کەرکوک شایانی خزمەتی زیاترە

10:26 - 2023-12-19
هەستیار مارف ئاغا
227 خوێندراوەتەوە

هەستیار مارف ئاغا



 کەرکوک و گەڕەکەکانی شۆڕجە و رەحیماوا و شۆراو و ئیمام قاسم و سەرجەم گەڕەکەکانی تر،  وەک ئەوەی بۆ زەماوەند بانگهێشت کرابن بەدەم داوای یەکێتییەوە دەچن.
کەرکوک و یەکێتی بەیەکەوە لەدایکبوون و بەیەکەوە گەورەبوون، هەمیشە بەیەکەوە دەچنەوە مەیدانی خەباتەوە و دڕ بە شەوەزەنگی تەعریب دەدەن.
یەکێتییەکان بە دروشمی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، نەک جارێک بەڵکو سەدان جار دەچنەوە کەرکوک، ئەم هەست و هەڵوێستەی یەکێتی و کەرکوکییەکان ترسیان خستۆتە دڵی داگیرکەرانەوە، ئەو داگیرکەرانەی چەندین ساڵە لە غیابی کوڕە بەور ئاساکانی یەکێتیدا، دێن و دەچن.
بەردەوامی خەباتی مەدەنی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی راستەوخۆ سەردانکردن و بینینی جەماوەری یەکێتی لە لایەن سەرۆک بافڵ و تیمەکەیەوە، ئەو راستییە دەردەخەن کە ئەندامانی یەکێتی هەمیشە پەرۆشی ئەم ناوچانانەن و باشترین خەڵکی یەکێتی لە کەرکوکدا هەیە و ئەم حزبە یادگاریی کەرکوکە و هەرگیزا و هەرگیز هەڤاڵ و خەڵکە تێکۆشەرەکەی لە کەرکوکدا لە بیرناکات.
بەشداریی کەرکوکییەکان و هەڵماڵینی قۆڵ و مشت و بازووی سەوزیان، دەرخەری ئەو راستیەن کە هێشتا گوڕوتینی راپەڕین و کوردایەتی و مەردایەتی لە کەرکوکدا هەرماوە و سات لەدوای سات بە پشکۆی خەباتی یەکێتی دەگەشێتەوە.
کەرکوک هەمیشە مەڵبەندی بەرخۆدان و شۆڕش و کوردایەتییە، لەم وێستگەیەوە بەرەنگاریی دەستپێدەکات و پەیامی نا بۆ تەعریب و داگیرکاری شار و  قۆرخکردنی خاکی کوردستان، ئاڕاستە دەکرێت و جوامێرەکانی یەکێتی رووبەڕووی دوژمنان و ناحەزان دەوەستنەوە .
سەرۆک مام جەلال وتی، من بۆیە دەڵێم کەرکوک قودسی کورستانە، تا هەموان تێبگەن کە کەرکوک قابیلی سازشکردن نییە و هەمیشە یەکەم داواکاری ئێمە بووە لەسەرجەم دانیشتن و دانوستانەکاندا.
یەکێتی خەمی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستانی بووە، پرسی کەرکوکیش، بەشێکی گەورەی خەباتی یەکێتی بۆ تەرخانکراوە، رۆڵەکانی کەرکوک و یەکێتی، گیانیان لەپێناوی کەرکوکدا  بەختکردووە و قوربانییان داوە.
سەرەڕای گرنگی و خۆشەویستی شاری کەرکوک، ئەم شارە هەمیشە لانکەی شۆڕش بووە و جوامێرەکانی شار لە خەبات دانەبڕاون و بە درێژایی مێژووی شۆڕشی نوێ، هەمیشە جێگە دەستیان دیاربووە و گیان فیدابوون.
ئەم جارەش کەرکوکییەکان بەڵێنیان داوە هەرگیز پشت نەکەنە حزبی شەهیدان و رۆحی شەهیدەکانیان ئاسوودە دەکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تێدەگات کەرکوک شایستەیە و هەرچی بۆ بکرێت شایانیەتی، بۆیە سەرۆک بافڵ بڕیاری داوە بارەگایەکی هەمیشەیی لە کەرکوک بێت و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ یادگارییەکەی سەرۆک مام جەلال - دا بمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر