۆنەی جیاجیادا ئاماژەم بەوە داوە کە کورد و کوردستان شتێکە و حزب و بەرپرس شتێکی تر، واتە هیچ رەوای حەق نییە بێزاربوون لە گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردنی وڵات لە رووی سیاسی و کارگێڕییەوە، یەکسان بێت بەوەی سووکایەتی بە شەهید و پێشمەرگە و کورد و کوردستان بکرێت، بەڵێ تاسەر ئێسقان دوژمنی بەرپرسی گەندەڵ و تاڵانچیم و تۆش وابە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی شیعر و شانامە بە باڵای بەعس و سەدامدا هەڵبڵێیت.
زۆرجار کە پۆستی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینم، گوشاری خوێنم بەرز دەبێتەوە لەوەی کەسەکە لەدایکبووی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو یان سەرەتای دوو هەزارەکانە، وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی سەدام دادەنێت یان لە لاپەڕەی کۆنە بەعسییەکەوە شێری کردووە، گوایە لە سەردەمی سەدام دزیی و گەندەڵی نەبووە و فڵانی لەسەر هەڵەی پردێک لەسێدارە داوە! بەبێ ئەوەی خۆی لەو سەردەمەدا ژیابێت، یان زانیاریی لەسەر تاوانەکانی ئەو رژێمە هەبێت. 
ئەوەی لەوە زیاتر نیگەرانم دەکات، ئەو لایک و کۆمێنتانەیە کە لە کەسانێکەوە بۆ پۆستەکە دەکرێت کە هەندێکیان لە نەوەی شەستەکان و حەفتاکانن و ئاگایان لە وردەکارییەکانی ئەو سەردەمەش هەیە، بەڵام لە دژی گەندەڵیی دەسەڵاتی خۆماڵی بە شان و باهووی سەدامدا هەڵدەدەن.
هەرچەندە باکگراوندی دزی و گەندەڵیی لە عیراقدا لە رۆژگاری دەرکردنی جووەکان و داگیرکردنی ماڵ و موڵکیانەوە دەستپێدەکات و بە دزیی و تاڵانیی حەرەس قەومییەکانی بەعسی یەکەم و تاڵانکردنی گوندەکانی سنووری کەرکوک و گەرمەسێردا دەڕوات و لەوێوە بۆ  راگواستنی فەیلییەکان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانیاندا تێپەڕدەبێت تا دەگات بە ئەنفالی کوردستان و تاڵانکردنی مەڕ و ماڵاتی دێهاتەکان و لەوێشەوە بۆ داگیرکردنی کوێت و تاڵانکردنی لەلایەن (عەلی حەسەن مەجید و حسێن کامیل و عودەی و قوسەی)، بەڵام بەعسییەکان و هاوئاوازەکانیان هەموو ئەو قۆناغانە لەبیر دەکەن و تەنها لەدوای راپەڕینەوە دزی و تاڵانی حساب دەکەن کە بەڵێ ئەوەش قابیلی ریسواکردن و رەخنە لێگرتنە، بەڵام داهێنانی کەلتورەکە لە کوێوە هاتووە و برەوی پێدراوە، قابیلی ریسواکردنی زیاترە، بگرە هەندێک لە تاڵانی و دزیی راپەڕین و دوای رووخانی رژێم پەرچە کردارە بۆ ئەو باگراوند و رابردووە نەگریسەی بەعسییەکان و سەدامییەکان داهێنانیان تێداکرد.
ئێمە، هەموو ئەوانەی بە پاکی و بێگەردی خەباتمان کردووە بۆ رزگاریی کوردستان، هەرگیز ناڕەحەت نابین بە رەخنەگرتن لە دز و جەردە و گەندەڵی خۆماڵی، بەڵام ناکرێت ئەو رەخنە و ریسواکردنە بچێتە گیرفانی بەعسی و سەدامییەکانەوە.  

وتارەکانی نوسەر